خۆشۆردن لە کاتی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-15:12:00 - کۆدی بابەت: 4491
خۆشۆردن لە کاتی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

خۆشۆردن لەکاتی سووڕی مانگانەدا چۆنە؟

سووڕی مانگانە کاتێکی جیاوازە بۆ ژنان کە بوونی نیشانەی سەلامەتی ئەندامی مناڵدانیەتی، لەکاتی سووڕی مانگانەدا ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان شیدەبێتەوە و ئەم پاکبوونەوەیە بە نزیکەی لە سێ ڕۆژەوە دەست پێ دەکات تا حەوت ڕۆژ، لەم کاتەدا دیواری شیبووەوە وەک خوێن لە منداڵدانەوە بە دامێندا دێتە خوارەوە.

بیروباوەڕە ناڕاستەكان

لەم ماوەدا ملی منداڵدان کراوەیە و قسەو باسێ زۆر دەکرێت لەسەر خۆشۆردن لەم کاتەدا 
چەند باوەڕێکی ناڕاست هەیە بۆ زیانەکانی خۆشۆردن وەک:

١- دروستبوونی کیسی هێلکەدان

٢- تەمبەڵی هێلکەدان 

٣- هەوکردنی منداڵدان

٤- شێرپەنجەی منداڵدان

بۆچی دەڵێن چوونە گەرما و خۆشۆردن لەم کاتەدا هەڵەیە؟

لە سەردەمانی کۆندا لایەنی پاکوخاوێنی ئەوەندە بەرەوپێش نەبووە، کە لە هەموو ماڵەکاندا گەرماوێكی تایبەت هەبووبێت بۆیە ئافرەتان ناچار بوون کە بچن لە گەرماوی گشتی و لەوێ خۆیان بشۆن، لەو سەردەمەدا بەو ئافرەتانەی کە لە سووڕی مانگانەدا بوون وتراوە کە نەچنە گەرماو چونکە ئاوی گەرماوەكە وەک ڕووبارێک ڕۆشتووە و ئەگەری هەبووە کە خوێنی تێکەڵ ببێت، و لەم کاتەشدا کە پیس بێت کەسانی کە ناتوانن سوودی لێ وەربگرن.

لەلایەکی تریشەوە گەرماوەكانی زوو ژینگەیەکی پیس بووە و هۆکارێک بووە بۆ هەوکردن، بەڵام ئەو شتەی کە زانست سەلماندوویەتی ئەمەیە کە: 
چوونە گەرماوەوە هیچ پەیوەندیەکی نییە بە (ساردبوونەوەی منداڵدان، تەمبەڵی هێلکەدان، ئازار و خوێنبەربوون، کیس) ئەمانە تەنها قسەو باسە کە لەنێوان خەڵکدا کراوە.

ئایا ئافرەتان دەتوانن لەماوەی سووڕی مانگانەدا بچنە گەرماو؟

وەڵامی زانستی بۆ ئەم پرسیارە ئەرێنییە، ئافرەتان دەتوانن لەم ماوەیەشدا هەر وەک ڕۆژانی ئاسایی بچنە گەرماوەوە و خۆیان بشۆن، تەنانەت واباشترە کە لەم ماوەیەدا چوونە گەرماو و خۆشۆردنیان زیاد بکەن، خوێن شوێنێکی لەبارە بۆ گەشەکردنی چەندەها جۆی میکرۆب و یا هەوکردن هەر بۆیە بۆ ئەوەی کە ڕێگری بکەین لە هەوکردن پێویستە ئەم خوێنە زوو زوو بشۆردرێت و پاکبکرێتەوه، یەکێک لە شتە باشەکان لەماوەی سووڕی مانگانەدا بەردەوام خۆشۆردنە؟

سوودەکانی خۆشۆردن لەکاتی سووڕی مانگانەدا

١- لەم ماوەیەدا ئافرەتان تووشی گۆڕانکاری زۆر دەبن وەک (هەستکردن بە ماندوویەتی، خەمۆکی، ڕەفتاری ناشایستە، هەروەها گۆڕانکاری جەستەیی وەک، ئازار و تەشەنوجی هەموو ماسولکەکان و هتد ...)
خۆشۆردن دەتوانێت تا سنوورێک ئەم کێشانە چارەسەر بکات، لەکاتی خۆشۆردن دەتوانن سوود وەرگرن لە ئاوی گەرم وەک چارەسەرێک بۆ ئازارەکەتان و هەروەها دەروونێکی ئارامتریشتان دەبێت.

٢- بە خۆشۆردن دەتوانن ڕێگیری بکەن لە توشبوون بە هەوکردن، شۆردنی دامێن لەم ماوەیەدا زۆر گرنگە، ئێوە دەتوانن بەردەوام خۆتان بشۆن لەم ماوەیەدا  

تێبینی: لەم ماوەیەدا وا باشترە دانەنیشیت و خۆشۆردنت بە پێوە بێت 

خۆشۆردن لە کام ڕۆژیاندا باشترە؟

ئەگەر خۆشۆردن بەشێوەی چوونە ژێر دووشەوە بێت (ڕەشاش) ئەوا دەتوانن لە یەکەم ڕۆژی سووڕەکەوە تا کۆتا ڕۆژی هەموو ڕۆژێک خۆتان بشۆن

تێبینی: واباشترە کە خۆشۆردنەکەتان بە ئاوی شلەتێن بێت و خۆتان دوور بگرن لە ئاوی سارد چونکە دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان و ئازاری سک، هەروا لەسەر تەختە یاخود لەسەر زەوی حەمامەکە دامەنیشن 

ئایا خۆشۆردن خوێنبەربوون دەوەستێنێتەوە؟

نەخێر، هەر وەک دەزانین ڕۆژەکانی سووڕی مانگانە و ڕێژەی خوێنبەربوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، ئەگەری هەیە لەوکاتەی کە لەژێر ئاوەکەدا وەستاویت تووشی خوێنبەربوون ببیت یاخود دەشکرێت بەدرێژای خۆشکردنەکە خوێن بەربوونت نەبێت.
بەڵام هیچ کام لەمانە نیشانەی زۆر بوون یاخود تەواوبوونی سووڕی مانگانە نین و ئەوکاتەی کە خۆشۆردنەکەتان تەواو بوو خوێنبەربوون دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

چۆن خۆمان بشۆین؟

١- سانتی لاببە

٢- سەرەتا دامێنتان بشۆن و کە گرنگترین بەشی خۆشۆردنە لەماوەی سووڕی مانگانەدا 

٣- بە سابوون دامێنتان نەشۆن چونکە (PH)ـی دامێن تێکدەچێت و ئیتر ناتوانن کە ڕێگری بکەن لە هەوکردن

٤- چێژ وەربگرن لە خۆشۆردن و هەوڵبدەن ئارام ببنەوە و پشوو بدەن

٥- دوای تەواوبونی خۆشۆردنەکە دووبارە دامێنتان بشۆنەوە و دواتر جوان خۆتان وشکبکەنەوە و ئینجا سانتیەکی پاک و نوێ دابنێن


سەرچاوەکان



11323 بینین