یاریی ئونۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-15-01:16:00 - کۆدی بابەت: 4505
یاریی ئونۆ

ناوه‌ڕۆك

ئونۆ (UNO)

یاری ئونۆ (UNO) یارییەكە لە یارییە كارتییەكانی ئەمریكییەكان، كە یەكێكە لە بەناوبانگترین یارییەكانی جیهان، ناونانی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ زمانەكانی ئیسپانی و ئیتاڵی كە ئونۆ (UNO) بە واتای ژمارە یەك دێت لە هەردوو زمانەكەدا، شێوازی ئەم یارییە زۆر جیاوازە لە یارییە كارتییەكانی تر وەك: پۆكەر (Poker)، طەڕنیب (Tarneeb) و چەندین یاری تر، ئەم یارییە ماوەیەكی كەمە لە وڵاتە عەرەبییەكان بڵاوبۆتەوە و ئەو كەسانەی كە حەز بەم یارییە دەكەن دەتوانن بە بەكارهێنانی ئینتەرنێت ئەم یارییە لەگەڵ كەسانی دیكە لە سەرانسەری جیهان بكەن.

مێژووی یاری ئونۆ (UNO)

مێژووی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، مێڕڵ ڕۆبێنس (Merle Robbins) كە خاوەنی یەكێك لە دووكانەكانی سەرتاشین بوو لە ئۆهایۆ (Ohio) زۆری حەز بە یاری كارت هەبوو، لە ساڵی 1971 ڕۆبنز بیرۆكەی دروستكردنی یارییەكی نوێی كارتەكانی بۆ هات كە تا ئێستا كۆمەڵگای ئەمریكی نەیانبیستبوو، بەبۆنەی ئەو حەزەی كە هەیبوو بۆ یاریی كارتەكان توانی یارییەكی نوێ دروستبكات و كۆمەڵە یاسایەكی بۆ دابنێت، دواتر كە پیشانی خێزانەكەیدا هەموویان پێی سەرسامبوون و هەموو ئێوارەیەك پێكەوە دادەنیشتن و یاریان پێدەكرد.
لەو ناوچەیەی كە ڕۆبنز لێیدەژیا ئەم بیرۆكەی یارییە زۆر بڵاوبوویەوە و بڕیاریدا كە كارتی زیاتر دروستبكات و بیفرۆشێت، بۆیە ڕۆبنز توانی هەشت هەزار دۆلار كۆبكاتەوە بۆ دروستكردنی پێنج هەزار كارتی ئونۆ، كە سەرەتا ڕؤبنز كارتەكانی لە دووكانی سەرتاشینەكەیدا دەفرۆشت، ئەم یارییە تا دەبوو بەناوبانگتر دەبوو، تا وای لێهات یەكێك لە بازرگانەكان خاوەندارێتی یارییەكەی لە ڕۆبنز كڕییەوە بە بەرامبەر پێنج هەزار دۆلار، كە دواتر كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بۆ  بەرهەمهێنانی یاری ئونۆی دروستكرد، لە ساڵی 1992 ئەم كۆمپانیایە بوو بە بەشێكی سەرەكی لە كۆمپانیای ماتێڵ (Mattel) كە ئێستا كۆمپانیای فەرمی دروستكردنی كارتەكانی یاری ئونۆیە.

یاساكانی یاری ئونۆ (UNO)

یاری ئونۆ لە سەدو هەشت كارت پێكدێت كە ژمارەیان پێوەیە لە یەكەوە تا حەوت، هەروەها هەریەك لەم ژمارانەی چوار ڕەنگی هەیە كە بریتین لە: سوور، سەوز، زەرد، شین، هەروەها لەگەڵ هەندێك كارتی جیاوازدا كە داواكاری تایبەتی هەیە كە دەبێت یاریزانەكان ئەنجامی بدەن، ئەم یارییە پێویستی بە لانی كەم دوو یاریزان هەیە و نابێت لە نۆ یاریزان زیاتربێت، یاساكانی بریتین لە:

  • بەشێوەیەكی هەڕەمەكی یەكێك هەڵدەبژێردرێت بۆ دابەشكردنی كارتەكان، ئەمەش لەڕێگەی هەڵبژاردنی یەك كارت لەلایەن هەر یاریزانێكەوە، خاوەنی زۆرترین ژمارە دەبێتە دابەشكەری كارتەكان، هەروەها كارتە تایبەتەكان بە سفر هەژماردەكرێت.
  • دابەشكەری كارتەكان هەڵدەستێت بە دابەشكردنی كارتەكان بەپێی ژمارەی یاریزانەكان، تا ژمارەی یاریزانان زیاتر بێت ئەوا یارییەكە خۆشتر دەبێت، هەر یاریزانێك حەوت كارت وەردەگرێت، ئەو كارتانەی كە دەمێننەوە بە دەمدا لەسەر مێزەكە دادەنرێن.
  • یاریكردنی لەو كەسەوە دەست پێدەكات كە لەلای چەپی دابەشكەری كارتەكانەوەیە و بە پێچەوانەی ئاڕاستەی میلی كاتژمێرەوە یارییەكە دەڕوات، كە كارتێك دەكاتە سەرمێزەكە و پێویستە یاریزانی دوای خۆی كارتێكی دیكە لەسەر كارتەكە دابنێت بەڵام بەمەرجێك ئەو كارتەی كە دادەنرێت پێویستە لە هەمان ڕەنگبێت، گەر هەمان ڕەنگ نەبوو ئەوا پێویست دەكات هەمان ژمارەبێت، گەر یاریزانەكە هیچكام لەو كارتانەی پێنەبوو ئەو دەتوانێت یەك كارت لەو كۆمەڵە كارتەی كە دانرابوون ڕابكێشێت، گەر بەهەمانشێوە نە ڕەنگەكەی یەكسان بوو نە ژمارەكەی ئەوا ئەو كەسە تێدەپەڕێنرێت و یاریزانی دوای ئەو كارت دادەنێت.
  • كە یاریزان دەگاتە كارتی پێش كۆتایی دەبێت وشەی (ئونۆ) بڵێت، گەر لە بیری چوو و نەیوت ئەوا كە دیسانەوە سەرەی هاتەوە پێویستە كارتێكی تر ڕابكێشێت، هەروەها گەر كارتی كۆتایی پێبوو بەڵام نەیتوانی یاریبكات ئەوا دەتوانێت بڵێت پاس (Pass) كە بەبێ هەڵگرتنی كارت سەرەكەی دەڕوات و بەم شێوەیە براوە دەبێت تا یاریزانێكی تر كارتەكانی تەواو دەبێت.


سەرچاوەکان



1498 بینین