قوربانی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-18-03:40:00 - کۆدی بابەت: 4605
قوربانی

ناوه‌ڕۆك

باسی قوربانی - أضحیة

قوربانی ئەوەیە لە جەژنی قورباندا ئاژەڵێک بە نیازی خواپەرستی سەر ببڕێ و بیکاتە خێر قوربانیکردن سوننەتێکی زۆر گەورەیە بۆ پیاو و ئافرەتی باڵغ (عن عائشة -رضي الله عنها-: عن النبی ﷺ: ماعمل آدمي من عمل یوم النحر أحب إلی الله من إهراق الدم إنها لتأتی یوم القیامة بقرونها وأشعارها وأظلافها وإن الدم لیقع من الله بمکان قبل أن یقع علی الأرض) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی لە جەژنی قورباندا هیچ کردەوەیەکی ئادەمیزاد خۆشەویستتر نییە لەلای خودای گەورە لە کوشتنەوەی قوربانی بێگومان لە ڕۆژی قیامەت قوربانییەکە دێتە تەرازووی چاکەکانی بە قۆچەکانییەوە و بە مووەکانیەوە و بە سمەکانیەوە خوێنی قوربانی پێش ئەوەی بڕژێتە سەر زەوی لەلای خوا شوێنی خۆی ئەگرێ.

مەرجەکانی ئاژەڵی قوربانی

ئەو جۆرە ئاژەڵانەی دروستە بکرێنە قوربانی،

  1. مەڕی یەک ساڵە یان زیاتر.
  2. بزنی دوو ساڵە یان زیاتر.
  3. ووشتری پێنج ساڵە یان زیاتر.
  4. ڕەشە ووڵاغی دوو ساڵە یان زیاتر جا مانگا بێ یان گامێش بێ.

جگە لەو چوار جۆرانە هیچ ئاژەڵێکی تر بە قوربانی ناچێ، هەروەها ئەگەر تەمەنیشیان لە تەمەنی دیاریکراو کەمتر بێ، نابنە قوربانی دروستە بە حەوت کەسان یەک ووشتر بکەنە قوربانی هەروەها یەک ڕەشە ووڵاغیش دروستە حەوت کەس بیکەنە قوربانی (عن جابر -رضي الله عنه-: نحرنا مع النبی ﷺ بالحدیبیة البدنة عن سبعة البقرة عن سبعة) رواه مسلم، (جابر) فەرمووی لە (حودەیبییە) لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ ووشترمان بۆ حەوت کەسان سەربڕی و مانگاش بۆ حەوت کەسان بزن و مەڕ (هەر یەکە) بۆ یەک کەس بە قوربانی ئەچێ (عن عائشة -رضي الله عنها-: أن النبی ﷺ أتی بکبش أقرن ثم ضحی به) رواه مسلم، (عائشة) فەرمووی بەرانێکی شاخداریان بۆ پێغەمبەر ﷺ هێنا ئەویش کردییە قوربانی.

ئەو ئاژەڵانەی دروست نییە بکرێنە قوربانی

  1. ئەو ئاژەڵەی چاوێکی کوێر بێ بە ئاشکرایی.
  2. ئەو ئاژەڵەی بە ئاشکرایی بشەلێ.
  3. ئەو ئاژەڵەی بە ئاشکرایی نەخۆش بێ.
  4. ئەو ئاژەڵەی لەبەر لاوازی مێشکی نەمابێ.

کەواتە ئاژەڵی گێژیش نابێتە قوربانی (عن البراء -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: أربع لا تجوز فی الأضاحی: العوراء البین عورها، والمریضة البین مرضها، والعرجاء البین عرجها، والعجفاء التی لاتنقی) رواه أصحاب السنن، واتە دیارە ئەو ئاژەڵەی ئەکرێتە قوربانی قوربانی نابێ هیچ کەم و کوڕییەکی تریشی تێدا بێ کە ببێتە هۆی گۆشت کەمی کەوابوو ئاژەڵی ئاووس و ئاژەڵی گڕوو بە (خروشت) بە قوربانی ناچێ بەڵام لەلای چەند زانایەک دروستە ئاژەڵی ئاوس بکرێتە قوربانی بەو مەرجەی ئاوسیەکەی کاری لە گۆشتەکەی نەکردبێ ئاژەڵی خەسێندراو بە قوربانی ئەچێ، هەروەها ئەژڵی قۆچ شکاویش بە قوربانی ئەچێ، بەڵام ئەو ئاژەڵەی کە گوێی لێکراوەتەوە، دروست نییە بکرێتە قوربانی هەرچەند پارچەیەکی کەمیش بێ بەڵام ئیمامی (أبوحنیفة) فەرموویەت ئەگەر لە سێیەکی گوێی کەمتری لێکرابۆوە، دروستە بکرێتە قوربانی ئەگەر گوێی بچووک بوو یان قڵێشرابۆوە و هیچیشی لێنەکرابۆوە،  دروستە بکرێتە قوربانی.

هەروەها دروست نییە ئاژەڵی کلک بڕاو، یان دونگ بڕاو، یان گوان بڕاو بکرێتە قوربانی هەرچەند کەمیشی لێکرابێتەوە بەڵام ئەگەر زۆربەی ددانەکانی نەمابن و کەمترەکەیان مابن، ئەوە دروستە بکرێتە قوربانی.

کاتی کوشتنەوەی قوربانی دەست پێدەکات لە کاتی تەوابوونی نوێژی جەژنی قوربان، واتە لەو کاتەی ڕۆژ بە ئەندازەی ڕمێک بەرز ئەبێتەوە تا ڕۆژ ئاوا ئەبێ لە سێیەمین سێ ڕۆژەکەی دوای جەژنی قوربان، واتە چوار ڕۆژان ماوەی هەیە (عن جبیر بن مطعم -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: فی کل أیام التشریق ذبح) رواه ابن حبان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەرسێک ڕۆژەکانی دوای جەژن ڕۆژی سەربڕینن.

سوننەتەکانی کاتی سەربڕینی ئاژەڵ

  1. (بسم الله)ـی کردن.
  2. سەڵاوات لێدان لەسەر پێغەمبەر ﷺ.
  3. ئاژەڵەکە ڕوو لە قیبلە بکرێ.
  4. سێ جار بڵێ (الله أکبر).
  5. دوعا بکا و بڵێ خوایە لێم قبوڵ بکە.

دروست نیە ئەو کەسەی قوربانی ئەکا بە خۆی و منداڵەکانی بخۆن، هیچ شتێک لەو قوربانییەی کە لەسەر خۆی نەزری کردووە، واتە گۆتبێتی لەسەرم نەزر بێ قوربانی بکەم یان گۆتبێتی لەسەر بێ ئەم ئاژەڵە بکەمە قوربانی. کەوابوو ئەبێ پێستە سەر و پێیەکەشی گشتی بکاتە خێر.

دروستە بخوا بە خۆی و منداڵەکانی لەو قوربانییەی لە سوننەتە، جا باشتر ئەوەیە لە جەرگی قوربانییەکە بخوا و ئەوی تریش گشتی بکاتە خێر وە ئەگەر زێتریش بخوا هەر دروستە بەڵام سوننەتە لە سێیەکی زیاتر نەخوا،
دروست نییە هیچ لە قوربانییەکە بفرۆشێ، وە نابی هیچیش لە قوربانییەکە بەناوی کرێ بداتە سەربڕەکە، ئەبێ بێچووی قوربانییەکە و پێستە و مووەکانی و سەروپێیەکەی یان بکاتە خێر، یان بۆ خۆی دایبنێ ئەبێ قوربانی بە ناوی خێر بە تازی بدرێتە گەدا و هەژارانی موسوڵمان، هەروەها دروستە قوربانی سوننەت بدرێتە دەوڵەمەندان، بەڵام هی نەزرکراو دروست نییە.

نیەتهێنانی قوربانی واجبە، دروست نییە لەجیاتی کەسێکی تر قوربانی بکا، تا ئیزنی لێوەرئەگیرێ، هەروەها قوربانیکردن بۆ مردوو دروست نییە ئەگەر وەسێتی نەکردبێ، جا ئەگەر وەسێتی کردبوو قوربانی بۆ بکرێ، ئەوەی قوربانی بۆ ئەکا ئەبێ نیەتی لەجیاتی بێنێ و نابێ بە خۆی لێی بخوا و نابێ بیداتە دەوڵەمەندان.


سەرچاوەکان



1532 بینین