پیاوی تانکەکە (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-21-07:00:00 - کۆدی بابەت: 4696
پیاوی تانکەکە (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە پیاوی تانکەکە
ناوی وێنە بە فەرمی     Tank Man
ڕیزبەندی پێنجەم
جۆر چالاکی مەدەنی، مافی مرۆڤ
ساڵ ١٩٨٩
وێنەگر Jeff Widener

پیاوی تانكەكە چیكرد؟

پیاوی تانكەكە، یاخود خۆپیشاندەرە نادیارەكە، ئەو پیاوە بوو لە ڕۆژی پێنجی حوزەیران لە كاتێك كە لە بازاڕكردن دەگەڕایەوە، لەبەردەم چەندین تانكی سووپا وەستا كاتێك دەیانویست مەیدانی تیانانمێن بەجێبهێڵن دوای بەگژداچوونەوەی خۆپیشاندەران و كوشتنی زۆرێكیان لە پەكین.

لەو ڤیدیۆی كە گیراوە دەردەكەوێت ئەم پیاوە بەبێ ئەوەی بترسێت لە بەردەم یەكەمین تانك دەوەستێت و ڕێگری لە جوڵەیان دەكات، دواتریش هەرچەند تانكەكە دەیەوێت بڕوات و ئەوانی دیكەش چاوەڕێین، بەڵام پیاوەكە ناهێڵێ و خۆی دەخاتە بەردەمیان، دواتریش دەڕواتە سەر تانكەكە و هەر شوێنێك كە پێی وابێت دەتوانێت دەنگی بگاتە ژوورەوە قسەی تێدا دەكات بۆ تیمی تانكەكە و لە ڕێی لولەی چەكەكانیانەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات و دوای تەواوبوونی قسەكانی لەسەر تانكەكە دادەبەزێت، شۆفێری تانكەكە بۆ ماوەیەكی كەم سەر دەردەهێنێت لە شوێنەكەی خۆیەوە و سەیری دەكات و دواتر دەست دەكاتەوە بە كارپێكردنی تانكەكەی، بەڵام دووبارە پیاوەكە بەردەمی دەگرێتەوە و هەمان ڕووداو ڕوودەداتەوە.

لەدوای ئەمە دووكەس دێن و پیاوەكە دەبەنە نێو خەڵكەكە بۆ پارێزگاری لێی و ترسی ئەوەی بكوژرێ، بەوەش تانكەكان بەردەوام دەبن لە ڕۆشتن.

وێنەی ئەم پیاوە بووە یەكێك لە كاریگەرترین وێنەكانی مێژوو و لە ڕووی نێودەوڵەتی كاردانەوەیەكی گەورەی هەبوو و بەناوی وێنەی "پیاوی تانكەكە" ناسرا.

لە ساڵی 2008 گۆڤاری تایمز بەناوی "گەڕۆكی نەناسراو" ئەو پیاوە دەخاتە نێو لیستی 100 كاریگەرترین كەسایەتی سەدەی بیست، و دواتریش لە ساڵی 2016 وێنەكەی وەك یەكێك لە سەد كاریگەرترین وێنەی مێژوو دانا.

ناسنامەی ئەو پیاوە بە نادیاری ماوەتەوە، هەروەها چارەنووسی تیمی تانكەكەش بەهەمان شێوە ناڕوونە بەهۆی ئەوەی لە ڕۆشتن بەردەوام نابن و دەوەستن، شاو جیانگ كە یەكێكە لە ڕێبەرانی خۆپیشاندانەكان دەڵێت :

" چەند كەسێكی تر هەمان كرداریان كردبوو و ڕووبەڕووی تانكەكان بووبوونەوە".

بەڵام ئەوەی ئەم پیاوە تایبەت دەكات بوونی وێنەیەكی مێژوویی و ڤیدیۆیەكی چەند خولەكییە.

ڤیدیۆی ڕووداوەكە


سەرچاوەکان



1407 بینین