تانکی T-90

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-07-02:21:00 - کۆدی بابەت: 5199
تانکی T-90

ناوه‌ڕۆك

T-٩٠

تانكی T٩٠، تانكێكی سەرەكی جەنگی سوپای ڕووسیایە، لە نەوەی سێیەمی تانكەكانە و لە ساڵی ١٩٩٣ـوە لە خزمەتی سەربازییدایە، جۆری دروستكردنی تانكەكە لە تی ٧٢ـوەوە وەرگیراوە كە هی یەكێتیی سۆڤیەت بوو، كێشی تانكەكە ٤٦،٥ تەنە و لولەكەی ١٢٥ میلیمەترە و خاوەنی بزوێنەرێكی ١٢ بستۆنە بە هێزی ١١٠٠ ئەسپ (هێزیان جۆراوجۆرە بەڵام نوێترین بەمشێوەیە).

جۆر تانكی سەرەكی مەیدانی جەنگ
خزمەت ١٩٩٣ بۆ ئێستا
جەنگەكان
سوودوەرگرتن ڕووسیا - هیندستان - ئازەربایجان - جەزائیر - توركمانستان - ئەرمەنستان - عێراق
دیزاینەر كارتسێڤ ڤێندیكتۆڤ
مێژووی دیزاین ١٩٦٧ بۆ ١٩٧٣
كۆمپانیا ئۆڕاڵڤاگۆن زاڤۆد
نرخی یەك دانە  ٢،٧٧ بۆ ٤،٢٥ ملیۆن دۆلار
ژمارە زیاتر لە ٢٨٠٠
كێش ٤٦،٥ تەن
درێژی ٩،٦٣ مەتر (بە لولەتۆپەوە)
پانی ٣،٧٨ مەتر
بەرزی ٢،٢٢ مەتر
سەرنشین ٣ كەس

لە سەرەتادا ناوی T٧٢BU بوو بەڵام بەهۆی شكستی تانكەكانی تی ٧٢ لە جەنگی كەنداو ناوبانگی تی ٧٠ لەكەداربوو، بۆیە ناوی T٧٢BUـیش گۆڕا بۆ T٩٠.

ساڵی ١٩٩١ ڕووسیا ڕایگەیاند كە ناتوانێت بەردەوامی بدات بە دروستكردنی چەند جۆرە تانكێك، بۆیە دەبێت یان نەوەی T٧٢B بمێنێتەوە یان نەوەی T٨٠U، بەڵام لەبەرئەوەی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئەم دوو جۆرە جیاواز بوون و هەریەك و لە ناوچەیەك بوون و ڕۆڵێكی گرنگیان هەبوو لە ئابووری وڵات، بۆیە كەوتنە پێشبڕكێ و كۆمپانیای ئۆڕاڵڤاگۆن زاڤۆد دروستكەری تی٧٢ بڕیاری دا گۆڕانكاری بكات لە تانكەكەیدا بۆ ئەوەی ببێتە تانكی سەرەكی وڵات، بەمەش گۆڕانكاری لە سیستمی كۆنتڕۆڵی ئاگر بكات و بەشی دژەموشەك و زرێپۆشەكەی بە شێوەیەكی زنجیرەیی ببەستێت بەیەكەوە و ئەمەش دوو تایبەتمەندی بوون كە لە تی٨٠ هەبوون، بەمەش تانكەكە پێشكەوتووتر بوو و بووە تانكی سەرەكی وڵات لە ساڵی ١٩٩٢ بەدواوە، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٤ جۆرێكی دیكەی بەناوی T٩٠A بڵاوكردەوە و خرایە خزمەتی سەربازی.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی تی-١٤ ئارماتا لە ساڵی ٢٠١٥ دروستكردنی ئەم تانكە و خواست لەسەری كەمتر بوویەوە.

جۆرەكان

  • تی-٩٠ : جۆری یەكەم
  • تی-٩٠ كا (T٩٠-K) : جۆری فەرماندەیی تی-٩٠
  • تی-٩٠ ئەی (T٩٠A) : جۆرێكی نوێكراوەیە و بە جۆری ڤلادیمێریش دەناسرێ بە هێزی ٨٢٠ ئەسپ.
  • تی-٩- ئێس (T٩٠-S) : جۆری نێردراوی تی-٩٠ ئەی بۆ وڵاتانی دیكە.
  • تی-٩٠ بهێشما : جۆری نوێكراوەی تانكەكە لەلایەن هیندستانەوە.
  • تی-٩٠ ئێم : جۆرێكی دیكەیە و تەواوی بەشەكانی نوێكراوەتەوە وەك نموونە نیشاندرا، بە هێزی ١٢٥٠ ئەسپ و بەشی ساردكردنەوەی ناوەوەی ئیسرائیلی و سیستمی بینینی گەرمی فەڕەنسی و نوێكردنەوەی زرێ و لولەتۆپەكەی بەناوبانگە.

لێكچووەكان

چەند زرێپۆشێكی دیكە هەن كە بیرۆكەی دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ تی-٩٠ :

  • BREN : زرێپۆشێكی نوێكردنەوە و شیكردنەوە و لیكۆڵینەوە.
  • MTU-٩٠ : تانكی دروستكردنی پرد.
  • AMR-٣ : زرێپۆشی ئەندازیاری.
  • BMR-٣ : زرێپۆشی دۆزەرەوەی مین.

تایبەتمەندییەكان

جۆری یەكەمی بە بزوێنەری ١٢ بستۆن و هێزی ٨٤٠ ئەسپ دروستكرا كە سوودی لە گاز دەبینی، دواتریش لە مۆدێلی تی-٩٠ ئەی بەرزكرایەوە بۆ ١٠٠٠ ئەسپ و جۆری كۆتاییشی جۆری Mـە كە هێشتا دروستنەكراوە و تەنیا نمایش كراوە و بڕیارە هێزی ١٢٥٠ ئەسپی هەبێت، و سوود لە نەوت و بەنزینیش دەبینێت.

خێراییەكەی لەسەر قیر ٦٠ بۆ ٦٥ كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا و لە دەرەوەی قیر و جادەی هەڵگەڕاوە و خراپبوو دەگاتە ٤٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك و بە سوتەمەنی تەواوەوە ٥٥٠ بۆ ٧٠٠ كیلۆمەتر دەبڕێت، و بەهۆی هەواكێشی تایبەتەوە دەتوانێت لە ژێر پێنج مەتری ئاودا كاربكات و بجوڵێت، بۆ كاراكردنی ئەم دۆخەش تەنیا بیست خولەك پێویستە.

زرێپۆش

زرێپۆشەكەی لە پۆڵا و دژەتەقینەوە دروستكراوە، وەرگری هۆشداری لەیزەری و سیستمی تێكدانی تیشكی ژێرسووری هەیە بۆ ڕێگری لە پێكانی موشەكی دژەتانك كە بەو شێوەیە كاردەكەن، لە بەشی پێشەوەی ٩٩٠ بۆ ١٠٧٠ میلیمەتر پۆڵایە بۆ ڕێگری لە فیشەكی تەقینەوە، و ٦٧٠ میلیمەتر بۆ ڕێگری لە فیشەكی ئاسایی، بەشەكانی دیكەیشی لە ٥٨٠ بۆ ١٠٥٠ ملم پۆڵا یان هەندێ شوێنی ١٣٤٠ میلیمەتر دەبێت.

هێز

تانكەكە لە لولەتۆپی ١٢٥ میلیمەتری سوود وەردەگرێ و لە بەشی سەرەوەی دەتوانرێ موشەكی دژەتانك دابنرێ، هەروەها خاوەنی ڕێژنگێكی ٧،٦٤ میلیمەتری PKـی و ڕێژنگێكی (mmnsvt)ـی ١٢،٧ ملیمەترییە بە ٣٠٠ فیشەكەوە كە توانای پێكانی تاوەكو ٢ كم هەیە.

سەربازانی ناو تانكەكە سێ كەسن (شۆفێر، فەرماندە و تۆپهاوێژ)، خاوەنی ٢٢ تۆپی ئامادەیە و ئامادەكردنەكەی ئۆتۆماتیكییە و تەنیا ٥ بۆ ٨ چركەی پێدەچێت بۆ ئامادەكردن.

كێشە

لەگەڵ ئەوەی تانكێكی بەهێزە و شێوە نزمەكەی ڕێگری لەوەدەكات بە ئاسانی بپێكرێت، بەڵام گەر تۆپهاوێژیك بەر جەستەی بكەوێت و تێبپەڕێت بەشی سوتەمەنی تانكەكە دەسوتێت و تەواوی سەرنشینانی تانكەكە دەمرن، لەكاتێكدا وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەشی پارێزراوی بورجی پاراستن دایدەنێن كە بە پلێتی پتەو دەوری گیراوە.

بەكارهێنەران

لە ساڵی ١٩٩٥ بە شێوەیەكی فەرمی بوو بە سەرەكیترین تانكی دەوڵەتی ڕووسیا، دواتریش بە وڵاتانی هیندستان و پاكستان و جەزائیر و توركمانستانیش فرۆشرا بەمشێوەیە:

  • جەزائیر : ٣٥٠ دانە لە ساڵەكانی ٢٠٠٩ و ٢٠١١ بە نرخی ٤٧٠ ملیۆن دۆلار.
  • كۆماری ئازەربایجان : ١٠٠ دانە
  • توركمانستان : ٤٠ ئامێر
  • هیندستان : ٣١٠ تانكی كڕیوە كە ١٢٠ دانەیان لە ڕووسیا دروستكراون و ئەوانی دیكەش لە هیندستان، دواتریش لە ٢٠٠٦ بەڵێننامەیەكیان واژوو كرد بۆ ڕێگەپێدان بە دروستكردنی ٣٣٠ تانكی دیكە لە هیندستان بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار و ناونرا مۆدێلی تی-٩٠ بهێشما.
  • عێراق : ٧٣ تانك


سەرچاوەکان



1080 بینین