ئەنجامدانی ئەم کارانە لەماوەی دووگیانیدا مەترسیداره

ئەنجامدانی ئەم کارانە لەماوەی دووگیانیدا مەترسیداره

له‌لایه‌ن: مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-11-00:03:00 - کۆدی بابەت: 5266
ئەنجامدانی ئەم کارانە لەماوەی دووگیانیدا مەترسیداره

ناوه‌ڕۆك

ماوەی دووگیانی

لەماوەی دووگیانیدا دەبێت هەرچی گرنگە دەربارەی سەلامەتی خۆت و منداڵەکەت بیزانیت، دەزانیت کە منداڵ پێویستی بە خواردن و خواردنەوەیە، و چ وەرزشێک باشە بۆ کاتی دووگیان و ئامادەت دەکات بۆ منداڵبوونی سرووشتی، ئەمانە هەموویان پێویستن بەڵام هەندێک شت هەیە لەوانەیە کەم گرنگی پێ درابێت و مەترسی بن بۆ سەر دایکی دووگیان و کۆرپەکەی و لێرەدا باسی دەکەین.

دوورکەوتنەوە لە گازی مەترسیدار

بێ ئارامگرتن خێرا دەتەوێت ژوورێک ئامادە بکەیت بۆ ئەو منداڵەی کە دێتە دونیاوە، ئامادەکردنی کێشەی تێدا نییە بەڵام ئەگەر بتەوێت ژوورەکە ڕەنگ بکەیت، ئەوا باش ناکەیت چونکە ئەم گازانە ژەهراوین و خانمی دووگیان نابێت بۆنی بکات بەتایبەت لە شوێنی داخراو و گیراودا.

خۆشۆردن بە ئاوی زۆر گەرم باش نییە بۆ منداڵەکە

خۆشۆردن بە ئاوی گەرم هەستێکی باشت پێ دەدات بەڵام، بەڵام ئەگەر گەرما و ئاوەکە زۆر گەرم بێت دەبێتە هۆی خاوبوونەوەت و پلەی گەرمی جەستەت تێکدەدات و کێشەت بۆ دروست دەکات، بۆ نموونە دەبێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێنی دایکەکە کە لە ئەنجامدا ماددەی خۆراکی و ئۆکسجین ناگات بە منداڵەکە و کاتێک حاڵەتەکە زۆر مەترسیدار بێت ئەم کێشەیە لەوانەیە ببێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ و لاوازی و نەخۆشی.
لەماوەی دووگیانیدا چوونە ساونا و ئاوی زۆر گەرم هیچ گونجاو نییە و هەمیشە هەوڵبدە پلەی گەرمی جەستەت لەخوار ٣٨ پلەی سلیلیزییەوە بهێڵیتەوە.

ئاوی میوە لەماوەی دووگیانیدا سەلامەت نییە

ئاوی میوە لەماوەی دووگیانیدا باش نین بەهۆی بڕێکی زۆری شەکر تێیاندا، هەمیشە شتێکتان لەیاد بێت خواردنی خودی میوەکە باشترە لە خواردنی ئاوەکەی چونکە ئاوی میوە شەکرێکی زیاتری تێدایە و فایبەریشی کەمترە وەک لە میوەکە، بوونی ئەو شەکرە لە ئاوی میوەکەدا لەوانەیە زۆر بە ئاسانی شەکری ناو خوێنت بەرز بکاتەوە و دەبێتە هۆی شەکرە.

خەوتن لەسەر پشت

خەوتن لەسەر لای چەپ باشترین جۆری خەوتنە لەماوەی دووگیانیدا، لەوانەیە خەوتن لەسەر لایەک قورس بێت و دەبێت زوو زوو لاکانت بگۆڕیت بە ڕاست و چەپدا بەڵام هەمیشە دوورکەوە لە خەوتن لەسەر پشت، چونکە خەوتن لەسەر پشت بە درێژایی ماوەی دووگیانیەکەت دەبێتە هۆی (پشت ئێشە، کێشەی هەناسەدان، دابەزینی فشاری خوێن)
لە ڕوویەکی ترەوە خەوتن لەسەر لا یارمەتیدەرە کە خوێنێکی زیاتر بچێت بۆ منداڵەکە.

بەکارهێنانی کەرەستەکانی پێست

لەوانەیە بە گرنگی نەزانیت ئەوەی بۆ پێستتی بەکاردەهێنیت بەڵام گرنگە بزانیت هەرچی کە دەیدەیت لە پێستت جەستەت هەڵیدەمژێت و  دەتوانێت کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر منداڵەکەت.
خراپترین ئەو ماددە کیمیایانەی کە لەماوەی دووگیانیدا خراپە بەکاری بهێنیت بریتین لە (Salicylic acid، retinoids، Benzoyl+peroxide) و کاتێک ماددەیەکی جوانکاری دەکڕیت بە وردی پێکهاتەکانی بخوێنەرەوە و با ئەم جۆرە ماددانەی تێدا نەبێت.

بەکارهێنانی شەکر لەماوەی دووگیانیدا ترسناکە

شەکر گرنگترین شتە کە دایکی دووگیان دەبێت ئاگاداری بێت و خۆی لێ دوورخاتەوە، لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا کە لەسەر ٩٠٠٠ دایک ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە زۆر بەکارهێنانی شەکر، دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵەکە مەترسی لەسەر بێت بۆ توشبوون بە هەستیاری و ڕەبۆ.

بەکارهێنانی شەکر لەماوەی دووگیانیدا چەند مەترسیدارە؟

لێکۆڵینەوەیەک لە گۆڤاری(European Respiratory) بڵاوکراوەتەوە کە ئەو خانمانەی کە منداڵیان بووە و شەکری زۆریان بەکارهێناوە لەماوەی دووگیانیدا، دەرکەوتووە ئەم شەکرانە شوێنی ژەمێکی سەرەکی خواردنیان گرتۆتەوە.
ساڵانێکی دواتر کاتێک کە منداڵەکان گەشتوونتە تەمەنی ٨ ساڵی پزیشکان ئەو منداڵانەیان خستۆتە ژێر چاودێرییەوە تا بزانن  (هەستیاری، ئەگزیما، سووربوونەوە و کارکردنی سییەکان) لەم منداڵانەدا چۆنە.
دوای دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانە ئەم نیشانە و نەخۆشیانەیان تێدایە و شەکر خوادنی دایک و تووشبونی منداڵ بە سوربوونەوە و ڕەبۆ پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە، ئەوەی سەرنجڕاکێشە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم نەخۆشیانە هیچ پەیوەندیەکیان بەوەوە نییە کە منداڵەکە خۆی چەن شەکری خواردووە بەڵکوو بە خواردنی شەکرەوە لەلایەن دایک لەکاتی دووگیانیدا کەواتە بەکارهێنانی شەکر لەماوەی دووگیانیدا خراپترە بۆ منداڵ وەک لەوەی دواتر خۆی بیخوات.

باشترین ڕێگا بۆ وازهێنان لە شەکر چییە؟

ئەو شەکرانەی کە خانمی دووگیان دەبێت لێی دوورکەوێتەوە ئەوانەن کە دەکرێنە ناو خواردنەوە وەک شەکری ناو هەنگووین، شیر و ئاو میوەکان، ئەم شەکرانەی لەمانەدایە شەکری لاکتۆزە یان شەکری تری سرووشتی کە خۆی بە سروشتی لە میوەکان و سەوزەواتەکاندا هەیە.


سەرچاوەکان

2317 بینین