سوودەکانی هەنگی دنیا

له‌لایه‌ن: - سایە موستەفا - به‌روار: 2021-05-12-19:06:00 - کۆدی بابەت: 5300
سوودەکانی هەنگی دنیا

ناوه‌ڕۆك

ھە‌نگی دنیا

بە‌ری ھە‌نگی دنیا بە‌ ناوە‌ زانستییە‌كە‌ی (Eriobotrya) ناسراوە‌، لە‌ درە‌ختێكی گە‌ورە‌ی ھە‌میشە‌ سە‌وز لە‌ خێزانی گوڵدارەكان، ئە‌م میوەیە بە‌ ڕە‌نگە‌ زە‌ردە‌ مە‌یلە‌و برۆنزیە‌كە‌یان جیا دە‌كرێنە‌وە‌، وە‌ لە‌ ناویدا چە‌ند ناوكێك ھە‌یە‌ كە‌ ژمارە‌یان لە‌ نێوان (٣ بۆ ٤) ناوكە‌، وە‌ لە‌ دە‌وریدا بە‌رگێكی سپی مەیلە‌و پرتە‌قاڵی ئاودار ھە‌یە‌، ئەم میوەیە زۆربەی کات لە کۆتایی زستان یان سەرەتایی بەهاردا پێدە‌گات، هەروەها شوێنی ڕەسەنی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی چین و لە ناوچە سازگارە‌كان یان نیمچە‌ سازگارە‌كانی جیهاندا، بەڵام لە باشووری ئەفریقا و ئەمەریکای باشوور و ئوسترالیا و کالیفۆرنیا دە‌چێنرێن، لە لایەکەی ترەوە بە‌ری ئەم میوەیە تایبە‌تمە‌ندە‌ بە پێکهاتە فینۆلیەکان کە سوودی هەیە لە هەستی سێكسی.

بەکارهێنانی ھە‌نگی دنیا 

لە ئێستادا ھە‌نگی دنیا لە بازاڕە‌كانی چیندا پێگەیە‌كە‌ی گرنگی داگیرکردووە، چونکە جگە لەوەی سەرچاوەی خۆراکە بۆ هەر بەکارهێنەرێک، هەروەها گەڕانەوەی ئابوورییەکی زۆر بۆ بەرهەمهێنەرەکانی دروست دەکات کە کاردەکەن بۆ دابینکردنی جۆری سوور و سپی هەنگی دنیا، مێژوو هەندێک لە سوودەکانی ھە‌نگی دنیا و کاریگەرییەكەیان سەلماندووە، وەک چۆن هەندێک لە بەشەکانی دارەکە لە ئامادەکردنی چەندین دەرمانی بەناوبانگ بۆ هەزاران ساڵ سوودی لێوەرگیراوە، وەک بەکارهێنانی لە چارەسەری پزیشكی میللی چینی بۆ چارەسەرکردنی ھە‌وكردن و کۆکە و قە‌صاباتی درێژخایەن و شەکرە و شێرپەنجە، ئەمەش بە‌ھۆی ئە‌وە‌ی کە پێکهاتەیەکی خۆراکی ڕووە‌كی هەمەجۆری هەیە و هەروەها پێکهاتەیە‌كی چالاكی دەرمانی تێدایە بەپێی بەڵگە زانستییەکان، بۆ نموونە تۆوی میوەکە سەرچاوەی باشی پرۆتین، نیشاستە، ترشی تانیك و کانزاکانی تێدایە، لە کاتێکدا خودی میوەکە شەکر، ترشی ئۆرگانی، کاروتنوئید، فلاڤۆنۆوئید، فینۆلیک ئەسید و ڤیتامینەکانی تێدایە‌، ھە‌روە‌ھا گەڵا و گوڵەکانی دەوڵەمەندن بە فینۆنۆل و ئاوێتەکان کە بە ترایترپین ناسراوە‌.

سوودە‌كانی ھە‌نگی دنیا بۆ تەندروستی

سوودە‌كانی ھە‌نگی دنیا زۆرن، هەروەک ھە‌نگی دنیا چەندین پێكھاتە‌ی خۆراکی جۆراوجۆری تێدایە وەک (ڤیتامین A و ڤیتامین C و ڤیتامین B ئاڵۆز)، جگە لەوەی سەرچاوەی هەندێک کانزای وەک (ئاسن، کالسیۆم، مەنگەنیز، پۆتاسیۆم، فسفۆر، زینک، مس و سیلنیۆم)ـی تێدایە، هەر ئەمەش وادەکات کە سوودی بۆ جەستە ھە‌بێت، سوودەكانی:

١- پۆتاسیۆم یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن و پاراستنی تەندروستی دڵ و دەمارەکان دەدات، بە فراوانکردنیان و کەمکردنەوەی پەستان لەسەر خوێنبەرەکانیان، لە لایەکی دیکەیشەوە توانای دركپێكردن باشتر دەکات بە زیادبوونی ھە‌ڵچوونی خوێن بۆ ملوولە‌كانی ناو مێشک.

٢- چاییەکەی ئەو پێکهاتە ئەندامیانە‌ی تێدایە کە ئاستی ئەنسۆلین و ئاستی گلۆکۆزە‌کانی خوێن ڕێک دەخات، بەو مە‌رجە‌ی بە بەردەوامی بخورێتەوە، ئەمەش مەترسی توشبوون بە نەخۆشی شەکرە کەم دەکاتەوە، هەروەها کاریگەری هەیە لە‌سە‌ر کەمکردنەوەی هەلی توشبوون بە بە‌رزیی و نزمی ئاستی شە‌كرە‌ لە‌و كە‌سانە‌ی كە‌ توشیبوون.

٣- توێژینەوەیەک ئاماژە بەوە دەکات کە پۆلیفینۆڵ لەگەڵاکانیدا هەیە یارمەتیدە‌رە‌ بۆ دۆزینە‌وە‌ی خانە‌ ژە‌ھراوییە‌كان لە دە‌می مرۆڤدا، و لەهەمان چوارچێوەیشدا تایبەتمەندی هەیە کە ڕێگا لە هەردوو گۆڕان بۆ شێرپە‌نجە‌ و گواستنەوەی خانە شێرپەنجەییەکان دەگرێت و دەرهێنراوە‌كانی بە‌رە‌كە‌ی ئە‌وە‌ی دەرخستووە کە بە‌ تاقیکردنەوە لە‌سە‌ر گیانە‌وە‌ران کاردە‌كات بۆ ڕێگریكردن لە‌ خانە شێرپەنجەییەکان لە‌كاتی قۆناغە‌‌كانی بڵاوبوونە‌وە‌ی نە‌خۆشییە‌كە‌.

٤- چاکەی کاردەکات بۆ دەرکردنی بە‌ڵغە‌م و لینجی لە کاتی توشبوون بە ھە‌وكردن لە‌ كۆئە‌ندامی هەناسەدان، لە ئەنجامی هەستكردن بە‌ کۆکە یەکسەر دوای خواردنەوەی یان غە‌رغە‌رە‌ كردن پێی، بەم شێوەیە مەترسی زۆربوونی  هەندێک لە نیشانەکانی تر کە لە‌گە‌ڵیدان كە‌م دە‌كاتە‌وە‌ وە‌ چاكبوونە‌وە‌ خێراتر دە‌كات.

٥-  بە‌ سەرچاوەی باشی ڤیتامین C دادە‌نرێت، کە بەرگری لەش بەهێز دەکات، چونکە یارمەتی کەمکردنەوەی مەترسی گەشەکردنی نەخۆشییەکان دەدات، بەتایبەتی نەخۆشییە درێژخایەنەکان چونکە دژە ئۆکسێنەرە جگە لەوەی هێڵی یەکەمی بەرگرییە بەرامبەر بە هۆیەکانی، لە لایەکەی دیکەش یارمەتیی ھاندانی بەرهەمهێنانی خرۆكە‌ سپییەکانی خوێن دەدات، و یارمەتیی چاککردنە‌وە‌ی شانە جۆراوجۆرە‌كانی لەش دەدات لە ڕێگەی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی کۆلاجیندا.

٦- ڕیشاڵە‌ خۆراكییە‌كان یارمە‌تیدە‌رن بۆ هەستکردن بە تێربوون بۆ ماوەیە‌كی درێژتر، ئەمەش دەرفەتی خواردن کەم دەکاتەوە و مەترسی زیادبوونی کێش كە‌مدە‌كاتە‌وە‌، هەروەها یارمەتی باشترکردنی باری تەندروستی ڕیخۆڵە و ڕێكخستنی جووڵە‌ی بە‌ شێوەیەکی بەردەوام دەدات، ئەمە جگە لەوەی مەترسی توشبوون بە‌ تێكچوونە‌كانی گەدە کەمدەکاتەوە وەک نەخۆشی پەنگخواردوویی سک، سکچوون، گرێدان یان ھە‌ڵئاوسان.

٧- کار دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشاری ئۆکسیدی لە ڕادیکاڵە ئازادەکان کە بە‌شداری دە‌كات لە‌ تێكچوونی دەمارەکان و لەدەستدانی یادەوەری.

٨- خواردنی خۆی و خواردنەوەی چایەکەی بەشێوەیەکی ڕێك دەرفەتێکە بۆ بەدەستهێنانی ئاستی نزمی کۆلیسترۆڵ.

٩- چەندین پێكھاتە‌ی خۆراکی و ڤیتامینی جۆراوجۆری تێدایە کە بەشداری لە هەندێک لە سوودەکانی تری ھە‌نگی دنیا دەکات، وەک کەمکردنەوەی مەترسی لەدەستدانی چڕی کانزای ئێسک لە بەشە جیاوازە‌كانی لەشدا.  

١٠- یارمەتی ڕێکخستنی سووڕی خوێن دەدات وەک یە‌كێك لە‌ سەرچاوەكانی ئاسن، کە بەشێکە لە هیمۆگلۆبین، کە خرۆكە‌ سوورەکانی ئۆکسید  بۆ هەموو بە‌شە‌كانی جە‌ستە دە‌گوازێتە‌وە‌‌.


سەرچاوەکان



1710 بینین