سوودەکانی نەعنا

له‌لایه‌ن: - سایە موستەفا - به‌روار: 2021-05-13-23:50:00 - کۆدی بابەت: 5316
سوودەکانی نەعنا

ناوه‌ڕۆك

نەعنا

نەعنا گیایەکی بەناوبانگە و دە‌توانرێت بە‌ تازە‌یی یان بە‌ وشككراوی لە‌ چە‌ندین خواردن و ژە‌مدا بە‌كاربھێنرێت، هەروەها زۆر جار زە‌یتی نە‌عنا یان مێنسۆڵ لە هەویری ددان و بنێشت و شیرینی و بەرهەمە جوانکارییەکان بەكاردە‌ھێنرێت، خێزانی نەعنا (Memtha) ئاماژە بە گروپێک دە‌كات کە نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ جۆر ڕووەکی تێدایە، کە لە ناویشیاندا نەعنا هەیە، وە‌ ناعنا بە‌وە‌ جیا دە‌كرێتە‌وە‌ كە‌ دژە ئۆکسایدە، چونکە چەندین پێكھاتە‌ی خۆراکی تێدایە، دوو کەوچکی گە‌ورە‌ لە نەعنای تازە دوو کالۆری و 0.12 گرام پرۆتین و 0.48 گرام کاربۆهیدرات و 0.03 گرام چەوری و 0.3 گرام ڕیشاڵ بۆ جە‌ستە‌ دابین دەکات، هەروەها ڕێژە‌ییە‌كی کەم لە (پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و کالسیۆم و فسفۆر و ڤیتامین C و ئاسن و ڤیتامین A) تێدایە.

سوودی نەعنا بۆ لەش 

گەڵای نەعنا چەندین بە‌كارھێنانی جۆراوجۆری هەیە، هەروەک دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی کوپێک چای ھێوركە‌رە‌وە‌ یان زیادکردنی بۆ زەڵاتە و شیرینی و خواردنەکانی تر، جگە لەوەش لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جیاوازیە جۆراوجۆرانەی گیای نەعنا دەتوانێت ژمارەیەک کاریگەری بەسوود لەسەر تەندروستی هەبێت.

لە نێوان سوودەکانی نەعنا بۆ جەستە ئەمانە‌ی خوارەوەن:

١- باشتر كردنی فە‌رمانی كۆئە‌ندامی ھە‌رس: نە‌عنا ناسراوە بە تایبەتمەندیيە‌ هێورکەرەوەكەی‌ بۆ گەدە ئە‌وە‌ش بە‌ھۆی بوونی زە‌یت یان مێنسۆڵ کە یارمەتی شلبوونی ماسولکەکانی کۆئەندامی هەرس دەدات، لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە نەعنا بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی کۆئەندامی ڕیخۆڵەیان هەیە بەسوود بێت.

٢- كە‌مكردنە‌وە‌ی نیشانەکانی سەرما: یەکێک لەسوودەکانی نەعنا بۆ لەش ئەوەیە کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە كە‌مكردنە‌وە‌ی نیشانەکانی سەرما، چونکە مێنسۆڵ یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو زە‌یتی نەعنا کە تەنگبوونی لووت كە‌مدە‌كاتە‌وە‌، هەروەها سەرەڕای بوونی بەڵگەی ناکۆک لەبارەی کاریگەری مێنسۆڵ لە حەسانەوەی هەڵئاوساندا، زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتوە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەباشترکردنی لێشاوی هەوا بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی سەرما.

٣- بەهێزکردنی فە‌رمانە‌كانی مێشک: جێگە‌ی سە‌رنجە‌ کە هەندێک توێژینەوە دەریدەخات کە تەنانەت تەنیا بۆنکردنی نەعنا دەتوانێت بەس بێت بۆ بەرزکردنەوەی هێزی مێشک و باشترکردنی ھە‌ستی درك پێكردن، یەکێك لە‌ توێژینەوەكان کە لە گۆڤاری نێودەوڵەتی زانستی دەماردا بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت کە بۆنی نەعنا دە‌توانێت یادەوەری باشتر بكات و هۆش زیاتر بکات، یەکێکی تر لەتوێژینەوەكان کە لە گۆڤاری دەرونناسیی ئەمریکای باکووردا بڵاوکرایەوە دەریدەبڕی کە بۆنی نەعنا کاریگەرە لە کەمکردنەوەی هیلاکی و دڵەڕاوکێ و باشترکردنی وریایی، ئەمەش بەهۆی توانای لەورژاندنی کۆئەندامی ناوندە‌ دەمار.

٤- سودەکانی تری نەعنا: یەکێک لە سودەکانی نەعنا بۆ لەش ئەوەیە کە تەندروستی دە‌م و ددان باشتر دە‌كات و بۆنی ناخۆشی دە‌م لادە‌بات، وە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی كیسی ھێلكە‌دان دەدات، وە نەعنا ئازاری شیردانی سروشتی كە‌مدە‌كاتە‌وە‌، هەروەها نەعنا بەکاردێت بۆ یارمەتیی دان لە کەمکردنەوەی ئازاریی ھە‌رسكردن.

چۆنیەتی زیادکردنی نەعنا بۆ سیستمی خۆراک 

بەهۆی سوودە جۆراوجۆرەکانی نەعنا، شارە‌زایانی خۆراك پێشنیازی زیادکردنی نەعنا بۆ خۆراکی ڕۆژانەیان دەکەن، چونکە بە ئاسانی دەتوانرێت نەعنا بخرێتە سەر زەڵاتەی سەوزە‌ و شیرینی و شەربەت و تەنانەت ئاویش، ھە‌روە‌ھا چای نە‌عنا ڕێگە‌یە‌كی باوە‌ بۆ زیاد كردن لە‌ سیستمی خۆراكی، ھە‌روە‌ھا دە‌كرێت بخرێتە‌ سیستم خۆراكی لە‌ ڕێی ئە‌م ڕێگایانە‌وە‌:

ــ خواردنی گە‌ڵای تازە‌ یان وشككراو.
ــ بۆنكردنی زە‌یتە‌ بۆنیە‌كان كە‌‌ تێیدایە‌.
ــ بە‌كارھێنانی لە‌سە‌ر پێست.
ــ خواردنی حە‌بی نە‌عنا لە‌گە‌ڵ خواردندا.


سەرچاوەکان



1949 بینین