خواردنەوەی شیر لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-15-05:09:00 - کۆدی بابەت: 5341
خواردنەوەی شیر لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

گرنگی خواردنەوەی شیر لەماوەی دووگیانیدا

خواردنەوەی شیر لەماوەی دووگیانیدا زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە لەبەر ئەو ماددە زۆر بەسوودانەی کە لە پێکهاتەی شیردا هەن، ژنی دووگیان دەبێت ئاگای لە خواردن بێت و شتی باش بخوات تا منداڵەکەت گەشەی باش و تەندروست بێت، شیر سەرچاوەیەکی سەرەکی کالسیۆمە و زۆر گرنگە بۆ جەستە و وادەکات کە ماددەی باش بگەیەنیت بە کۆرپەلە.

سوودەکانی شیر لەماوەی دووگیانیدا

  • ئەو ڤیتامین D ـیەی کە لە شیردا هەیە زۆر گرنگە بۆ منداڵەکەت و دەتوانێت مەترسی هەستیاری لەسەر منداڵەکە کەم بکاتەوە، هەروەها ڕێگری دەکات لە کەمی کێشی منداڵەکە لەکاتی لەدایکبوونی و توشبوونی بە ئێسکە نەرمە.
  • ڕۆژانە پێویستە ١٠٠٠ تا ١٣٠٠ میلیگرام کالسیۆم وەرگریت، خواردنەوەی شیر لەماوەی دووگیانیدا دەتوانێت ئەم بڕەت پێ ببەخشێت، کاریگەری زۆر باشی هەیە بۆ منداڵەکەت و دەبێتە هۆی بەرزی باڵای منداڵەکە، هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو دایکانەی لەکاتی دووگیانیدا شیر دەخۆنەوە لە داهاتوودا منداڵەکانیان کەمتر تووشی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم دەبنەوە.
  • شیر بەهۆی بڕی ئەو پڕۆتین و چەوریەکەی کە تێیدایەتی گرنگە بۆ گەشەی مێشکی منداڵەکە و هەروەها خوێنی باش دەگەیەنێت بە منداڵەکە و منداڵدانی دایکەکەش بەهێز دەکات.
  • بەهۆی ئەو بڕە ئاسنەی کە تێیدایە گەشەی ئێسکی منداڵەکە زیاد دەکات و یارمەتی گەیاندنی ئۆکسجین دەدات.
  • هەروەها خواردنەوەی شیر لەم ماوەیەدا یارمەتی دڵەکزەی دایکەکە دەدات هەروەها سەرجەم کێشەکانی گەدەش چارەسەر دەکات.
  • خانمان لەماوەی دووگیانیدا پێویستیان بە خواردنەوەی باشی شلەمەنی هەیە شیر جگە لەوەی کە ماددەی زۆر باش و وزە بەخشی تێدایە یارمەتی شێداری پێست و جەستەش دەدات.

بڕی ئەو شیرە چەندە کە خانمان دەبێ بیخۆنەوە؟  

واباشە ڕۆژانە هەموو خانمێکی دووگیان دوو کوپ شیر بخواتەوە، بەڵام لەو ڕێژەیە زیاتر نەبێت و چونکە زۆر خواردنەوەی زیانی هەیە بۆ کۆئەندامی هەرس.

باشترین کات بۆ خواردنەوەی شیر چ کاتێکە؟

هەرگیز خێرا دوای خواردن شیر مەخۆنەوە، دەتوانیت شەوانە پێش خەوتن شیری گەرم بخۆیتەوە لەگەڵ هەنگوویندا تاکوو خەوێکی ئارامترت هەبێت و ڕێژەی شەکری ناو خوێنێت بەدرێژایی شەوەکە جێگیر بێت، هەروەها بەیانیانیش لەگەڵ نانی بەیانیدا کووپێک شیر بخۆرەوە.

چۆنیەتی خواردنەوەی شیر لەماوەی دووگیانیدا

شیر و ماددە شیرەمەنیەکان زۆر خواردنەوەیان کێشە دەگەیەنن بە کۆئەندامی هەرس بۆیە وا پێویست دەکات چەند خاڵێک ڕەچاو بکەیت لەکاتی خواردنەوەیدا تاکوو زیانت پێ نەگەیەنێت.

  • هەوڵبدە شیرەکە تێکەڵ بکەیت لەگەڵ ماددەی تردا وەک چا یان قاوە.
  • شیر به گەرمی بخۆرەوە وردە وردە نەک بەیەکجار هەمووی بخۆیتەوە.
  • دوای خواردنی ژەمێکی قورس شیر مەخۆرەوە.
  • هەوڵبدە شیری پاک بخۆیتەوە و ئاگاداری بەرواری بەسەرچوونی شیرەکەبە.
  • لە یەک کاتدا هەر دوو کوپە شیرەکە مەخۆرەوە.
  • بەیانیان خواردنی باش بخۆ لەگەڵ کوپێک شیردا.
  • شیرەکە بە پاکی هەڵبگرە و بیکەرە ناو شوشەوە.

کاریگەری تێکەڵ کردنی شیر لەگەڵ ماددەی دیکەدا

شیرمۆز

خواردنەوەی شیرمۆز لەکاتی دووگیانیدا گونجاوو نییە و قورسە لەسەر گەدەی دایکەکە ڕێگری دەکات لە هەرسکردنی خواردنیش، ئەگەر دەتەوێت هەردووکیان بخۆیت سەرەتا شیر بخۆرەوە و دوای٢٠ خولەک مۆز بخۆ.

شیر کاکاو

کاکاو لەبەرئەوەی ماددەی (Oxalate) تێدایە ڕێگری دەکات جەستە کالسیۆمی ناو شیرەکە هەڵبمژێت، و ئامانجی سەرەکیش لە خواردنەوەی شیر کالسیۆمەکەیەتی، بۆیە دوورکەوە لە خواردنی شیرکاکاو.

شیری زەعفەران

یەکێک لە شیرە باوەکان بریتییە لە شیری زەعفەران، دەتوانیت چەند کەوچێک زەعفەران تێکەڵی شیر بکەیت و بیکوڵێنیت و یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێنیش دەدات، بەڵام نابێت لەکاتی دووگیانیدا بەکاربهێنرێت و بخورێت چونکە زەعفەران بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا دەبێتە هۆی خوێنبەربوون یان لەبارچوونی منداڵەکە.

شیری وشک

شیری وشک ئەو شیرەیەکە وەک تۆز وایە و دەیگریتەوە، بەهۆی ڕێژەی زۆری چەوری و کۆلیستڕۆڵ تێیدا بۆ ژنانی دووگیان زیانبەخشە و گونجاوو نییە.

شیری خاو

خواردنەوەی شیری خاو واتە ئەو شیرەی ڕاستەوخۆ لە گیانلەبەرەوە دەستمان دەکەوێت زۆر زیانبەخشە و کۆمەڵێک بەکتریایی تێدایە کە زیان بە خۆت و منداڵەکەت دەگەیەنێت و هەروەها ئەگەری لەبارچوون زیاد دەکات، بۆیە پێویستە شیرەکە جوان کوڵابێت و پاک بێت ئینجا بخورێتەوە.

زیانی شیری چەور لەماوەی دووگیانیدا؟

ڕێژەی سەدی چەوری شیر پێچەوانەی ڕێژەی کالیسیۆمی ناو شیرەکەیە، واتە هەرچەندە چەوری شیرەکە زیاتر بێت مژینی کالسیۆم کەمتر دەبێتەوە، کە ئەمە زۆر گرنگە خانمانی دووگیان بیزانن و پێویستە دوورکەونەوە لە شیرێک چەوری زۆربێت تاکوو کالیسیۆمی زیاتریان دەست کەوێت، هەروەها خواردنی شیرەمەنی زۆر چەور لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزی فشاری خوێن و بەرزی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ و شەکرە.

کاریگەری شیر خواردنەوە لەسەر شیرپێدانی دایکان

شیری دایک دەکەوێتە ژێر کاریگەری زۆر شتەوە هەندێکیان بۆماوەین و هەندێکیشیان کاریگەری سروشت و ژینگەیی.

لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ڕێژەی چەوری شیری دایک ناگۆڕێت ئەگەر لەماوەی دووگیانیدا شیری خواردبێتەوە، بەڵام خواردنەوەی شیر کاریگەری باشی دەبێت بۆ ماوەی شیردانی دایکەکە و وزەی زیاتری پێدەدات، دایکانی شیردەر ڕۆژانە پێویستیان بە ٢.٥ تا ٣ لیتر شلەمەنی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی شیر.


سەرچاوەکان



32667 بینین