کۆنتڕۆڵکەری تێپەڕینی میدیا

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-15-23:21:00 - کۆدی بابەت: 5347
کۆنتڕۆڵکەری تێپەڕینی میدیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆ ئەوەی پەیوەندی لە نێوان دوو كۆمپیوتەردا هەبێت و بتوانن داتا بۆ یەكتر بنێرن پێویستیان بە ئەدرێسێكە (ناونیشان)، لە نێتۆركیندا چەند جۆرێكی جیاوازی ئەدرێس هەیە، كە هەریەكەیان لە چینێكی جیاوازی مۆدێلی ئۆ ئێس ئای (OSI)ـدا كاردەكەن، كۆنتڕۆڵكەری چوونەناوەوەی میدیا یاخود ماك ئەدرێس یەكێكە لە ڕێگان كە شوێن و ناونیشانی كۆمپیوتەری پێ دیاریدەكرێت كە لە چینی داتا لینكدا كاردەكات لە مۆدێلی ئۆ ئێس ئای (Data link layer of OSI model).

ماك ئەدرێس

ماك ئەدرێس برتییە لە ژمارەیەكی بێ هاوتای 48-Bit بیت كە لەسەر هەموو كارتێكی نێتۆرك (NIC) تۆماركراوە لەكاتی دروستكردن، هەروەها ماك ئەدرێس پێیدەوترێت ئەدرێسی فیزیكی (ناونیشانی فیزیكی)ـی ئامێری نێتۆرك، لە ستانداردی IEEE 802 چینی داتا لینك دەكرێت بە دوو بەشی ترەوە كە بریتین لە:

  • Logical Link Control (LLC) Sublayer
  • Media Access Control (MAC) Sublayer

ماك ئەدرێس لەلایەن بەشی (Media Access Control (MAC) Sublayer)ـەوە بەكاردێت، ماك ئەدرێسی كۆمپیوتەرێك لە جیهاندا تاكە و دووبارەبوونەوەی نییە، چونكە ملیۆنان ئامێر هەیە لە جیهاندا كە پێویستیان بە ماك ئەدرێسە (ناونیشان) و نابێت دووبارەبوونەوە ڕووبدات.

پێكهاتەی ماك ئەدرێس

ماك ئەدرێس پێكدێت لە 12 ژمارەی هێكسادێسیماڵ، كە بە كۆڵۆنی هێكسا دێسیماڵ ( : ) لێك جیادەكرێنەوە، شەشەم ژمارەی یەكەمی ماك ئەدرێس ناونیشانی كۆمپانیای بەرهەمهێن دیاریدەكات كە پێیدەوترێت (Organizational Unique Identifier) یاخود (OUI)، كۆمپانیاكان بریتین لە:

  • سیسكۆ  -  CC:46:D6
  • گووگڵ – 3C:5A:B4
  • ئێچ پی (HP) - 3C:D9:2B
  • هواوی - 00:9A:CD

چەند تەكنەلۆژیایەك هەن وەك (Token Ring) و (Ethernet) كە ماك ئەدرێس بەكاردەهێنن، بەڵام هەندێك نێتۆرك هەیە وەك (AppleTalk) كە ماك ئەدرێس بەكارناهێنێت.

جۆرەكانی ماك ئەدرێس

فرەیمێك (داتا) گەر بە تاك نێردەر بنێردرێت ئەوا تەنها بۆ ئەو ماك ئەدرێسە دەڕوات كە دەستنیشانكراوە، گەر ماك ئەدرێسەكە كەمترین بت (least significant bit)ـی یەكەم ئۆكتێت سفر بوو ئەو ئەو فرەیمە تەنها بۆ یەك وەرگر (كۆمپیوتەر دەڕوات)، نمونەی ماك ئەدرێسی تاك نێردەر (Unicast) وەك:
 (00-07-E9-65-F5-43): وەك دەبینین ژمارەی سەرەتا بە سفر دەستپێدەكات.

گەر فرەیمێك (داتا) نێردرا بۆ چەند كۆمپیوتەرێكی دیاریكراو ئەوا ئەو فرەیمە بە فرە ناردن (Multicast) دەنێردرێت، بۆیە گەر ئەو ئەدرێسەی كە كۆمپیوتەرێك فرەیمی بۆ دەنێرێت كەمترین بت (least significant bit)ـی یەكەم ئۆكتێت یەك بوو، ئەوا مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو فرەیمە بە فرە ناردن (Multicast) نێردراوە.

IEEE ئەدرێسی بلۆكی (بەش)ـی (01-80-C2-xx-xx-xx) واتا ئەو ئەدرێسانەی كە لە (01-80-C2-00-00-00)ـەوە دەست پێدەكەن تا (01-80-C2-FF-FF-FF) دەستنیشانكردووە بۆ كۆمەڵە پڕۆتۆكۆڵێك كە كۆمپیوتەرەكان ناتوانن بەكاریبهێنن.

بەهەمانشێوەی چینی نێتۆرك، لە چینی داتا لینكیشدا دەتوانیت فرەیم (داتا) پەخش بكەیت، بۆیە گەر هەر فرەیمێك نێردرا بۆ ماك ئەدرێسی (FF-FF-FF-FF-FF-FF) ئەوا پێیدەوترێت پەخشكردن (Broadcast) واتا فریمەكە بۆ هەموو كۆمپیوتەرەكانی كە لەو نێتۆركەدان دەڕوات.


سەرچاوەکان



1188 بینین