یەکێتیی سۆڤیەت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-16-04:14:00 - کۆدی بابەت: 5357
یەکێتیی سۆڤیەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یەكێتی سۆڤییەت (بە عەرەبیالاتحاد السوفيتي، بە ئینگلیزی: Soviet Union، بە ڕووسی: Советский Союзكۆمارە سۆسیالیستەكانی سۆڤیەت دەوڵەتێكی شیوعییە، ڕووبەرەكەی زۆرینەی ناوچەكانی ئۆراسیای دەگرتەوە لە نێوان ساڵانی 1922 بۆ 1991، لە پانزە كۆماری خاوەن دەسەڵاتی خۆجێی پێكهاتبوو كە كۆماری ڕووسیای سۆڤیەتی سۆسیالیست بنكەی بوو و مۆسكۆش پایتەختەكەی بوو، هەروەها چەند بنكەیەكی دیكەی گرنگی هەبوو وەك لینینگراد لە كۆماری ڕووسیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی و شاری كیێڤ لە كۆماری ئۆكرانیای سۆسیالیستی سۆڤیەت و مێنسك لە كۆماری بیلاڕووسی سۆسیالیستی سۆڤیەتی و شاری تاشكەند لە كۆماری ئۆزپاكستانی سۆسیالیستی سۆڤیەتی، هەروەها ئالماتی لە كۆماری كازاخستانی سۆسیالیستی سۆڤیەتی، كە پێكەوە پێیان دەوترا نۆڤۆسیبیرسك كە بە ڕووسی واتە یەكێتی كۆمارە سۆسیالیستەكانی سۆڤیەت و بە كورتكراوەی CCCP دەناسرا.

وشەی سۆڤیەت لە زمانی ڕووسی واتە "دەوڵەت"، ئەوەش یەكەمین ناو بوو كە لە یەكەمین لیژنەی میـلـلی كرێكاران وترا لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا لە 1905، لەم یەكێتییەدا لیژنەی سۆڤیەتی باڵا مەرجەعی سەرەكی تەواوی كۆمارەكانە.

یەكێتی سۆڤیەت لە ناو جەرگەی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیاوە دروستبوو دوای ئەوەی چەند ڕووداوێك بوونە هۆی لاوازی ئیمپڕاتۆرییەتەكە وەك شۆڕشی ڕووسیا لە 1917 و كە دوای ئەوە جەنگی ناوخۆی ڕووسیا سەری هەڵدا و چەند ساڵی خایاند لە 1918 بۆ 1921، لەدوای دروستبوونی یەكێتی سۆڤیەتەوە هێشتا ناوی ڕووسیا دەبرا لە پاڵ ناوی یەكێتی سۆڤیەت، وڵاتەكە هەرگیز سنوورەكانی جێگیر نەبوون و ساڵ بە ساڵ گۆڕاون، تەنانەت دوای جەنگی جیهانی دووەم توانی زۆرینەی خاكی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیای پێشوو بەدەست بهێنێتەوە، وەك وڵاتانی ئیستۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا و ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا و بیسارابیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

ڕەگ و ڕیشەی یەكێتی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی 1917ـی بەڵشەفییەكان كاتێك شۆڕشیان كرد لەدوای حكومەتی كاتی ڕووسیا دەسەڵاتیان گرتە دەست لەجێی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا، جەنگی ناوخۆش لەلایەن هێزەكانی بەڵشەفی و هێزە كۆنەكانی ئیمپڕاتۆریەتەوە بوو، لە بەناوبانگترینیان هێزی سووپای سپی بوو كە بە سەختی دژی شیوعی بوون، و شیوعییەكان پێیاندەوت تیرۆرستانی سپی، سووپای سوور هێزی زیاتری دەستكەوت و یارمەتی بەڵشەفییەكانی دا بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، ساڵی 1922 بەڵشەفییەكان سەركەوتن و توانییان یەكێتی سۆڤیەت لە وڵاتانی ڕووسیا و قەوقاز و بیلاڕووس و ئۆكرانیا دروست بكەن.

نازناو سۆڤیەت، سۆسیالیست، كۆماری
پایتەخت مۆسكۆ
شێوازی حوكم فیدراڵی سۆسیالیستی ڕژێمی تاك حیزبی
زمانی فەرمی ڕووسی
لیژنەی یاسادانان  لیژنەی سۆڤیەتی باڵا
سووپای فەرمی سووپای سووری سۆڤیەت
حیزبی فەرمانڕەوا حیزبی شیوعی سۆڤیەت
دەزگای هەواڵگری و زانیاری KGB
بەشداری
  • هاوپەیمانانی وارسۆ 1955 بۆ 1991
  • ڕێكخراوی ئاسایش و یارمەتی ئەوروپا 1973 بۆ 1992
  • لیژنەی هاریكاری ئابووری 1949 بۆ 1991
  • ڕێكخراوی فڕۆكەوانی نێودەوڵەتی
  • نەتەوە یەكگرتووەكان 1945 بۆ 1991
  • ئەنجومەنی ئاسایش 1946 بۆ 1991
  • وڵاتانی ئەتۆمی 1990
دامەزراندن 30/12/1922
ڕووخان 26/12/1991
ڕووبەر 22402200 كیلۆمەتری دووجا
دانیشتوان 293047571 كەس
دراو ڕۆبڵی سۆڤیەتی
ناوچەی كاتی  +2 بۆ +13
ژمارەی نێودەوڵەتی  تەلەفۆن +7

سیاسەتی وڵاتەكە

بەڕێوبردنی وڵات لە سێ دەستە پێكهاتبوو، دەستەی پلاندانان كە لەلایەن لیژنەی سۆڤیەتی باڵاوە دەكرا، دەستەی ئەنجامدان كە ئەنجومەنی وەزیران بوو، هەروەها حیزبی شیوعی سۆڤیەتی كە یەكەمین و تاكە حیزبی وڵات بوو و خاوەنی سیاسەتی وڵات بوو.

حیزبی شیوعی

حیزبی شیوعی سۆڤیەتی كە تاكە حیزبی وڵات بوو لیژنەیەكی ناوەندی هەبوو كە لەلایەن كۆنگرەی حیزب و كۆنگرەكانی دیكەوە هەڵدەبژێردرا، كاری لیژنەكەش هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسی حیزب بوو كە لەلایەن ئەمینداری گشتییەوە چاودێری دەكرا، كە ئەمینداری گەورەترین پلەی سیاسی وڵات بوو.

ئەمیندار پارێزگاری لە حیزب و وڵات دەكرد بە هەڵبژاردنی پێگە هەستیارەكانی وڵات بە پێی بەرژەوەندی حیزب و ڕژێمی شیوعی.

ئابووری وڵات

ئابووری یەكێتی سۆڤیەت پشتی بە پلانی پێنجییەوە دەبەست، كە بۆ هەر ماوەیەك چەند كارێكی سەرەكی دادەنران بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن و هەموو كایەكانی وڵاتیان دەگرتەوە، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی ستالیندا وڵات بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی و لە وڵاتێكی كشتوكاڵییەوە گۆڕا بۆ وڵاتێكی پیشەسازی، وەك پیشەسازییەكانی نەوت لە سیبیریا و دۆزینەوەی كانزای ژێرزەوی كە بووە هۆی بوژاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت، هەروەها دەستگرتنی وڵات بەسەر هەموو بوارەكانی ئابووری لە كێڵگە و ڕووبەرە ئابووریەكان و ناساندنیان وەك موڵكی وڵات، ئەمەش زیاتر لە سەردەمی ستالین و خرۆتشۆڤ.

لە كۆتایی ساڵەكانی سۆڤیەت بەهۆی جەنگی ئەفغانستانەوە وڵاتەكە پاشەكشەی كرد لە ئابووری.

جوگرافیا

ڕووبەری گشتی یەكێتی سۆڤیەت 22،276،060 كیلۆمەتری دووجای تێپەڕاند، كە وایدەكرد گەورەترین وڵاتی سەر زەوی بێت، تەنانەت ئێستاش ڕووسیا كە شوێنی گرتۆتەوە هەر گەورەترین وڵاتی گۆی زەوییە، ئەندازەی یەكێتی سۆڤیەت ئەوەندەی كیشوەری ئەمریكای باكوور دەبێت، بەشی ئەوروپی وڵاتەكەش چارەكێكی ڕووبەری وڵاتی دەگرتەوە، هەروەها گەورەترین بەشی ئابووری و ئەدەبی وڵات بوو، وڵاتەكە لە پێنج ناوچەی كاتی جیاواز و پێنج جۆر ناوچەی كەشوهەوایی پێكهاتبوو كە بریتیبوون لە:

  • تەندرا
  • تایگا
  • دەشتایی
  • بیابان
  • شاخەكان

مێژوو

یەكێتی سۆڤیەت لەدوای ساڵی 1922ـوەوە لە چوار كۆماری سۆسیالیستی پێكهاتبوو، بەڵام لە ساڵی 1940 كۆماری ئیستۆنیای سۆسیالیستی سۆڤیەتیش هاتە سنووری دەسەڵاتی حوكمەوە و لە ساڵی 1956 كۆمارەكانی گەیشتنە 16 كۆماری سۆسیالیستی، كە دەسەڵاتی هەموویان لەلایەن بەڵشەفییەكانەوە بەڕێوەدەبرا و دواتریش ناویان كرد بە حیزبی شیوعی سۆڤیەتی.

لەدوای ساڵی 1945 بۆ 1991 جەنگی ساردی نێوان یەكێتی سۆڤیەت و ئەمریكا دەستی پێكرد، هەردوو وڵات بوونە دوو بەرەی گەورەی جیهان و كێبڕكێیان بوو لەسەر پێشكەوتن و داگیركاری زۆرترین وڵات بە هاوكاری ماددی و پاڵپشتی و بڵاوكردنەوەی ئایدۆلۆژیای خۆیان تێیدا.

لینین دوای خوێندنەوەی كتێبەكانی ماركس و ئێنگڵس دەستی كرد بە چالاكی دژی ئیمپڕاتۆریەت و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی شیوعی، لە ساڵی 1917 شۆڕشی بەڵشەفی كرا و لینین بووە سەركردەی شۆڕش، ساڵی 1918 دوو فیشەك بە سەریەوە دەنرێت بەڵام وازناهێنێت و بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشچوون، دواتریش لینین بووە سەركردەی جەنگی ناوخۆ و براوە بوو.

ساڵی 1924 شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا دانی بە یەكێتی سۆڤیەتدا نا و لە هەمان ساڵ دەستووری یەكێتی سۆڤیەت نوسرایەوە، دوای ئەوە دەست كرا بە بونیادنانی ئابووری و سەربازی و سیاسی، یەكێك لە باشترین ئەو بیرۆكانەی جێبەجێكرا بریتیبوو لە بیرۆكەی گۆیلرۆ، ئەویش گەیاندنی كارەبا بوو بۆ تەواوی ناوچەكانی وڵات و لە ساڵی 1931 بە شێوەیەكی یەكجاری تەواوبوو.

دوای هاتنی ستالین بۆ سەر حوكم لە 3/4/1924 دەستی كرد بە پاكتاوكردنی ئەو كەسانەی گومانی لێیان هەبوو، بۆ ئەوەی ببێتە كەسی یەكەمی وڵات، دواتریش دەستی كرد بە دانانی یاسای تەواوخوازی بۆ وڵات دوای لەناوبردنی هەریەك لە گریگۆری زینۆڤایڤ و لیۆن ترۆتسكی و دوورخستنەوەیان لە حیزب.

لە سەردەمی ستالین پیشەسازی وڵات بە تەواوی گەشەی سەند و گەورەبوو.

دوای ئەوەش بڕیاری دروستكردنی كێڵگەی بەكۆمەڵ دەرچوو كە كۆلاكەكان دژی وەستانەوە، كە بووە هۆی ئەوەی حكومەت بە زەبری هێز لەگەڵیان بجوڵێتەوە دوای ئەوەی بەشەكانی خۆیانیان ڕادەستی حكومەت نەكرد و شاردیانەوە.

جەنگی جیهانی دووەم

دوای ئەوەی ساڵی 1941 ئەڵمانیا هێرشی كردە سەر یەكێتی سۆڤیەت، جەنگ لە وڵات بەرپابوو و ناونرا "جەنگی نەتەوەیی گەورە"، دوای ئەوەی سووپای ئەڵمانیا بە تەواوی نزیكی مۆسكۆ بوویەوە، بەهۆی سووپای سوور و زستانی ساردی ڕووسیاوە دەیان هەزار سەربازیان مردن و كوژران، ئەوەش بووە یەكەمین شكستی ئەڵمانەكان.

هەروەها جەنگی ستالینگراد كە لە كۆتایی 1942 دەستی پێكرد بۆ 1943، وایكرد ڕێڕەوی جەنگ بە سوودی یەكێتی سۆڤیەت بگۆڕێت و لەجێی بەرگری دەست بكات بە هێرشكردن، دوای ئەوەش لە ساڵانی دواتر توانی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بڕوات و ساڵی 1945ـیش بەرلینی داگیركرد.

هەرچەندە بەهۆی جەنگەوە 27 ملیۆن كەسی لەدەستدا، بەڵام لەدوای جەنگ بوو بە یەكێك لە پێنج دەوڵەتە بەهێزەكەی جیهان كە لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش توانای بڕیاردانی تاكی هەبێت و مافی ڤیتۆی لەدەست بێت.

جەنگی كۆریا

جەنگی ناوخۆی كۆریا لە ساڵی 1950 لە نێوان كۆریای سۆشیالیزمی و كۆریای باشوور ڕوویدا و هەریەك لە یەكێتی سۆڤیەت و چین پاڵپشتی كۆریای باكوور بوون و كۆریای باشووریش ئەمریكا و توركیا یارمەتیدەری بوون، جەنگەكە لە 1953 كۆتایی هات بە جیابوونەوەی هەردوو كۆریا و دروستبوونی دوو وڵاتی نوێ بە سیستمی جیاوازەوە.

جەنگی ڤێتنام

جەنگی ڤێتنام لە نێوان ڤێتنامی باكوور و باشوور دەستی پێكرد كە ئەمریكا لایەنگری بەرەی باشوور و یەكێتی سۆڤیەت و چینیش پاڵپشتی بەرەی باكووریان دەكرد و لەم جەنگەدا ڤێتنامی شیوعی براوەبوو.

ئایین

حكومەتی سۆڤیەتی بە زەبری هێز و لەڕێگای پڕۆگرامی خوێندنەوە دژی ئایین وەستایەوە، دەستی كرد بە داخستنی تەواوی پەرستاگاكان تەنانەت لە كۆمارە فرەمەسیحی و جولەكە و موسوڵمانەكانیشدا، لە پڕۆگرامی خوێندن و كۆمەڵگەشدا بیرۆكەی ئیلحاد تەشەنەی سەند و بە شێوەیەكی بەرچاو بڵاوبوویەوە.

هونەر

لە ڕووی هونەری وێنەكێشانەوە زیاتر جەخت دەكرایەوە لەسەر بنەماكانی وڵات و حیزبی شیوعی و مۆركی ئەوانی پێوە دیاربوو، هەروەها لە سەردەمی جەنگیش پۆستەرە بڵاوكراوەكان هانی خەڵكی دەدا بۆ بەشداری لە جەنگ.

وێنەكێشە بەناوبانگەكان

  • ئەلێكساندەر دێینێكا
  • ئەلێكساندەر گێراسیمۆڤ
  • ئەلێكساندەر نیكۆلاڤیچ سامۆخڤالۆڤ
  • ئێڵ لیزیتسكی
  • گۆستاڤ كڵوتسیس
  • كازیمیر مالیڤیچ
  • كۆستەنتەنین یۆن
  • لیۆنید ستیڵ
  • مارك شەگاڵ
  • ڤلادیمێر تاتلین

بەڵام گۆرانی وتن و شیعر پەرەی سەند و بڵاوبوویەوە، لە جەنگی جیهانی دووەمدا گۆرانی میلـلی و نەتەوەیی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد و هانی گەنجانی دەدا بۆ شەڕكردن.

سەرۆكەكان

ڤلادیمێر لینین 1917 بۆ 1922
جۆزێف ستالین 1922 بۆ 1953
جۆرجی مالینكۆڤ 1953 بۆ 1955
نیكیتا خرۆچۆڤ 1955 بۆ 1964
لیۆنید برێژنێڤ 1964 بۆ 1982
یووری ئەندرۆپۆڤ 1982 بۆ 1984
قوستەنتین چێرنینكۆ 1984 بۆ 1985
میخائیل گۆرباتشۆڤ 1985 بۆ 1991

كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤیەت

  • كۆماری ئەرمینیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری ئیستۆنیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری ئۆزپاكستانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری ئۆكرانیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری بیلاڕووسیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری توركمانستانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری جۆرجیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری ڕووسیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری تاجیكستانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری كازاخستانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری قیرقزستانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری لاتیڤیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری لیتوانیای سۆڤیەتی سۆسیالیستی
  • كۆماری مۆڵدۆڤای سۆڤیەتی سۆسیالیستی

كۆتایی وڵاتەكە

لە 21/12/1991 لە یازدە كۆماری دەوڵەتەكە لە شاری ئالماتی كازاخستان كۆبوونەوە و جیابوونەوەیان لە یەكێتی سۆڤیەت ڕاگەیاند. دوای ئەوەش لیژنەی سۆڤیەتی باڵای یەكێتی سۆڤیەت ڕاگەیاندنی ژمارە (H-142)ـی بڵاوكردەوە و دانی بە سەربەخۆیی كۆمارە جیابووەكاندا نا، و ڕابیتەی دەوڵەتە سەربەخۆكانی پێكهێنا بۆ جێگرتنەوەی یەكێتی سۆڤیەت. ڕۆژێك پێش بڵاوكردنەوەی ڕاگەیاندراوەكە سەرۆك میخائیل گۆرباتشۆڤ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە دەسەڵات ڕاگەیاند، هەروەها وتی نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی كۆمارەكانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی داخراوە و پوچەڵ كراوەتەوە.

ساڵی 2006ـیش لە چاوپێكەوتنێكدا كۆتا سەرۆكی دەوڵەتەكە وتی یەكێك لە گەورەترین هۆكارەكانی ڕووخانی سۆڤیەت تەقینەوەی چێڕنۆبڵ بوو. هەروەها گەیاندنی تەواوی دەسەڵاتەكان و تەنانەت دەسەڵاتی بۆمبی ئەتۆمیش دەداتە سەرۆكی نوێ بۆریس یەڵتسن.

دوای وتارەكەی گۆرباتشۆڤ كۆشكی كریملن جێدەهێڵێت، دواتر لە ئێوارەدا كاتژمێر 7:32 لە مۆسكۆ، ئاڵای سووری سۆڤیەت هێنرایە خوارەوە و ئاڵای سێ ڕەنگی ڕووسیا بەرزكرایەوە.

دوای ڕووخانی دەوڵەتەكە وڵاتە سەربەخۆیە نوێیەكان پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ڕووسیادا بە باشی هێشتەوە، دواتریش چەندین ڕێكخراو دروستكران وەك یەكێتی دەوڵەتانی سەربەخۆ بۆ پەیوەندی بازرگانی و سەربازی گرنگ لە نێوان دەوڵەتە نوێیەكان. هەندێكیشیان لەگەڵ ناتۆ یەكیان گرت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی سەربازی و ئابووری بەدەستبهێنن و دووربكەونەوە لە ژێر دەستی ڕووسیا.


سەرچاوەکان



5794 بینین