موبەڕیدە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-16-23:36:00 - کۆدی بابەت: 5368
موبەڕیدە

ناوه‌ڕۆك

هۆکارەکانی فێنک کردنەوە

لە دێر زەمانەوە مرۆڤ بە دوای هۆکاری فێنک کردنەوەدا گەڕاوە بۆ کەمکردنەوەی هەستی گەرمی، بە تایبەتی لە ناوچە زۆر گەرم و وشکەکاندا، مرۆڤ پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی پەڕ و گەڵای خورما و هۆکاری دیکەی فێنک کردنەوە، هەتاکو شۆڕشی پیشەسازی هات و بە داهێنانی کارەبا دەستیپێکرد کە هەموو بوارەکانی بە ڕووی زانایاندا کردەوە تاوەکو هەموو شتە دەستییەکان بگۆڕن بۆ کارەبایی، یەکێک لەو داهێنانە کارەباییە مەزنانە بریتی بووە لە هۆکارەکانی فێنک کردنەوە وەک پانکەی کارەبایی، پانکەی بەر پەنجەرە، سپلیت و موبەڕیدە.

موبەڕیدە

موبەڕیدە جۆرێکە لە جۆرەکانی فێنککەرەوە کارەباییەکان و بەکارهێنراوترینە لە ناوچە بیابانییە وشکەکاندا، موبەڕیدە کار دەکات بۆ گۆڕینی هەوای گەرمی وشک بۆ فێنک و شێدار.
موبەڕیدە بریتییە لە شەشپاڵوویەک کە پانکەیەک لە ناویدایە و چواردەوری بە چینی پوش داپۆشراوە، سۆندە ئاو دەبەن بۆ پووشەکان، دینەمۆیەکی کارەباییش بە سۆندەکانەوەیە، بزوێنەرێکی کارەباییشی لەناودایە، دوگمەی کۆنترۆڵکردنیش لە دەرەوەی هەیە. یەکێک لە شەش ڕووەکەی شەشپاڵووەکە بریتییە لە پەنجەرەیەک کە بەهۆی پانکەکەوە هەوای لێوە دەردەچێت، بەشی سەرەوە بریتییە لە سەقف و بەشی خوارەوە بریتییە لە حەوزێک بۆ کۆکردنەوەی ئاو، لە ناو حەوزەکەدا دینەمۆیەک و ئامێرێکی کۆنترۆڵکردنی هاتنە ناوەوەی ئاو هەیە بۆ دیاریکردنی بڕی ئەو ئاوەی دێتە ناو حەوزەکە، دەربارەی سێ ڕووەکەی دیکەی موبەڕیدە کە ماونەتەوە، ئەوان بریتین لە فلتەری پلێتی ئاسنین کە کون کون کراون بە شێوەی لاکێشەیی تاوەکو ڕێگە بە هەوای گەرم و وشک بدات پیایدا تێپەڕ بێت و بڕوات بەناو فلتەرە لە پووش دروستکراوەکان.

لەگەڵ کەوتنە کارکردنی پانکەکە دینەمۆکەش لەگەڵی دەکەوێتە کار و دەست دەکات بە ڕاکێشانی هەوا لە دەرەوەی موبەڕیدەکەوە بە تێپەڕ بوون بە ناو دەرچە لاکێشەییەکانی سێ ڕووە کون کونەکان، ئەو هەوایەی کە ڕایدەکێشێت وشک و گەرمە، بەڵام کە بە ناو فلتەرە پووشییەکاندا تێپەڕ دەبێت هەواکە سارد دەبێتەوە و فێنک دەبێت، ئیدی لە ناوەوە پانکەکە ڕایدەکێشێت و لە دەرچەی  پێشەوە هەوایەکی فێنک دەردەچێت.

بەکارهێنانی موبەڕیدە

موبەڕیدە باشتر وایە لە ناوچە وشکەکاندا بەکار بێت نەک لە ناوچە شێدارەکان لەبەر ئەوەی کارایی کارکردنی پشت دەبەستێت بەوەی کە ئەو هەوایەی وەریدەگرێت وشک بێت بۆ ئەوەی شێی پێویستی پێبدات لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی گەرمیی کاتێک بە پووشتە تەڕەکەدا تێپەڕ دەبێت، موبەڕیدە زۆر بەکاردێت لەبەر ئەوەی تێچووی کەمە بە بەراورد جۆرەکانی دیکەی فێنککەرەوە، سەرەڕای ئەوەی شێ دەدات بە هەوا و ئەو کارە دەکات کە فێنککەرەوەکانی دیکە ناتوانن بیکەن.


سەرچاوەکان



944 بینین