دژەمووشەکی گومبەتی ئاسنین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-17-13:58:00 - کۆدی بابەت: 5370
دژەمووشەکی گومبەتی ئاسنین

ناوه‌ڕۆك

دژەمووشەكی سەرەكی ئیسرائیل

گومبەتی ئاسنین یاخود Iron Dome, سیستمێكی بەرگری ئاسمانی دژەموشەكی ئیسرائیلی جوڵاوە، كۆمپانیای ڕافائێل دروستكی كردووە كە كۆمپانیای پێشكەوتووی چەكە، هۆكاری دروستكردنی بۆ ڕێگرییە لە مووشەكی ماوەكورت و تۆپهاوێژ، لە شووباتی 2007 وەزیری بەرگری ئیسرائیلی عەمیر پێرتز سیستمی دژەموشەكی گومبەتی ئاسنینی وەك باشترین چارەسەر دانا بۆ بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل لە هەر مووشەكێكی ماوەكورت بۆ سەر وڵاتەكە، لەوكاتەوە دەستكرا بە پێشخستنی سیستمەكە كە تێچووەكەی گەیشتە 210 ملیۆن دۆلار و لە ساڵی 2011 چووە خزمەتی سووپای ئیسرائیل، لە ساڵی 2021ـیش بووە كێشە بۆ سووپای ئیسرائیل كاتێك نەیتوانی بە گشتی بەرگری لە ئاسمانی وڵاتەكە بكات.

پێویستی سیستمەكە بۆ سووپا

سووپای ئیسرائیل كاتێك هەستیكرد پێویستی بە سیستمێكی یەكلاكەرەوەیە، كاتێك بوو كە لە تەمووزی 2006 حیزبوڵڵای لوبنان 4000 موشەكی كاتیۆشای ڕەوانەی ئیسرائیل كرد و بووە هۆی كوشتنی 44 كەس لە باكووری وڵاتەكە و یەك ملیۆن كەس ئاوارەبوون بۆ خۆشاردنەوە لە ترسی بۆمباران، هەروەها لە دواتریش كاتێك بزوتنەوەی حەماس و لایەنەكانی بەرگری فەڵەستین توانییان 8000 مووشەك ڕەوانەی ئیسرائیل بكەن، كە ئەندازەی مووشەكەكانی قەسام 122 ملم بوو.

شێوازی سیستمەكە

سیستمە بەرگرییەكە تایبەتە بە مووشەكی ماوەكورت و تۆپهاوێژی نزیكی 155 ملم، كە مەودایان دەگاتە 70 كم دووری، هەروەها سیستمی ڕادار و شوێنكەوتن لەخۆدەگرێت، هەر یەكێكیان 20 مووشەك لەخۆیان دەگرن كە ناودەبرێن بە (TAMIR)، دژەمووشەكەكە لە ساتی بەكارهێنانیەوە لە سنووری غەززە جێگیر كرا.

ناوەكەی

پێشتر بڕیاربوو ناوی دژەموشەكی (دژە قەسام) بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەگونجاو دیاربوو ڕەتكرایەوە، دواتر ناوی تامیر هەڵبژێردرا كە بە واتای مووشەكی دژ دێت بە عیبری، دواتریش ناوی گومبەتی زێڕین دیاریكرا بۆ پڕۆژەكە بەڵام لەبەرئەوەی وەك زیادەڕۆیی دەردەكەوت ناوەكەی گۆڕا بۆ گومبەتی ئاسنین.

ڕەخنەكان

  1. نرخەكەی زۆر زیاترە لە چاو دژەمووشەكەكانی دیكە كە هەمان توانایان هەیە، چونكە مووشەكەكان نرخیان لە نێوان 35 بۆ 50 هەزار دۆلاردایە، هەندێك جاریش دەگاتە 62 هەزار دۆلار.
  2. لە جەنگی نێوان قەسام و ئیسرائیل لە مانگی مایسی 2021 نەیتوانی تەواوی مووشەكەكانی قەسام بپێكێت و زیانێكی زۆر بەر ئیسرائیل كەوت، هەروەها قەسام توانی بە مووشەكی عەیاش 250 فڕۆكەخانەی بن گۆریۆن و ڕامۆن بپێكێت بەبێ ئەوەی گومبەتەكە بتوانێت ڕایبگرێت.
  3. لە نووسراوێكی ڕۆژنامەی هارتس لە ساڵی 2010 ڕۆئفین بیداتسۆر، چاودێر و شیكەرەوەی سەربازی و مامۆستای زانكۆی تەل ئەبیب نووسیویەتی "گومبەتی ئاسنین گەورەترین پڕۆژەیە، بەڵام كێشەیەك هەیە، كاتی دەرچوونی مووشەكێكی قەسام بۆ سدیرۆت 14 چركەیە، بەڵام دەرچوونی دژەمووشەكی گومبەتەكە 15 چركەی پێدەچێت، ئەوەش واتە سیستمەكە ناتوانێت بەرپەرچی هیچ مووشەكێك بداتەوە كە لە 5 كم كەمتر نەبێت، بەمەرجێك نرخی مووشەكێكیان 50 هەزار دۆلارە، لە كاتێكدا نرخی مووشەكێكی قەسام 300 بۆ هەزار دۆلارە.


سەرچاوەکان



829 بینین