شیر

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-18-01:29:00 - کۆدی بابەت: 5389
شیر

ناوه‌ڕۆك

شیر چییە؟

شیر یەکەمین ماددەی خۆراکییە کە دوای لەدایکبوون پێتی دەدرێت و دەیخۆیتەوە، هەروەها تاکە سەرچاوەی خۆراکی منداڵە تا شەش مانگی دوای لەدایکبوونی، بەهەر حاڵ ئەم ئارەزووەی منداڵ مەرج نییە هەر ئاوا بمێنێت و لەوانەیە لە تەمەنی گەورەبوونیدا ئەسڵەن حەز بە خواردنەوەی نەکات یاخود بە پێچەوانەشەوە وەک منداڵی حەزی لێیبێت.

بە گەورەبوونی تەمەنی منداڵەکە و لەدوای شەش مانگییەوه منداڵەکە لە جاران کەمتر شیر دەخواتەوە و چونکە ئیتر خۆراکیش دەخوات، بەڵام دەبێت ئەم خاڵە ڕەچاوو بکەین کە شیر تەنها بۆ منداڵان نییه و بەڵکوو بۆ هەموو کەسێکە لە هەر تەمەنێکدا بێت.

پێکهاتەی شیر

  • کالۆری (١٤٦)
  • پڕۆتین (٨) گرام
  • چەوری (٨) گرام
  • کالیسیۆم ٪٢٨
  • ڤیتامین B12 ٪١٨
  • پۆتاسیۆم ٪١٠
  • فسفۆڕ ٪٢٢
  • سیلینیۆم ٪١٣
  • ڕایبۆفلاڤین (B2) ٪٢٦

بەشەکانی شیر چین؟

  • بەشی ئاویی شیرەکەیە کە پێی دەڵێن ئاویی و سروشتی ئەم شیرە سارد و تەڕە.
  • چەوری شیرەکەیە کە پێی دەڵێن چەوری و سروشتەکەی گەرم و وشکە.
  • ئەوەیە کە پەنیری لێوە دروست دەبێت و پێی دەڵێن پەنیری سروشتەکەی سارد و وشکە.
  • سروشتی شیری مانگا مامناوەندییە.
    شیرەکانی کارگە چونکە چەوریەکەیان لابراوە ساردن.
    سروشتی شیری گامێش و شیری وشتر گەرمە.
    شیری مەڕ بە شیرێکی خەست ناسراوە و سروشتی مامناوەندە.
    سروشتی شیری بزن و گوێدرێژ ساردە.

سوودەکانی خواردنەوەی شیر

  • تەندروستی پێست: شیر یارمەتی پێست دەدات کە درەوشاوە و نەرم بێت، ئەمەش بەهۆی بڕی ئەو ڤیتامینانەوەیە کە گرنگە بۆ تەندروستی پێست، ڕۆژانە خواردنەوەی دوو کوپ شیر پێستێکی جوانت پێ دەبەخشێت.
  • بەهێزی ددانەکان: شیر باشترین سەرچاوەی کالسیۆمە، هەمان ئەو شتەیە کە دان پێویستی پێیەتی، لەگەڵ ئەمەشدا شیر ڕێگری دەکات لە کلۆر بوون و ڕزینی دانەکان، کالیسیۆم تەنها بە بوونی ڤیتامین D هەڵدەمژرێت، بۆیە دڵنیابن لەو شیرەی کە دەیخۆنەوە با بڕێکی زۆر ڤیتامین D تێدا بێت.
  • تەندروستی ئێسکەکان: ڕاستە کە منداڵەکان بۆ گەشە و بەهێزی ئێسکەکانیان دەبێت شیر بخۆنەوە، هەروەها کەسانی بەتەمەنیش دەبێت شیر بخۆنەوە تا بە دوور بن لە ڕزینی و پووکانەوەی ئێسکەکانیان.
  • بەهێزی ماسولکەکان: بەهۆی بڕێکی زۆری پڕۆتین لە شیردا زۆر گرنگە بۆ بەهێزی ماسولکەکان، زۆرێک لە وەرزشەوانان لەگەڵ وەرزش کردندا شیر دەخۆنەوە، جگە لەوەی خۆراکێکی باشە بۆ ماسولکەکان چارەسەریشە بۆ ئازاری ماسولکەکان، ئەو شلەمەنیانەی کە لەدەستت داوە لەجەستەدا دووبارە قەرەبووی دەکاتەوە.
  • دابەزاندنی کێش: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو خانمانەی ڕۆژانە شیر دەخۆنەوە بەرامبەر بەو خانمانەی کە شیر ناخۆنەوە کێشیان کەمترە و لاوازترن، ئەگەر جەستەیەکی ڕێک و جوانت دەوێت ئەوا ڕۆژانە پەرداخێک شیر بخۆرەوە، هەروەها زۆر باش دەبێت کە کاتی نان خواردن یاخود میوە خواردن پەرداخێک شیر بخۆیتەوە.
  • کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی: بەهۆی ئەو ڤیتامین و ماددە سودبەخشانەی کە بوونیان هەیە لەشیردا، شیر دەتوانێت چارەسەر بێت بۆ پەستانە دەروونیەکان، دوای ڕۆژێکی پڕ کار و ماندوێتی پەرداخێک شیر بخۆرەوە بۆ ئارامی دەروون و کەشەنگ نەبوونی ماسولکەکانت.
  • کەمکردنەوەی نیشانەکانی پێش سوڕی مانگانە: زۆرێک لە خانمان ئازار دەچێژن بەهۆی ئەو ئازارە جەستەیانەیی کە پێش سوڕی مانگانە تووشی دەبن، دەرکەوتووە کە شیر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکەیان و کەمکردنەوەی کاریگەرە دەروونییەکان لە =ماوەی سوڕەکەیاندا.
  • پێدانی وزە: کاتێک ئیشێکی زۆرت هەیە و دەتەوێت بەرگەی سەختییەکانی ئەو ڕۆژە بگریت پێش ئەوەی دەست پێ بکەیت کوپێک شیری سارد بخۆرەوە.
  • نەهێشتنی دڵەکزە: زۆرێک لە خواردنەکان ماددەی ئەسیدییان تێدایە و خەڵکی دوای خواردنی هەست بە دڵەکزە دەکات، خواردنەوەی کوپێک شیر دڵەکزەکەت ناهێڵێت، هەست بە فێنک بوونەوەی دەکەیت و یارمەتیدەری گەدەیە تا لەو کزانەوەیە ڕزگاری ببێت.
  • ڕێگری کردن لە نەخۆشی: لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە شیر ڕێگری دەکات لە زۆرێک لە نەخۆشیەکان، توانای کەمکردنەوەی بەرزی فشاری خوێنی هەیە و کەمکردنەوەی مەترسی جەڵتەی مێشک، هەروەها کەمکردنەوەی کۆلیستڕۆڵی سەر جگەر و یارمەتی کێشەکانی بینین دەدات، هەروەها کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە هەندێک لە شێرپەنجەکان.
  • گونجاوە بۆ نەخۆشانی شەکرە: دەتوانیت ڕێژەی شەکری ناو خوێن کۆنتڕۆڵ بکەیت بە خواردنەوەی کوپێک شیر لە بەیانیاندا، توشبووانی شەکرەی جۆری دووەم دەتوانن سوود لەمە وەربگرن، ئەگەر ژەمی بەیانیان شیری دەوڵەمەند بە پڕۆتین و لەگەڵ نانێک کە بڕێکی زۆر کاربۆهیدراتی تێدابێت وەک نانی گەنم بخۆن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هۆڕمۆنەکانی گەدە ئازاد ببن و زووتر هەستی تێربوون دەرببڕن، وە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسەکە خواردنێکی کەمتر بخوات کە بەسوودە بۆ پاراستنی ڕێژەی شەکری ناو خوێنی و مەترسی قەڵەویشی لەسەر کەم دەکاتەوە.
  • کەمکردنەوەی توشبوون بە هەستیاری شیری خاو واتە شیری مانگا شیرێکی زۆر بەسوودە و چەندین سوودی هەیە و مەترسی توشبوون بە هەستیارییەکان کەم دەکاتەوە.
  • باشترکردنی کاری مێشک: بۆ منداڵان دەبێت شیر سەرچاوەیەکی باشی خۆراکیان بێت چونکە سەرچاوەیەکی باشە بۆ ڤیتامینەکانی B کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مێشک بە باشی کارەکانی بکات و کاتی خەوی منداڵەکه ڕێکبخات، بە گشتی شیری خاو و واتە شیری مانگا زۆر بەسوودترە لە هەر شیرێکی تر بۆ منداڵان.
  • چارەسەری نەخۆشیەکانی دڵ: ئەگەر چی کە باسی کالسیۆمی ناو شیر دەکەین و خێرا سەرنج دەخەینە سەر ئێسکەکان بەڵام دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشیەکانی دڵ و مەترسی توشبوون بە جەڵتەی دڵ کەم بکاتەوە.
    هەروەها شیر بڕێکی باش پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدایه کە دەتوانێت یارمەتی دابەزاندنی فشاری خوێن بدات و یارمەتی خوێن دەدات کە زیاتر بچێت بۆ هەموو ئەندامەکانی جەستە، هەر بۆیە دەبێتە هۆی کەمبونەووەی فشار لەسەر دڵ.
  • سەرچاوەیەکی سەرەکی پڕۆتینە شیر دەوڵەمەندە بە پڕۆتین و تەنها کوپێک شیر ٨ گرام پڕۆتینی تێدایە، پڕۆتین بۆ زۆرێک لە کارەکانی ناو جەستەمان پێویستە بۆ نموونە گەشەکردن و ڕێکخستنی سیستمی بەرگری لەش. دوو جۆری سەرەکی پڕۆتین هەیە لە شیردا (پڕۆتینی کازین و پڕۆتینی ئاوی پەنیر) کازین زۆرترین پڕۆتینی ناو شیری مانگاکەیە کە ڕێژەی ٪٨٠-٧٠ پێکدەهێنێت، و پڕۆتینی ئاوی پەنیریش ٪٢٠ ـی پێکدەهێنێت.
  • خەمۆکی: شیر بڕێکی زۆری ڤیتامین دی تێدایە کە یارمەتی دروستبوونی (سیرۆتۆنین) دەدات، کە هۆڕمۆنی تایبەت بە خوڕەوشت و هەستی خواردن و خەوە.
  • هەوکردن: شیر پێشنیار دەکرێت وەک دەرمانێک بۆ سووتانەوە و هەناسەتوندی و سوتانی سەر پێست و بوونی پڕۆتینی تەواو و ئەسیدی چەوری ئۆمێگا 3 و پێکهاتەی ئەنتی ئۆکسیدان لەناو شیردا وادەکەن کە دژی هەوکردن بێت.
  • بۆ خەوێکی تەندرووست: پەستانی دەروونی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی کەمبوونەوەی خەو و تێکچوونیەتی، شیر ماددەی (ئەسید ئەمین ترایپتۆفان)ـی تێدایە هەر بۆیە بە خواردنەوەی شیر هەست بە خەواڵووی دەکەیت، خواردنەوەی کوپێک شیری گەرم پێش خەوتن یارمەتیدەرە بۆ خەوێکی ئاسوودە.
  • ڕێکخستنی ئاوی جەستە: جگە لە ئاو شیریش هۆکارێکی زۆر باشە بۆ شێداری پێست، خواردنەوەی کوپێک شیر دوای وەرزش قەرەبووی ئەو ئاوە لەدەست چووە دەکاتەوە کە لەکاتی وەرزشکرندا بەفیڕۆ چووە.
  • تەندروستی قژ: یارمەتیدەرە بۆ زوو درێژبوونەوەی قژ و هەروەها نەرمکردنەوەی مووەکە و لابردنی سوتاویی قژەکە.
  • ڕێگریکردن لە زوو پیربوون: خواردنەوەی شیر پێستت بە شێداری دەهێڵێتەوە و دەیپارێزێت لە تیشکی خۆر هەر بۆیە درەنگتر پیر دەبیت.

باشترین کات بۆ خواردنەوەی شیر چ کاتێکە؟

هەموو کاتێک شیر خواردنەوە باشە بەتایبەت پێش خەوتن، باشترین جۆریش خواردنەوەی شیری گەرمە، چونکە خواردنەوەی شیری سارد بۆ کەسانێک کە کێشەی کۆئەندامی هەرسییان هەیە کێشەیە و دەبێتە هۆی ئازاری گەدە و کۆڵۆن.


سەرچاوەکان



3870 بینین