بەغداد

له‌لایه‌ن: - ڕەوەند دڵشاد - به‌روار: 2021-05-26-00:24:00 - کۆدی بابەت: 5544
بەغداد

ناوه‌ڕۆك

پایتەختی عێراق

بەغداد، هەروەها بە (بەغدا)ش دەنووسرێت و بە زمانی فەرمی عەرەبی واتای "شاری ئاشتی" دەگەیەنێت، ئەم شارە پایتەختی عێراقە، هەروەها پایتەختی ناوەندی پارێزگای بەغدایە.

شوێنەکەی دەکەوێتە سەر ڕووباری دیجلە بە دووری ٥٣٠ کم لە سەرچاوەی کەنداوی فارس، لە ناو دڵی میسۆپۆتامیای دێرین. بەغداد گەورترین شاری عێراقە و یەکێکە لە هەرە ئاوەدانترین كۆمەڵە شارستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەغداد لە مێژوودا

لە ساڵی ٧٦٢ بەغدا وەک پایتەختی دەسەڵاتی عەباسییەکان لە سەردەمی خەلافەتدا دیاریکراوە. دواتر و بۆ ماوەی ٥٠٠ ساڵ گرنگترین ناوەندی ڕۆشنبیری عەرەب و شارستانی ئیسلامی بووە و یەکێک بووە لە گەورەترین شارەکانی جیهان. مەغۆلەکان بە سەرکردایەتی هۆلاکۆ لە ساڵی ١٢٥٨دا شارەکەیان داگیرکردووە و بەم هۆیەوە گرنگیەکەی کەمدەبێتەوە. وەک پایتەختێکی هەرێمی مایەوە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا، بەغداد بەرجەستە بوونی بەدەستنەهێنایەوە تا بوو بە پایتەختی عێراق لە ١٩٢٠. لە ماوەی نیوە سەدەی دواتردا بەغدا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەشەی کرد، وە هەموو تایبەتمەندییەکانی پایتەختێکی سەردەمیانەی تیادابوو.

بەغداد بە سەختی زیانی پێگەشت بە هۆی بۆمبارانە تیشکییەکان لە ماوەی جەنگی کەنداوی فارسدا (١٩٩٠-١٩٩١)، دووبارە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە زەمینی و ئاسمانییەکانی جەنگی عێراق کە لە ٢٠٠٣ دەستیپێکرد زیانێکی گەورەی کرد. لە ماوەی جەنگی ناوخۆدا خزمەتگوزاری و ژێرخانی شارەکە بە خراپی تووشی داڕمان هات، بەهۆی پشتگوێخستن و دارایی سنوردار کە دەرئەنجامی ئەو سزا ئابورییانە بوون لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەپێندرابوونە سەر عێراق.

لەپاڵ هەموو هەڵسانەوە و کەوتنەکان بەغدا هەمیشە وەک ناوەندێکی زانستی و دینی بینراوە لە مێژوودا. چەندین داهێنانی گرنگ کە ئێستا سوودیان لێدەبینین دۆزینەوە و بنچینەکەیان لە بەغداد بووە، لەوانە بنەماکانی (جەبر)ـە کە لەلایەن (محمد الخواریزمی) دۆزراوەتەوە، ئەم بنەمایە لە ماتماتیک وەک شۆڕشێک سەیردەکرێ و ئێسا بنچینەی کاری ئەندازیارییە لە تەواوی جیهان.

جوگرافیای شارەکە

بەغداد دەکەوێتە  سەر ڕووباری دیجلە، لە نزیکترین خاڵی بۆ ڕووباری فوڕات بە دووری ٤٠کم لە ڕۆژئاوا. ڕووباری دیالە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە دەڕژێتە ناو ڕووباری دیجلە و هاوسنورە لەگەڵ بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکەدا. شارەکە دەوردراوە بە دەشتێکی خۆڵاوی بە بەرزی (٣٤)م لە ئاستی دەریا.

لە مێژوودا شارەکە چەند جارێک توشی لافاو بووە بە هۆی هەڵکشانی ڕووباری دیجلە، بەڵام لە ساڵی (١٩٥٦)ەوە لەگەڵ تەواوبوونی بەنداوی سامەڕا لە باکوری بەغدا لەسەر ڕووباری دیجلە لافاو ڕووینەدایەوە.

ئاووهەوا

ئاووهەوا لە هاویندا وشک و گەرمە، لە زستانیش شێدار و فێنکە. پایز و بەهار زۆر کورتخایەنن بەڵام دڵگیرن. پلەی گەرما لە نێوان مانگی ٥ بۆ ٩ بە تێکڕا لە نزیکی ٤٠ پلەی سیلیزیە، بەڵام لە مانگەکانی ٧ و ٨ لەوانەیە بگاتە سەروو ٤٠ پلە. گەرمای چڕی ڕۆژ سنوردار دەکرێ بە ڕێژەیەکی شێی کەم (٪٥-٪١٠)، هەروەها پلەی گەرما شەوانە کەمدەبێتەوە بۆ ١٧ پلەی سیلیزی. لە زستاندا بە گشتی پلەکانی گەرما لە (١٠-١٩) پلەی سیلیزیدان، وە بە دەگمەن دەگاتە پلەی بەستن. یەدەگکردنی ئاوی ژێر زەوی بە نزیکەیی (١٥٠)مل دەبێ کە لە مانگی ١٢ بۆ ٤ ڕوودەدات، بە هیچ شێوەیەک لە هاویندا ڕوونادات.

دانیشتوان

دانیشتوانی بەغداد بە گەورەیی گەشەی سەند دوای جەنگی جیهانی دووەم. زۆربەی دانیشتوان موسوڵمان و عەرەبن. موسوڵمانەکان دابەشکراون بەسەر دوو مەزهەبی ئیسلامدا، سوننە لەگەڵ شیعە. ئەوانەی ڕەگەز و زمانییان عەرەبی نیە وەک کورد، ئەرمەنی، هیندی، ئەفغانی، و تورکن.

لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ زۆربەی فارس زمانەکان کۆچییان کرد بۆ ئێران لە ژێر سیستەمی ڕژێمی بەعس. هەروەها هەندێک نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی و مەسیحی هەن وەک کلدانەکان و ئاشوورییەکان. سەردەمانێک کۆمەڵێکی گەورە و چالاک لە جووەکان لە میسۆپۆتامیای دێرین هەبوون، جیاوازی ڕەگەزی زۆربەیانی ناچار بە ڕۆشتن کرد کە لە ١٩٥٠ دەستی پێکرد و لە کۆتایی سەدەی بیستدا بە دەگمەن جوویەک مابوویەوە.

کۆمەڵە ڕۆژئاواییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر سنوردار کران بە تایبەت لە دوای ١٩٥٨ەوە تەنها نێردەی سیاسی وڵاتان، کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان، و بازرگانەکان مابوونەوە. بە پێچەوانەوە شارەکە نیشتمانێک بوو بۆ عەرەبە بیانییەکان بە تایبەت سەدان هەزار لە میسرییەکان، کە زۆربەیان شارەکەیان جێهێشت لە دوای جەنگی کەنداو.

ئابووری

زۆربەی پیشەسازی، دارایی، لەگەڵ بازرگانی عێراق چڕبووەتەوە لە دەوروبەری بەغداد. بە لایەنی کەمەوە نیوەی پیشەسازی گەورەی وڵات وە زۆربەی پیشەسازییە بچووکەکان لە پارێزگای بەغدادن. جگە لە پیشەسازییە قورسەکان وەک (نەوت، ئاسن، پترۆکیمیایی) کە لە باکور دەکەونە کەرکوک، لە باشوریش دەکەوێتە بەسڕا. زۆربەی چالاکییە ئابوورییەکان لەلایەن حکومەتەوە خاوەنداری دەکرێن یا کۆنترۆڵ کراون، بەمەش لە یەک کاتدا هاندانی پیشەسازیە و هەروەها دەستبەسەرداگرتنیشە. جەنگ و سزای ئابووری زیانێکی کوشندەیان بە بناغەی پیشەسازی شارەکە گەیاند. لە ئێستادا زۆربەی داهاتی وڵات پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.


سەرچاوەکان



1887 بینین