چۆن بتوانین خەوێکی ئاراممان هەبێت لە شەودا؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-26-15:45:00 - کۆدی بابەت: 5557
چۆن بتوانین خەوێکی ئاراممان هەبێت لە شەودا؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن بتوانین خەوێکی ئاسوودە و ئاراممان هەبێت لە شەودا؟

زۆرێک لە ئێمە خەوی تەواومان نییە، بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستین تاکوو فریای کارەکانمان بکەوین و بە شەویشدا درەنگ دەخەوین بەهۆی کاری زۆرەوە و کاتێکیش سەر دەخەینە سەر سەرینەکە ئەوەندە مێشکمان مەشغوڵی بیرکردنەوەیە خەومان لێناکەوێت.

لەجێی ئەمانە بیر لە بەخششی خەو بکەرەوە کە لەلایەن خوداوە پێمان بەخشراوە و کاریگەرییەکی باشی هەیە بۆ تەندروستیمان، و نەخەوتنیش کاریگەری خراپ دەکاتە سەر مێشک و چۆنیەتی بیرکردنەوەمان.

بۆچی خەوی باش گرنگە؟

خەوتن هەلی پشوودان و دووربوون لە هەموو جۆرەکانی پەستانە دەروونیەکانمان پێ دەبەخشێت و یارمەتی مێشک و جەستەمان دەدات

چەندێک پێویستمان بە خەوە؟

گەرچی هەموو کەسەکان جیاوازن لە یەک بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە نەخۆشی و مردنی کەسانی گەورە و بەساڵاچوو کە ڕۆژانە ٧ بۆ ٨ کاتژمێر دەخەون کەمترە و زیاتر تەندروستترن لەوانەی کە کەمتر دەخەون.
وە تووشی هەندێک نەخۆشی دەبنەوە وەک نەمانی بەرگری جەستە و توشبوون بە هەڵامەت، کێشە لە کێشی جەستەدا، کاری هۆڕمۆنەکانی لەشیش کەم دەکاتەوە

خراپتر لە هەموو شتێک ئەو کەسانەن کە کەمتر لە ٤ کاتژمێر دەخەون یان زیاتر لە ٨ کاتژمێر دەخەون ئەم کەسانە تووشی نەخۆشییەکانی وەک، بەرزی فشاری خوێن، خەمۆکی، شەکرە، دواکەوتنی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ.

چ شتانێک دەتوانن ببنە هۆکاری تێکچوونی خەو؟

هەندێک بارودۆخی تایبەتی تەندروستی کێشە بۆ خەو دروست دەکات، وەک ئەو کەسانەی کێشەی هەناسەدانیان هەیە یان نەخۆشانی داون و هەندێک جۆری نەخۆشی تر، بەڵام زۆرینەی بابەتەکان بابەتی کاتین کە کێشە بۆ خەو دروست دەکەن و هۆکاریش پەستانی دەروونی و زۆر کارکردن بەشەودا و خواردنەوەی ماددە کهولی و ئەوانەی کە کافاینیان تێدایە.

١٠ ڕێگا بۆ ئەوەی بتوانین خەوێکی خۆش و ئاسوودەمان هەبێت

وەرزشکردن

وەرزشکردن هۆڕمۆنی (ئەندرۆفین) بەڕەڵا دەکات و یارمەتی دەردانی هۆڕمۆنی تر دەدات کە تایبەتن بە دڵخۆشی و پەستانە دەروونیەکان کەم دەکاتەوە، ئەویش بەتەنها ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک وەرزشکردنە ڕۆژانە هەوڵبدە بەیانیان یاخود ئێواران وەرزش بکە و نەیخەیتە شەو چونکە کاری قورس چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن کاریگەری خراپی دەبێت و خەوی کەسەکە تێک دەدات.

مانەوە لە شوێنی ڕووناک لە ڕۆژدا 

بەڕۆژدا ئەگەر لە شوێنی ڕووناکدا بیت جەستەت زیاتر هۆڕمۆنی (میلاتۆنین) بەرهەم دەهێنێت و هەموو ڕۆژێک بەلایەنی کەمەوە ٢ بۆ ٣ کاتژمێر لە شوێنی ڕووناکدابن تاکوو شەو بتوانن باشتر بخەون.

دوورکەوتنەوە لە خواردنی قورس پێش خەوتن

هەمووان دەزانین کە کاتێک ژەمێکی قورس دەخۆین پێش خەوتن کێشەمان بۆ دروست دەبێت و ناتوانین بخەوین، چونکە کاتی خەوتنت گەدەت خەریکی هەرسکردنی خواردنە و خواردنی قورس و چەور هەرسیان قورسە و دەبنە هۆی ئازار و سووتانەوەی گەدە و خەوت لێ تێک دەدات هەوڵبدە خواردنی سوک بخۆیت پێش خەوتن وەک، مۆز، خورما، ماست.

دورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کافاین لە شەودا

پێش خەوتن خواردنەوەی کافاین کێشەتان بۆ دروست دەکات و خەو دەزڕێنێت چونکە کافاین دەتوانێت ١٢ کاتژمێر لە جەستەدا بمێنێتەوە.

کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی پێش خەوتن

هەستکردن بە ئارامی پێش خەوتن زۆر گرنگە، هەر بۆیە پێش خەوتن هەوڵبدە کە کارەکانت بکەیت و یاخود کە خەمی بەیانیتە چۆن کارەکانت بکەیت ئەوا هەستە هەموو ئەو کارانەی کە پێویستە بەیانی ئەنجامی بدەیت بینووسە و ئینجا بخەوە، بەم شێوەیە خەوێکی ئاسودەترت دەبێت.

بۆ هیچ شتێک خەوت تێک مەدە

ئەگەر کەسێکیت کە لەبەر کارەکەت هەمیشە زوو دەخەویت و کەسێکی تەندروستیت بەڵام کۆتایی هەفتە کە کارت نییە دەتەوێت درەنگ بخەویت و چێژ لە بێ کاریت وەربگریت، لێرەدا بەتەنها ئەو شەوە زیانت پێ دەگەیەنێت و وادەکات کە شەوەکانی تریش خەوت تێک بچێت و درەنگ خەوت لێبکەوێت.

پلانێکی گونجاو دابنێ بۆ خەوتنت و بۆ ماوەی دوو هەفتە بێ لادان لەیەک کاتدا بخەوە و لەیەک کاتدا لە خەو هەستە بەم شێوەیە دوای دوو هەفتەکە جەستەت لەگەڵ ئەمەدا ڕادێت و ئیتر بەو شێوەیەی لێ دێت.

کاری ئارامبەخش بکە بە ڕۆژدا

بۆ ئەوەی شەو خەوێکی باشت هەبێت کاری ئارامبەخش بکە لە ڕۆژەکەیدا، ئەو کارانەی کە دەروونت ئارام دەکەنەوە و دڵت پێی خۆش وەک، کتێب خوێندنەوە، ئەو خۆراکەی حەزت لێیەتی، خۆشۆردن.

ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاوو

ئەو شوێنەی لێی دەخەویت بەکاری مەهێنە بۆ کار کردنت یاخود با تەلەفزیۆنی تێدا نەبێت، تاکوو هەمیشە مێشکت لای خەو بێت، پلەی گەرمی ژوورەکە گونجاو بێت و ژوورەکە بێدەنگ و هەروەها تەواو تاریک بێت، ئەگەریش ناچار بوویت لە شەودا لە خەو هەستیت هەموو گڵۆپەکان دامەگرسێنە و هەوڵبدە تەنها کەمێک ڕووناکیبەکاربهێنیت.

دەفتەرێک دابنێن

دەفتەرێک دابنێ بۆ ئەو شتانەی کە پێش خەوتن بە مێشکتدا دێت و ناهێڵن خەو بچێتە چاوت بینووسەرەوە و مێشکت ئارام بکەرەوە.

سەرخەو شکاندن

سەرخەو شکاندن بەڕۆژدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆت، کاتێک لە نێوان کارەکەتدا سەرخەوێک دەشکێنیت و پشوو دەدەیت مێشکت ئارام دەبێتەوە و زیاتر یارمەتیدەرە کە بە شەودا باشتر بخەویت

سەرخەو شکاندن نابێت لە ٤٥ خولەک زیاتر بێت لە ڕۆژدا چونکە ئەگەر لەمە زیاتر بوو کاریگەری خراپی دەبێت و تا دەتوانیت بە نیوەڕۆدا بخەوە و دوورکەوەرەوە لە سەرخەو شکاندنی ئێواران چونکە خەوی شەوت تێک دەدات.


سەرچاوەکان



1241 بینین