ژانی منداڵبوونی سروشتی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-29-03:09:00 - کۆدی بابەت: 5610
ژانی منداڵبوونی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

ژانی منداڵبوون

بێگوومان دایکان هەمیشە قەلەقن لەماوەی دووگیانیاندا و دەترسن لە ژانی منداڵبوون و لەوەی کە ئایا چەندێک درێژە بکێشێت، منداڵدان ئەندامێکی ماسولکەییە کە بەشێوەیەکی بەهێز یارمەتیدەرە بۆ هێنانە دەرەوەی منداڵ بە ڕێڕەوی منداڵبووندا و ئەو  گرژبوونانە هۆکاری ئەو هەموو ژانەیە.

بڕی ئەو ژانەی کە خانمێک هەستی پێ دەکات

بەندە لەسەر چەند هۆکارێکی جیاواز وەک:

  • هێزی گرژبوون (کە بەدرێژای منداڵبوونەکە زیاتر دەکات) و بەکارهێنانی دەرزی (pitocin) کە دەبێتە هۆی گرژبوونی زیاتری منداڵدان .
  • بەدرێژای ماوەی منداڵبوونەکە بەهۆی ڕەقبوونی توندی ماسولکەکانی هەموو سک هەندێک کات دەبێتە هۆی ئازاری توندی ناوچەی حەوز و کۆئەندامی زاوزێ و میزەڵدان و ڕیخۆڵەکان.
  • هەروەها بڕی ئەو ئازارەی کە خانمان هەستی پێدەکەن بەندە لەسەر هۆکاری بۆماوەی و ئەزموون و لایەنی کۆمەڵایەتی و ترس و قەلەقی و بیستنی هەندێک چیرۆکی ئازاربەخش لەکاتی دووگیانی کەسانی تردا، هەر بۆیە بەدوای کەسێکدا بگەڕێ کە دڵخۆشیت بداتەوە چونکە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو خانمانەی کە کەسێک قسەیان بۆ دەکات و دڵیان دەداتەوە ئازاریان کەمتر دەبێت لەچاو خانمانی تردا.

قۆناغەکانی ژانی منداڵبوونی سروشتی

ژانی پێشوەختەی منداڵبوون

کاتەکەی بەلایەنی زۆرەوە ٦ کاتژمێر یان زیاترە، لەم کاتەدا ملی منداڵدان نزیکەی ٣ بۆ ٤ سانتیمەتر کراوەتەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی گرژبوونی سووک و مامناوەند هەیە لەم کاتەدا و ٣٠ بۆ ٦٠ چرکە درێژە دەکێشێت و هەر ٥ تا ٢٠ خولەک جارێک ڕوودەدات.

ژانی چالاکی منداڵبوون

کاتەکەی بەنزیکەیی ٢ بۆ ٨ کاتژمێرە، لەم کاتەدا گرژبوونەکان درێژتر و توندتر و بە مەودای نزیکتر ڕوودەدەن، و ملی منداڵدان تا ٧ سانتیمەتر کراوەتەوە و لەم کاتەدا دایکەکە بەرگەی ئازار ناگرێت و داوای دەرمانی ئازارشکێن دەکات.

ژانی منداڵبوونی سروشتی

کاتەکەی بەلایەنی زۆرەوە ١ کاتژمێر، هەر کە ملی منداڵدان ١٠ سانتیمەتر کرایەوە، ئازارێکی زۆر و توند و گرژبوونی زۆر توند کە بە مەودای زۆر نزیک ڕوودەدات و ئازاری پشت و هەست کردن بە ئازار و ڕاکێشانی ڕان و حاڵەتی دڵتێکچوون.

پەستانی منداڵبوون

کاتەکەی چەند خولەکێک تا ٣ کاتژمێر، ژانە زۆرەکە بەهۆی کاریگەری پەستانی زۆرەوە نامێنێت، چونکە دایکەکە زۆر حەز دەکەت لەو کاتەدا منداڵەکەی بێتە دەرەوە، ئەگەر چی لەم کاتەشدا ئازارەکە هەر بەردەوامە بەڵام زۆرێک لە خانمان دەڵێن کە ئەم ئازارە ئارامکەرەوەی پەستانەکەیە، کاتێک کە سەری منداڵەکە بینراو هاتە دەرەوە خانمەکە هەست بە سووتانەوە و بڕین دەکات لەناوچەی زێدا و کە ئەمەش ئاساییە.

ژانی هاتنە دەرەوەی منداڵەکە

کاتەکەی بەلایەنی زۆرەوە ٣٠ خولەک، ئەم قۆناغە کەمێک ئاسانترە چونکە گرژبوون کەمترە.

کۆنتڕۆڵ کردنی ژانی منداڵبوون

هەناسەدانی قووڵ، تەکنیکی جەستە، و چاودێری کەسوکار هەموو ئەمانە دەتوانن ئارامیت پێ بەخشن کاتی ژانەکە، یان مەساج کردنی سک و پیادەڕەوی و خۆشۆردن و ئەگەریش خانمەکە هەر بەرگەی ئازاری نەگرت دەتوانێت دەرمانی ئازارشکێن بەکاربهێنێت.


سەرچاوەکان



42801 بینین