لەکاتی پێوەدانی مار چیبکەین؟

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-06-17-01:31:00 - کۆدی بابەت: 5655
لەکاتی پێوەدانی مار چیبکەین؟

ناوه‌ڕۆك

فریاگوزاری سەرەتایی بۆ گازگرتنی مار

مار ئەو گیاندارە خشۆکە بێ پێیەی کە لە دێر زەمانەوە مرۆڤ لێی ترساوە بە هۆی گازگرتنی وە ژەهرە کوشندەکەی ئەوەش بزانین کە زیاتر لە سێ هەزار جۆری هەیە وە تەنها حەوت سەد جۆری ژەهراوییە. (مارە ژەهراوییەکان)

لە سەرتاسەری جیهان ساڵانه زیاتر لە پێنج  ملیۆن کەس تووشی گەستنی مار دەبن وە لەم ڕێژەیە نزیکەی سەدوپەنجا بۆ دووسەد هەزار کەسیان گیان لە دەست دەدەن.

بە هۆی هاتنی وەرزی گەرما گازگرتنی مار زیاد دەکات بە تایبەتی لە لادێ کان وە شوێنە گەشتیارییەکان وە پێویستە بزانین لەو کاتە چۆن هەڵسوکەوت بکەین و چۆن بتوانین فریاگوزاری سەرەتایی بۆ کەسێک بکەین کە مار گازی لێ گرتووە. 

مار پێوەنادات بەڵکوو گاز دەگرێت بە هۆی دوو ددانی پێشەوەی پێست بریندار دەکات و ژەهرەکەی کە لە ژێر ددانەکانی لە ناو کیسێکە دەڕێژنتە ژێر پێستی کەسی گاز گرتوو وە زۆرترین ئەندام کە بەر گازگرتنی مار دەکەوێت قاچ و دەستە. 

نیشانەکانی مار گەستن

  • دیار بوونی شوێنی گازگرتن، وەکوو دوو برینی بچوکی بازنەیی نزیک لە یەک.
  • موروولە کردن.
  • خوران.
  • سوور بوونەوە.
  • شوێنەکە ڕەنگی دەگۆڕێت.
  • دەست دەکات بە ئاوسان لەگەل هەبوونی ئازارێکی زۆر.

لە ئەگەری توندی ژەهراوی بوون  گۆڕانکاری لە پاڵەپەستۆی خوێن، لێدانی دڵ وە گەرمی جەستە ڕوو دەدات لەوانەیە ڕشانەوە، هەناسە توندی، سەرسووڕە،  لیکاو کردن، بێهۆش بوون وە ڕاوەستانی دڵی لەگەڵ بێت.

چی بکەین و چی نەکەین؟

١-پێش هەموو شتێک نابێ هەراسان و مشەوەش بین وە بە لەسەر خۆیی و دڵ دانەوەی کەسە تووش بووەکە دەست پێ بکەین.

٢-نابێ ڕەفتاری ئەوها بکەین کەسەکە تووشی دڵەڕاوکێ و ترس بکات وەکوو قیژاندن و هاوار کردن وە نەبینە هۆکار بۆ زیاتر شڵەژانی نەخۆش.

٣-پێویستە یارمەتی کەسی تووشبوو بدەین نەوەک بە دوای مارەکە ڕابکەین بە مەبەستی کوشتنی ڕەنگە ئەمەیان ببێتە هۆی گاز گرتنی کەسێکی تر یان رووداوێکی تر.  

٤-هەموو جۆرە خشڵێک وەکوو ئەلقە، گوستیلە، بازنە و کاتژمێر وە هەروها جلی تەسک لابدرێت پێش ئەوەی شوێنی گاز گرتنەکە دەست بە ئاوسان بکات.

٥-ئەبێ شوێنی گازگرتنەکە بەرز بکرێتەوە بەڵام بە مەرجێک بەرزتر نەبێت ئاستی دڵ ،بۆ نموونە ئەگەر شوێنی گەستنەکە قاچە ئەتوانرێت کەسەکە دابنیشرێت و قاچ تا نزیک ئاستی دڵی بەرز بکرێتەوە. 

٦-نەخۆش بە هیچ جۆرێک نەجووڵێنرێت تا خێرایی مژینی ژەهر زۆر کەم کرێتەوە. 

٧-بە هیچ جۆرێک نابێ شوێنەکە بریندار بکرێت. 

٨-نابێ هیچ کەسێک هەڵبستێت بە مژینی شوێنی گازگرتنەکە بە بیانووی دەرهێنانی ژەهر. 

٩-ئەگەر گازگرتنەکە لە دەست یان قاچ بێت باشتر وایە نەبەسترێتەوە بە تایبەتی نابێ زۆر توند ببەسترێتەوە وە نابێ پاڵەپەستۆ لەسەر دەست یان قاچ دروست بکات. 

١٠- نابێ بەفر یان هیچ ساردییەک لەسەر شوێنەکە دابنرێت. 

١١- نابێ هیچ جۆرە شلەمەنییەک وەکوو شیر، قاوە یان خوارنەوەی کحولی بە نەخۆشەکە بدرێت. 

١٢- نابێ هەولی ڕشاندنەوەی کەسەکە بدرێت. 

١٣- شوێنەکە بە ئاو و سابوون پاک بکرێتەوە وە باشتر وایە بە پارچە پەڕۆیەکی پاک و وشک دابپۆشرێت.

١٤- گەیاندنی خێرای تووشبوو بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ چارەسەری کۆتایی و پێدانی دژە ژەهر ئەگەر پێویستی کرد بە پێی ڕێنمایی پزیشک وە لە کاتی گواستنەوەی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە زۆریش خێرا نەبین تا دوور بین لە رووداوی نەخوازراوی ئۆتۆمبێل.

هەندێک جۆری مار گاز دەگرێت بێ ئەوەی ژەهری هەبێت کە پێی دەگوترێ "گازگرتنی وشک" کە تەنها ئازار و هەندێک سوور بوونەوەی هەیە تەنانەت لەو کاتەش هەر دەبێ کەسەکە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە وە لە ژێر چاودێری پزیشکی بێت.


سەرچاوەکان



2888 بینین