چەند ڕێگایەک بۆ ڕازیکردنی دایک بۆ ئەو شتەی دەمانەوێت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-24-14:13:00 - کۆدی بابەت: 5663
چەند ڕێگایەک بۆ ڕازیکردنی دایک بۆ ئەو شتەی دەمانەوێت

ناوه‌ڕۆك

چۆن دایکمان ڕازیبکەین بۆ ئەو شتەی کە دەمانەوێت؟

هەندێک کات دایک و باوکان دژی بڕیار و قسەکانی تۆن، بۆیە بۆ ڕازیکردنیان دەبێت ورد بیت، بەدڵنییایەوە بۆت هاتۆتە پێشەوە کە زۆر حەز دەکەیت شتێک بکەیت و بەڵام دایکت ناهێڵێت ئەو شتە بکەیت زۆرینەی جار بیرکردنەوەی دایک و باوکەکان لەبیرکردنەوەی ئێمە جیاوازە و ناهێڵن ئەو شتە بکەی کە حەزت لێیەتی، بۆیە پێویستە بۆ ئەوەی کە بتوانی دڵی دایک و باوکت ڕازیبکەیت بەشێوەیەکی نەرمونیان قسەیان لەگەڵ بکەیت و ئەم چەن خاڵەی خوارەوە پەیڕەو بکەیت

ڕێز و خۆشەویستی خۆتی پێ پیشان بدە و ئینجا داواکەی لێبکە

ئەگەر شتێک بە دەنگە دەنگ و دەنگ بەرزکردنەوە داوا بکەیت بەهیچ شێوەیەک ناگەیتە ئەنجام و بێگومان وەڵامێکی نەرێنیانە وەردەگریت بەڵام کاتێک پێش ئەوە ڕێزی خۆت بنوێنیت بۆ دایکت و باسی ئەوەی بۆ بکەیت کە چەندە بەنرخەو چەندە گرنگە لەژیانی تۆدا و دوای ئەوە داواکەی لێ بکەیت بێگومان دڵی نەرم دەبێت ناتوانێت لە بەرامبەر ئەم ڕێزگرتنەی تۆدا وەڵامی نەخێرت بداتەوە

هۆکارەکانی بۆ ڕوون بکەرەوە

هەوڵبدە هۆکاری ئەوشتەی کە دەتەوێ بیکەیت بەجوانی بۆ دایکتی ڕوون بکەیتەوە تاوەکوو بتوانی باوەڕی پێبهێنیت.

کاتی گونجاو هەڵبژێرە 

هەوڵبدە کاتێک دایکت ماندووە یاخود کار دەکات یان بێزارە، یاخود خەفەتبارە داوای لێ نەکەیت چونکە بێگومان لەم کاتەدا وەڵامەکەی نەخێر دەبێت بۆیە هەوڵبدە لەوکاتانەی کە دایکت دڵی خۆشە یان حەزی بەشتێکە و سەیری ئەو شتە دەکات بۆ نموونە کاتێک سەیری بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی دەکات کە دڵخوازی ئەوە لەم کاتەدا داواکەی لێبکەو دڵنیابە ئەنجامێکی باشی دەبێت.

بابەتەکە بچوک بکەرەوە

کاتێک داوای شتێک لە دایکت دەکەیت پێویست ناکات بابەتەکە بەگەورەی خۆی باسبکەیت کەمێک بچوکی بکەرەوە و لەشتە بچوکەکانی بابەتەکەوە دەستپێبکە.

متمانە بەخۆبوونی دایکت بەرزبکەرەوە

پێویستە بەجوانی ڕێز لە دایک و باوکت بگری بەتایبەت لە کۆبونەوەکاندا لەلای خەڵکی بە چاکە باسیان بکەیت و ڕێزیان لێ بگریت و ئەگەر  هەمیشە بەجوانی مامەڵەت لەگەڵ کردوون کاتێک ڕۆژێک دێتە پێشەوە داوای شتێکیان لێ دەکەیت ناتوانن لەپڕ وەڵامی نەخێریان هەبێت و دڵت بشکێنن.

لەگەڵ دایکت مامەڵە بکە

هەوڵبدە بەڵێنی پێبدەی ئەگەر ڕازیببێت بەو شتەی کە تۆ ئەنجامی دەدەیت ئەو ڕۆژە لەکاروبارەکانی ماڵەوە یارمەتی دەدەیت یاخود دەتوانی دیاریەکی بۆ بکڕیت.

ئارامگربە

کاتێک داوای شتێک لە دایکت دەکەیت بەهیچ شێوەیەک زۆر لەسەری مەڕۆ و ئارامگربە و چەند جارێک بەهێمنی و لەسەرخۆی دووبارەی بکەرەوە تاکو ئەنجامێکی باشی دەبێت.

بەرپرسیاریەتی هەڵگرە

کاتێک بە دایکت وتووە ئەگەر ئێوە شتێکم بۆ بکەن لەبەرامبەردا منیش کارێکتان بۆدەکەم بەرپرسیاریەتی ئەو قسەیەت هەڵبگرە و هەوڵبدە کە ئەو بەڵێنەی داوتە بە دایکت بە ئەنجامی بگەیەنیت بۆئەوەی بۆ جارەکانی داهاتوو بتوانێت متمانەت پێبکات و بە بەڵێ جوابت باتەوە

دایکت ناچار مەکە

کاتێک کە شتەکە بە دایکت دەڵێیت زۆر لەسەری مەڕۆ و ناچاری مەکە کە وەڵامەکەی هەر بەڵێ بێت و ڕێگەی پێبدە کە بیربکاتەوە و ئەگەر زۆر لەسەری نەڕۆشتیت ئەوا بێگومان ئەنجامێکی دڵخۆشکەری دەبێت بۆت و ئەگەر لە جارەکانی داهاتوو داوای شتێکت کرد بە بەڵێ جواب دەداتەوە.

وەڵامی نەخێر بگۆڕە بۆ بەڵێ

ئەگەر وەڵامی دایکت نەخێر بوو داوای لێبکە کە بەڵگەیەکت بۆبهێنێتەوە کە بۆچی نابێت ئەو شتە ڕووبدات وە ئەگەر نەیتوانی هیچ بەڵگەیەک بهێنێتەوە قسەی لەگەڵ بکەو وتووێژ بکەن بەیەکەوە تاوەکو دایکت دڵی نەرم دەبێت.


سەرچاوەکان



1357 بینین