کودەتا

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-06-25-00:35:00 - کۆدی بابەت: 5674
کودەتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕاگرتن یان هێرشكردنە سەر حكومەتە بە مەبەستی ڕووخاندن و گۆڕینی لەلایەن ڕێكخراوێك یان بەشێكی حكومەتەوە كە زۆرینەی جار بە هێزی چەكداری تایبەت یان سووپا پاڵپشتی دەكرێت، لەدوای ئەوەش سیستمێك دادەنرێت بۆ وڵات چ مەدەنی بێت یان سەربازی.

دەستەواژەی کودەتا

وشەکە کوردی نییە و لە زمانی فەڕەنسییەوە وەرگیراوە، هەروەها لە زمانی فارسیش هەر کودەتا بەکاردێت، کە بە واتای "لێدانێکی لەناکاو دژی حکومەت" دێت، لە زۆر وڵاتی دیکە کە وشەیەکی دیکەیان هەڵبژاردووە جگە لە کودەتا، وشەیەک بەکاردێنن کە هەمان واتا ببەخشێت.

ئەگەرەكانی كودەتا

گەر كودەتا ئەنجام بدرێت زۆرینەی كات لە دوو ئەگەر خۆی دەبینێتەوە:

  • سەركەوتن: گەر كودەتاكە سەر بكەوێت دەسەڵاتێكی نوێ دروست دەبێت، یاخود بەشێكی دەسەڵات دەگۆڕێت و كەسانێكی نوێ حوكم دەكەن.
  • سەرنەكەوتن: گەر كودەتا شكست بهێنێت یان سەركردە و تێوەگلاوانی كودەتا زیندانی و سزا دەدرێن، یاخود دەبێتە هۆی دروستبوونی جەنگی ناوخۆ و سەردەمێكی نوێ لە وڵاتەكە دەست پێدەكات.

كودەتا هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی حكومەت و ڕێگری لە بەردەوامی ئەو حوكمەی دەكات كە پێی باش نییە، لەم دواییانەدا بیرۆكەیەكی ئۆپۆزسیۆنی دروستبوو كە كودەتا بە جووڵەیەكی نادیموكراسییانە دەزانن، لەجێی ئەوەش دەستەواژە و كرداری " كودەتای دیموكراسی"ـیان پێشكەش كردووە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات یاخود لێوەرگرتنەوەی هێز لە پارتی حوكمڕان بە هەڵبژاردنێكی خاوێن.

یەكێك لەو ڕووداوانەی لەدوای كودەتا دەبینرێت زۆرجار بریتییە لە پریتۆریانیزم كە ئەویش دەستگرتنی هێزی سەربازییە بەسەر حكومەت و دەسەڵاتدا.

مێژووی كودەتا و پەرەسەندنی

ئەو دەستەواژە فەڕەنسییە لە سەدەی ١٧ دەرکەوت کە بەو بڕیار و هەڵوێستە نامۆ و لەناکاوانەی پادشا دەوترا کە لە خۆیەوە و بەبێ ڕێزگرتنی یاسا و دەستوور ئەنجامی دەدان بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانی، و بۆ پارێزگاری لە دەستکەوت و ئامانجەکانی، دواتر لە سەدەی ١٩ بەدواوە دەستەواژەکە بۆ ئەو کارانە بەکاردەهێنرا کە لەلایەن بەشێکی دەسەڵات یان ڕێکخراوێکەوە دەکرا دژی دەسەڵاتی گشتی بۆ ڕووخاندنی لوتکەی دەسەڵاتی وڵات، بەڵام جیاوازە لە دەستەواژەی "شۆڕش" کە زیاتر لەلایەن خەڵکی مەدەنییەوە ئەنجام دەدرێت کە لە دەسەڵاتدا توانایان نییە.

ساڵی ١٩٣٠ کتێبێکی ئیتاڵی بڵاوبوویەوە بەناوی "ڕێکارەکانی کودەتا" (بە ئیتاڵی: Tecnica del colpo di Stato) کە لەلایەن کۆرزیۆ مالاپارتییەوە نووسرابوو، کە دەستەواژەی کودەتای ڕوونکردەوە و دایڕشتەوە وەک ئەو واتایەی کە ئەمڕۆ بەکاردێت بۆ ئەوەی تێکەڵ نەکرێت لەگەڵ هیچ جموجوڵێکی دیکەی وڵات.

هەروەها مالاپارتی وشەی "کودەتا"ی جیاکردۆتەوە لە هەریەک لە "جەنگی ناوخۆ" و "شۆڕش" چونکە کودەتا هەوڵ دەدات بە کەمترین کوشتن و لەناوبردن و هێرش دەسەڵات بگرێتە دەست و زیاتر خۆی لە کوشتنی کەسانی گرنگ دەبینێتەوە نەک سەرباز و کەسی ئاسایی.

هۆکارەکانی سەرکەوتنی کودەتا

ساموێل هانتیگتۆنی شارەزای سیاسی ئەمریکی دەڵێت:

"کودەتا تەنیا لە ٢ حاڵەتدا سەردەکەوێت:

یەکەم: یان دەبێت چالاکوانانی سیاسی لە وڵاتدا کەم بن.

دووەم: یان دەبێت ئامانج و باسی کودەتاکە بە زۆرینەی چالاکوانانی سیاسی بگات.

چونکە کۆکبوونی هەموو چالاکوانان لەسەر کودەتا هەرگیز ڕوونادات، لەبەر ئەوەش مەرجی دووەم کەم ڕوودەدات، کاتێکیش دەسەڵاتی کودەتا بەسەر لایەنەکان دابەش ببێت ئەوکات ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی جەنگی ناوخۆ".

ئەو سەرۆکانەی کە لەم سەردەمەدا هەن و بە کودەتا گەیشتوون بە دەسەڵات

ناو وڵات ساڵ
تیۆدۆر ئۆبیانگ گینیای کەمەرەیی لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە
یوری مۆسۆنی ئۆگەندا

لە ساڵی ١٩٨٤ـەوە

بلیز کۆمپاوری بورکینافاسۆ لە ساڵی ١٩٨٧ـەوە
عومەر حوسەین بەشیر سودان لە ساڵی ١٩٨٩ـەوە
ئیدریس دبی چاد لە  ساڵی ١٩٩٠ـەوە
یەحیا جامع گامبیا لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ ٢٠١٧
فرانک باینیماراما کۆماری دوورگەکانی فیجی لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە
محەمەد وەلەد عەبدولعەزیز مۆریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە
ئەندری ڕاجۆلینا مەدەگەسکەر لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە
میشێل جۆتۆدیا کۆماری ئەفریقای ناوەندی لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە
عەبدولفەتاح سیسی میسڕ لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە

کودەتاکانی عێراق


سەرچاوەکان

164 بینین