کۆمپانیای سامسۆنگ

له‌لایه‌ن: - هێدی ئەرسەلان - به‌روار: 2021-06-27-15:17:00 - کۆدی بابەت: 5686
کۆمپانیای سامسۆنگ

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

کۆمپانیای سامسۆنگ دەکەوێتە کۆریای باشوور، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهاندا، سامسۆنگ تایبەتمەندە بە بەرهەمهێنانی ئامێری جۆراوجۆری ئەلیکترۆنی و پیشەسازی وەک ئامێری میدیای دیجیتاڵی، نیمچە گەیەنەرەکان، چیپی یادەوەری (memory chips)، سیستەمی یەکخەر، سامسۆنگ بووە بە یەکێک لە ناسراوترین ناوەکان لە تەکنەلۆژیادا و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی کۆی هەناردەکانی کۆریای باشوور پێکدەهێنێت.

کۆمپانیای سامسۆنگ کەی و لەلایەن کێوە دامەزرا؟

سامسۆنگ لە ١ـی ئازاری ١٩٣٨ دا لەلایەن لی بیونگ چوڵ (Lee Byung-Chull)ـەوە وەک فرۆشگای بازرگانی بەقاڵی دامەزرا، لە شاری تایگوی کۆریای باشوور دەستی بە کارەکانی کرد و بازرگانیان بە نودڵ (جۆرە خوارندێکە لە هێلکەی کوڵاو و ئارد و دۆشاو پێکهاتووە) و چەند کاڵایەکی ترەوە دەکرد کە لەناو شارەکە و دەوروبەریدا بەرهەمدەهێنران و هەناردەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە دەکران، دوای جەنگی کۆریا لی بیونگ چوڵ بازرگانییەکەی فراوان کرد بۆ چنین و گەورەترین کارگەی خوری لە کۆریا کردەوە، لی بیونگ چوڵ بەتوندی تیشکی خستە سەر پیشەسازیکردن بەو ئامانجەی یارمەتی وڵاتەکەی بدات کە دوای جەنگ دووبارە گەشە بکاتەوە، لەو ماوەیەدا بازرگانییەکەی سوودی لە سیاسەتی پارێزەرە نوێیەکان وەرگرت کە حوکمەتی کۆریا پەیڕەوی دەکرد، کە ئامانجیان یارمەتیدانی کۆمپانیا خۆماڵییە گەورەکان بوو بە پاراستنیان لە ڕکابەری و یارمەتیدانیان لە قازانج کردن بە شێوەیەکی ئاسان.

لە ماوەی دەیەی ١٩٧٠ دا کۆمپانیاکە پڕۆسەی پیشەسازی چنینی فراوان کرد بۆ ئەوەی دەست بەسەر تەواوی پیشەسازی چنین بگرێت، چەند کۆمپانیایەکی نوێی وەک کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کەشتی سامسۆنگ و کۆمپانیای وردبینی سامسۆنگ (Samsung Techwin) دامەزران، هەروەها هەر لەو ماوەیەدا کۆمپانیاکە دەستی کرد بە وەبەرهێنان لە پیشەسازییە قورس و کیمیایی و پترۆکیمیاییەکان کە لە ڕێیانەوە کۆمپانیاکە بە شیوەیەکی باش گەشەی کرد.

یەکەم بەرهەمی ئەلیکترۆنی کۆمپانیای سامسۆنگ

سامسۆنگ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٩ دا هاتە ناو پیشەسازی ئەلیکترۆنییەوە و یەکەم بەرهەمیان لەو بوارەدا بریتی بوو لە تەلەفزیۆنی ڕەش و سپی، لە ماوەی دەیەی ١٩٧٠ دا کۆمپانیاکە دەستی کرد بە هەناردەکردنی بەرهەمی ئەلیکترۆنی ناوماڵ بۆ دەرەوەی وڵات، لەو کاتەدا سامسۆنگ پیشەگەرێکی سەرەکی بوو لە کۆریادا.

فراوانبوونی کۆمپانیای سامسۆنگ لە بواری تەکنەلۆژیادا

سامسۆنگ لە بواری بازرگانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی خێرا و فراوان بڵاوبوویەوە لە کۆتایی ساڵەکانی ١٩٧٠ـکان و سەرەتای ساڵەکانی ١٩٨٠ـکان و لقی جیاوازی نیمچەگەیەنەرەکان و بەرهەمە ئەلکترۆنییەکانی دامەزراند، سیستەمی داتای سامسۆنگ کە ئێستا پێی دەوترێت سامسۆنگ ئێس دی ئێس (Samsung SDS) لە ساڵی ١٩٨٥ دامەزرا بۆ ئەوەی خزمەتی پێویستیەکانی گەشەکردنی بازرگانی بکات بۆ گەشەپێدانی سیستەمەکان، کە یارمەتی سامسۆنگی دا بە خێرایی ببێت بە پێشڕەوی خزمەتگوزاری تەکنەلۆجیای زانیاری، هەروەها سامسۆنگ دوو پەیمانگای توێژینەوە و گەشەپێدانی دروستکرد کە ‌هێڵی تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکەیان فراوان کرد لە بوارە ئەلیکترۆنییەکان و نیمچەگەیەنەر و ئامرازەکانی ئەندازیاری بۆماوەیی و پەیوەندی کردن و فڕین و تەکنەلۆژیای نانۆ، سامسۆنگ لە دەیەی ١٩٩٠ ـدا بەردەوام بوو لە فراوانبوونی بۆ ناو بازاڕەکانی جیهانی ئەلیکترۆنی، سەرەڕای سەرکەوتنی لەو چەند ساڵەدا بەڵام کۆمپانیاکە چەندین جار ڕووبەڕووی ئابڕوچوون بوویەوە بەهۆی چەندین کەیسی بەرتیل وەرگرتن و پێشێلکاری لە داهێنان، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکە بەردەوام بوو لە بەرەوپێشچوونەکانی لە تەکنەلۆژیا و کوالێتی بەرهەمە تەکنەلۆژییەکانی لە نیمچە گەیەنەرەوە بۆ مۆنیتەری کۆمپیوتەر و شاشەی LCD تا گەیشت بە پێنجەمین پڕفرۆشترین کۆمپانیا لە جیهاندا، لە ساڵی ٢٠٠٠ـەکاندا زنجیرەی مۆبایلی زیرەکی سامسۆنگ گالاکسی بەرهەم دێنێت کە بە خێرایی نەک هەر بووە پڕستایشترین بەرهەمی کۆمپانیاکە بەڵکو زۆرجار ساڵانە لە لیستی باشترین و پڕفرۆشترین مۆبایلە زیرەکەکاندا دێت، هەروەها ئێستا کۆمپانیاکە پڕفرۆشترین کۆمپانیای موبایلە لە جیهاندا، لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە کۆمپانیاکە بووەتە باشترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری تەلەفزیۆن لە جیهاندا و لە ساڵی ٢٠١٠ دا بە  بڵاوکردنەوەی گاڵاکسی تاب توانی زنجیرەی گالاکسی فراوانتر بکات.

 


سەرچاوەکان



3449 بینین