زیپ2

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-02-01:59:00 - کۆدی بابەت: 5710
زیپ2

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیپ2 کۆمپانیایەکی دروستکردنی پڕۆگرامی مۆڵەتپێدراوی ڕێبەری شارەکان بوو بۆ ڕۆژنامەکان، کۆمپانیاکە ساڵی 1995 لە پاولۆ ئالتۆ لە کالیفۆرنیا دامەزرا وەک بەشێک لە تۆڕی زانیاری جیهانی (Global Link Information Network)، ئەم کۆمپانیایە لەلایەن ئیلۆن مەسک و کیمباڵ مەسک و گرێگ کۆوری دامەزرێنرا، سەرەتا کۆمپانیاکە کارەکانی ناوخۆیی بوو بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت، بەڵام دواتر دەستیان کرد بە یارمەتیدانی ڕۆژنامەکان تا ئەوکاتەی لەلایەن کۆمپانیای کۆمپاکەوە کڕدرا لە ساڵی 1999.

مێژووی کۆمپانیاکە

تۆڕی زانیاری جیهانی (Global Link Information Network) لە ساڵی 1995 دامەزرا لەلایەن ئیلۆن مەسک و کیمباڵ مەسک و گرێگ کۆوری، لە پاولۆ ئالتۆ لە کالیفۆرنیا کە پارەکەی لەلایەن بازرگانە فریشتەییەکانەوە دابینکرا، هەروەها لەگەڵ ٦ هەزار دۆلار کە هی گرێگ کۆوری بوو.

سەرەتا تۆڕی زانیاری جیهانی کارەکانی ناوخۆیی بوو کە هەڵدەستا بە پێکەوە بەستنی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە هەبوون بە بزوێنەری گەڕانەکانی ئینتەرنێتەوە، هەروەها لەگەڵ دابینکردنی زانیاری دەربارەی شوێنی کارەکە و ئاڕاستەکەی، بۆ دروستکردنی یەکەم سیستەم ئیلۆن هەستا بە پێکەوەنانی داتابەیسی کۆمپانیای ناڤ تێک (Navteq) و کۆمپانیاکەی خۆی.

لە ساڵی 1996 کۆمپانیای تۆڕی زانیاری جیهانی بڕی 3 ملیۆن دۆلاری وەرگرت لەلایەن ڕێخراوی سەرکێشییەکانی مۆهر دەیڤ وود (Mohr Davidow Ventures)، دوای ئەمە ناوی کۆمپانیاکە لە تۆڕی زانیاری جیهانیەوە گۆڕدرا بۆ زیپ2 (Zip2)، هەروەها رێخراوەکە شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکەی لە کارێکی ناوخۆییەوە گۆڕی بۆ بازرگانییەک کە هەڵدەستا بە فرۆشتنی پاکێجی پڕۆگرامی باک ئێند (back end software packages)ـی جیهانی بە ڕۆژنامەکان بە مەبەستی دروستکردنی رێنمایی و ئاڕاستەی تایبەت بە خۆیان.

ئیلۆن مەسک بە بەڕێوبەری تەکنەلۆژی و ریچ سۆرکین بە بەڕێوبەری گشتی هەڵبژێردران، کۆمپانیای زیپ2 بەردەوام بوو لە گەشەسەندن و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نیۆرک تایمس و نایت ڕایدەر و کۆمپانیای هێرست (Hearst Corporation)ـدا بەست، بەم بۆنەیەوە کۆمپانیاکە زیاتر گەشەی سەند و جێگەی خۆی کردەوە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا.

لە ساڵی 1998 کۆمپانیاکە گرێبەستی بەستبوو لەگەڵ زیاتر لە 160 ڕۆژنامەدا بۆ دروستکردنی ئاڕاستە و ڕێنمایی تایبەت بە شارەکان.

شێوازی کارکردن

کۆمپانیای زیپ2 ڕێگەی بە پەیوەندی دەدا لەنێوان بەکار‌هێنەران و ئەو کەسانەی کە ڕیکلامیان دەکرد، کە بەکارهێنەرەکان دەیانتوانی ئامێری فاکس بەکاربهێنن بۆ ناردنی داواکارییەکانیان و بەهەمانشێوە ڕیکلامکەرەکان دەیانتوانی بە بەکارهێنانی ئامێری فاکس وەڵامیان بدەنەوە.

یەکگرتن و هەوڵی بەدەستهێنان

لە مانگی نیسانی ساڵی 1998 کۆمپانیای زیپ2 هەوڵیدا یەکبگرێت لەگەڵ کۆمپانیای سیتی سێرچ (Citysearch) کە گەورەترین ڕکابەری بوو، سەرەتا ئیلۆن بیرۆکەی یەکگرتنەکەی بەدڵ بوو بەڵام لە دواییدا هانی بۆردی بەرێوەبردنی دەدا کە ئەم کارە نەکەن، بەپێی قسەی نیۆرک تایمس "دوو کۆمپانیاکە لە ڕووی کلتور و تەکنەلۆژیاوە نەدەگونجان" بۆیە ئەمە بە هۆکاری یەک نەگرتنی دوو کۆمپانیاکە دادەنرێت.

لە شوباتی ساڵی 1999 کۆمپانیای کۆمپاک (Compaq Computer) کۆمپانیای زیپ2ـی کڕی بە بڕی 305 ملیۆن دۆلار، کە تێیدا ئیلۆن مەسک 22 ملیۆن دۆلاری قازانج کرد و کیمباڵی برای 15 ملیۆن دۆلای قازانج کرد، هۆکاری کڕینی کۆمپانیاکە لەلایەن کۆمپانیای کۆمپاکەوە دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمپانیای کۆمپاک دەیویست بزوێنەری گەڕانی وێبی ئەلتا ڤیستا (AltaVista) بەهێز بکات.

وێبسایتی زیپ2 هەرچەندە نەماوە و لەکار کەوتووە بەڵام ئەرشیفکراوە و دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە سەردانی بکەن:

Zip2


سەرچاوەکان



1120 بینین