کتێبی وەڵامە قورئانییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-07-14-01:04:00 - کۆدی بابەت: 5743
کتێبی وەڵامە قورئانییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی کتێبی وەڵامە قورئانییەکان

ناوی کتێب وەڵامە قورئانییەکان
نووسەر
د.مهاب السعید
 
وەرگێڕ د.یەحیا ئیسماعیل
ژمارەی لاپەڕە ٨۰۰ لاپەڕە
نرخ ١٠ هەزار دینار

کورتەیەک دەربارەی کتێبەکە

سەرنج بدە لە پشتت، ئایا هەڵگرتنی کۆڵی پرسیارە وجوودییەکان هەراسانی کردوویت!
پشکنینێکی ناو دەمت بکە، ئایا تامی تاڵی شوبهەیەکی ڕاگوزەر، چێژی ئیمان و یەقینی لا نەهێشتوویت!
چاوت دابخە، ئایا کۆمەڵێک پرسیاری گەورە، سەبارەت بە بابەتەکانی قەدەر و سەرەنجام ڕووبەرووت دەبنەوە!
دەستت درێژ بکە، ئایا لە چواردەورت یەکێک نابینیت، ڕێی لێ ون بووە و دەیەوێت تەوقەت لەگەڵ بکات و پرسیارەکانی ئاڕاستەی تۆ بکات!

ماندوویت لەدەست وەڵامە نیوە ناچڵەکان و تینوی دڵنیایی و وەڵامی تەواوەتیت؟ ئەم کتێبە بۆ تۆیە.

بەخوێندنەوەی کتێبەکە نوسەر بۆت ڕوون دەکاتەوە ئەو پرسیارانەی بەرۆکی هەمووانی گرتووە، وەڵامەکانی بەتێڕامان لەئایەتەکانی قورئان چنگ دەکەوێت و کتێبەکەش نمونەیەکە لەو وەڵامە قورئانییانە، بۆ زۆرێک لەو پرسیارانە.

نووسەر بەعەقڵی فەیلەسوف و زانستی زانایەکی ئەزمووندار و زمانی ئەدیبێکی زمانپاراو دڵی ئیماندارێکی حەقیقی، گەشتێکی قوڵت پێ دەکات بەناو نووری ئایەتەکانی قورئاندا، تا تینوێتیت بشکێنێت.

دەتباتە خزمەت ئایەتەکانی قورئان، چونکە ئەو پرسیارانەی مرۆڤ بەدێژایی ژیانی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە قورئاندا ئەو پرسیارانە کراون و وەڵامیش دراونەتەوە.

بەشێک لە کتێبەکە

دەستپێك

''ووریای خۆت بە پیاوی خاوەن یەک کتێب''

بەم ووتەیە د.مهاب دەست دەکات بە نووسینی کتێبەکەی، ئەو کتێبە چیە گەر گشت تەمەنت لە خوێندندنەوە و ووردبونەوە تێیدا بەسەربەریت پەشیمان نابیتەوە؟
بێ شک قورئانی پیرۆزە، وەلێ چۆن دەیخوێنیتەوە و حاڵی دەبیت لێی؟

لێرەوە ڕۆڵی ئەم کتێبە دەست پێدەکات.

لەم کتێبەدا نوسەر وەڵامی ئامادەکراوت ناداتێ بەڵکو ڕێنمونیت دەکات چۆن بەدوای وەڵامی پرسیارەکانتدا بگەڕێی.

ئەم کتێبە فێرت دەکات چۆن ڕاوە ماسی بکەیت لە هەمان کاتدا ماسیشت دەداتێ!

کتێبێکی زۆر گرنگە بۆ زیاتر تێڕامان و ووردبونەوە لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز.

کتێبەکە لە چەند تەوەرەیەکی گرنگ پێک دێت لە پرسیاری بوونی خوداوە دەست پێدەکات ،پاشان پرسیاری بۆچی خودا مرۆڤی دروستکردووە؟ ئایا هاوەڵی هەیە؟ بۆچی دەبێت بیپەرستین؟ پاشان پرسیار لەسەر دادپەروەری خودایی و قەزا و قەدەر و بوونی خراپە و پێویستی ناردنی پێغەمبەران و ڕاست و دروستی ئاینی ئیسلام و...هتد

لە ناو هەر تەوەرەیەک لەو تەوەرانە ڕاو بۆچوونی زانا و فەیلەسوف و بیرمەند و زانستگەراکان دێنیتەوە و شەن و کەوی دەکات پاشان بۆ وەڵامی یەکلاکەرەوە و دەمانباتە خزمەت ئایەتێکی قورئانی پیرۆز.

قورئان بەڵێنت پێ دەدات!

قورئان بەڵێنت پێ دەدات کۆتایی بهێنیت بەو دڵە ڕاوکێیەی هەتە، لەڕێی ئەو تیشکی ڕووناکییەی بەژوورە تاریکەکانی ڕۆحتدا ڕۆدەچێتە خوارەوە، بەو پشکۆ ئاگرەی گرێ هزریەکانت دەسوتێنێت، بەڵێنت پێ دەدات بگەیت بەدانایی و ئەو خۆشبەختییەی ژنە بەتەمەنەکە هەیەتی.

غافڵ بوون؟

ئیبن قەیم دەڵێت:

"بەوشێوەیە بژی کە خوودا لێتی دەوێت نەک بەوشێوەی تۆ دەتەوێت لەخودا"

کۆتایی

بەڵام ئێستا ووتەکەی (سورین کیرکگورد)ـم بیرکەوتەوە، کە ویستم کۆتایی ئەم کتێبەی پێ بهێنم:(زۆرێک لە خەڵکی لە ژیانیاندا، بەهەمان شێوەی منداڵانی قوتابخانە دەگەن بە دەرەنجامەکانیان، کاتێک بە فێڵکردن لە مامۆستاکانیان، وەڵامەکانیان لەناو کتێبەکان بەدەست دێنن، لەبری ئەوەی خۆیان بگەن بەو وەڵامانە)
ئەم فەرمایشەی پەروەردگارم بیرکەوتەوە:  {وَلَقَدْ يَسَّرْنَا الْقُرْآنَ لِلذِّكْرِ فَهَلْ مِنْ مُدَّكِرٍ}

وابزانم قورئانێکت هەیە، وایە؟
بەم شێوە د.مهاب کۆتایی بە کتێبەکەی هێنا، کە مانای ئەوەیە لە کتێبەکەی مندا بە دوای وەڵامەکاندا مەگەڕێ، بەڵکو ئەو کتێبەی وەڵامی پرسیارەکانی تۆی تێدایە لە ماڵی هەموو موسڵمانێکدایە!

ئەم کتێبەیش بۆ ئەوە نووسراوە هەندێک نمونەت بۆ بێنێتەوە لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیار و گومانەکانی مرۆڤ لە کتێبەکەی پەروەردگاردا، ئیتر تۆش بە سوود وەرگرتن لەو نموونانە بگەڕێی بە دوای وەڵامی پرسیارەکانت لە قورئاندا.

نوسەر هەندێ جار لەگەڵ ڕۆحت دەدوێت و وەک ئیماندارێک مۆچیاریت دەکات، بڕێ جاریش وەک بیرمەندێک لەگەڵت دەپەیڤێت، جاریش هەیە شرۆڤەی ووتەی زانایان دەکات لەسەر زیندەوەران و گەردوون، جار جاریش خەریکی دەرخستنی هەڵە و پەڵەی سەرانی ئیلحادە! هەموو وەختێکیش بۆ یەکلایی کردنەوەی بابەتەکان دەمانباتەوە خزمەت ئایەتێکی قورئانی پیرۆز.

لەم کتێبەدا نوسەر سوودی لە سەد و پەنجا سەرچاوە وەرگرتووە، پڕە لە زانیاری وورد و سەرنج ڕاکێش کە بەشێوەیەکی زۆر جوان ڕێکی خستوون لەگەڵ بابەتەکانی کتێبەکەدا.


سەرچاوەکان



1540 بینین