چاودێریکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-05-17:47:00 - کۆدی بابەت: 5748
چاودێریکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو

ناوه‌ڕۆك

تەندرووستی کۆرپەلە

کاتێک منداڵێکی بچوک دێتە دونیاوە، لە یەکەم ڕۆژی لە دایکبووونییەوە تاکوو مانگێک زۆر گرنگە کە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت، چونکە پێویستی بە چاودێری ورد هەیە و زۆر ناسکە.

چەند خاڵێک بۆ چاودێریکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو

هەڵگرتن و لە باوەش کردنی منداڵی تازە لەدایکبوو

کاتێک بۆ یەکەمجار منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەدەن بە دەستمانەوە زۆرینەمان نازانین دەبێت چۆن هەڵیگرین و لە باوەشی بکەین، بە تایبەت ئەو دایک و باوکانەی کە یەکەم منداڵیانە، ملی منداڵەکە زۆر ناسکە و گرنگە کە کاتێک بەرزی دەکەیتەوە دەستت لە ژێر ملی منداڵەکەتدا بێت و ئینجا بەرزیبکەیتەوە.

چاودێریکردنی ناوکی منداڵەکە

لە ماوەی دووگیانیدا، خۆراک و ئۆکسجین لە ڕێگەی ناوکە پەتکەوە لە دایکەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە، بەڵام دوای منداڵبوون ئەم ناوکە پەتکە بە گیرەیەک دەبەسترێت، پەیوەندی دایک و منداڵەکە جیادەبێتەوە و ناوکە پەتکەکە بە شێوەی پێستێکی ڕەش و وشک دەردەکەوێت.

دەبێت ئاگاداری ناوکەکە بیت و نەیجوڵێنیت و هەروەها بە وشکی و پاکوخاوێنی بیهێڵیتەوە تاکوو تووشی هەوکردن نەبێت، ئەگەر سووربوونەوە یاخود هەوکردن و تەڕایت بینی لە ناوکەکەدا ئەوا سەردانی پزیشک بکە چونکە لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ هەوکردن،

کاتێک منداڵەکە دەشۆیت ئاگاداربە ناوکەکەی تەڕ نەکەیت، وە کاتێک دایبی بۆ منداڵەکە دەگۆڕیت، دەبێت ئاگادار بیت کە لە خوارترەوە دایبیەکەی ببەستیت و نەیهێنیت بەسەر ناوکەکەیدا.

شیردان بە منداڵەکە

شیر تاکە سەرچاوەی خۆراکی منداڵەکەیە لە سەرەتاکانی تەمەنیدا، بۆیە گرنگە کە بە شێوەیەکی باش و بە ئارامگرتنەوە دایکەکە شیر بدات بە منداڵەکەی، ئەگەر ماندوویت و ماوەیەکی زۆرە مەمکت لە دەمی منداڵەکەدایە ئەوە جۆری دانیشتنەکەت بگۆڕە، بە چەند ڕێگای جیاواز دەتوانیت شیر بدەیت بە منداڵەکەت، ئەگەر منداڵەکەت خەواڵووە و کاتی مژینی مەمکت خەوی لێ دەکەوێت، ئەوا واباشترە تەواوی ماوەی شیرپێدانەکە ختوکەی پێی منداڵەکە بدەیت تاکوو خەوی لێ نەکەوێت و دڵنیابیت لەوەی کە منداڵەکەت بە برسێتی ناخەوێت.

یارمەتیدانی منداڵ بۆ قورپێنە

قورپێنەی منداڵ بە تایبەت لە چەند مانگی سەرەتادا زۆر گرنگە بۆی، منداڵەکە دەتوانێت باش خواردن بخوات و باش بخەوێت، بۆ ئەوەی یارمەتی منداڵێک بدەیت تاکوو قورپێنە بکات، منداڵەکە بخە باوەشتەوە بە جۆرێک کە چەناگەی لەسەر شانت بێت و جەستەی لەسەر سنگت واتە بیدەیت بە شانتدا، لە کاتی ئەم جۆرە باوەش گرتنەدا ئاگاداری سەر و ملی منداڵەکە بکە و بیگرە تاکوو نەجوڵێت، 

ڕێگایەی تریش بریتییە لەوەی کە منداڵەکە بە دەمدا لە باوەشت ڕابکێشیت و چەناگەی لای ڕانتەوە بێت بە جۆرێک کە سەری بەرز بێت، تاکوو مەترسی خنکانی لەسەر نەبێت، و دواتر بە سووکی مەساجی پشتی بۆ بکەیت، ئەگەر هەستت کرد کە منداڵەکەت لە حاڵەتی خنکاندایە، دەتوانیت بە هەمان ئەو شێوەیەی کە دایدەنێیت تاکوو قورپێنە بکات دایبنێیت.

مەساج کردنی منداڵ

مەساج کردن گرنگە تاکوو ماسولکەکانی منداڵەکە پتەو و بەهێز بن، بەڵام هەرگیز پێش و پاشی شیردان بە منداڵەکە مەساجی مەکە.

منداڵەکەت بە پشتدا پاڵبخە و سوود وەرگرە لە زەیتێکی سرووشتی و لە قاچەکانییەوە دەست پێبکە و دواتر سکی و دەستی و پشتی، زۆر بە هێواشی مەساجی بۆ بکە ئەمە جگە لە بەهێزکردنی ماسولکەکانی، ئارامیش دەبەخشێت بە منداڵەکە.

شۆردنی منداڵ

دوو ڕۆژ دوای لەدایکبوونی منداڵەکە، منداڵەکەت بشۆ و بە شێوەیەکی زۆر لەسەرخۆ و بەوپەڕی ورییایەوە و هەروەها ئاگاداربە کە ناوکەکەی تەڕ نەبێت.

خەواندنی منداڵەکە

خەواندنی منداڵ کارێکی سەختە تاکوو ڕادێت، چونکە  کاتی دەوێت و بێزارت دەکات، بۆیە هەوڵبدە بە ڕۆژدا ژوورەکەی ڕووناک و بە شەودا تاریک بێت، تاکوو جیاوازی ڕۆژ و شەو بکات، لەوانەیە کاتێک کە منداڵەکە خەوتووە بتەوێت ماچی بکەیت، بەڵام ئەمە زۆر هەڵەیە و منداڵەکە وا تێدەگات کە تۆ دەتەوێت یاری لەگەڵدا بکەیت، بۆیە لە خەو هەڵدەستێت و خەوی تێک دەچێت.

گۆڕینی دایبی منداڵەکە

گرنگە کە هەمیشە منداڵەکە بە پاکوخاوێنی ڕابگریت، و هەروەها کاتێک منداڵەکە پاک دەکەیتەوە لە پێشەوە بەرەو دواوە پاکی بکەرەوە نەک بە پێچەوانەوە تاکوو دوور بێت لە هەر هەوکردنێک، هەروەها پێش بەستنی دایبیە نوێیەکەی منداڵەکە جوان وشک بکەرەوە.

جل گۆڕینی منداڵەکە

جل زۆر گرنگە و بە تایبەت بۆ وەرزەکان و ئاگاداربە کە پلەی گەرمی جەستەی منداڵەکە بە جێگیری بهێڵیتەوە، مەترسە کاتێک جلی منداڵەکە دەگۆڕیت چونکە دەست و قاچی منداڵەکە بەرگەی جوڵە دەگرێت و نەرمە، بەڵام وریابە کە بە هێواشی بیگۆڕیت.

ئاگاداری پێستی منداڵەکە

سووربونەوە و لیرگی ورد ورد لە جەستەی منداڵی تازە لەدایکبوودا هەندێک کات ئاساییە، بەڵام ئەگەر ئەمانە زۆر بوون ئەوا ئەگەری هەوکردنی هەیە بۆیە ئاگاداربە، پەڵەی سپی لەسەر لووت و ڕوومەتی منداڵەکە ئاسایین و بە تێپەڕبوونی کات لادەچن، هەروەها توێژی زەرد کە لە سەری منداڵەکەدا هەیە بێ زیانە و بە شامپۆی تایبەت لا دەچێت.

هەندێک کاتیش منداڵەکە تووشی سووتانەوە دەبێت ئەویش لەوانەیە دایبیەکەی پێ نەکەوێت، دەبێت کرێمی تایبەت بە سووتانەوەی بۆ بەکار بهێنیت و هەروەها دڵنیا ببیتەوە لەوەی کە چ دایبیەکی پێ دەکەوێت، وە ڕۆژانەش بۆ ماوەیەکی کەم دایبی منداڵەکە لاببە و بهێڵە کەمێک ئاسوودە بێت بەم شێوەیە سووتانەوەکەشی کەم دەکات.

مەڵاشوی منداڵەکە

هەموو منداڵێک لە پێشی سەر و پشتی سەریدا ناوچەیەکی نەرم هەیە کە پێی دەوترێت مەڵاشوو، ئەوەی کە دەڵێن هەرگیز نابێت دەستی لێ بدرێت وانییە و چونکە زیان ناگات بە مێشک، مێشک لە بەرگێکی پارێزراودایە بەڵام نابێت بە توندی دەستی لێ بدەیت و دەبێت زۆر وریا بیت، ئەم نەرماییەی سەر یارمەتی منداڵ دەدات کە کاتی لەدایکبوونی بە ئاسانی بێتە دەرەوە، بەشی پێشەوەی سەر لە دوو مانگیدا و بەشی پشتەوەی سەریشی لە دوو ساڵیدا دادەخرێن.

هەمیشە سەیری بەشە نەرمەکەی سەری بکە، بە سەیرکردنی ئەم ناوچەیە ئاگاداری سەلامەتی منداڵەکەت دەبیت، کاتێک منداڵەکە سەری زۆر چوبێت بە قووڵدا ئەوا نیشانەی وشکبوونەوەی منداڵەکە و کەمی ئاوە لە جەستەیدا، و هەڵئاوسانی نیشانەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکە.

پەیوەندی دروست کردن لەگەڵ منداڵەکەدا

پێدانی شیر و بەرکەوتنی پێستت بە پێستی منداڵەکەت، هەروەها سەیرکردنی ناو چاوی منداڵەکەت و قسە کردن لەگاڵیدا پەیوەندی تۆ و منداڵەکەت بەهێز دەکات.


سەرچاوەکان



5765 بینین