سێ مانگی یەکەمی دووگیانی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-05-19:28:00 - کۆدی بابەت: 5752
سێ مانگی یەکەمی دووگیانی

ناوه‌ڕۆك

دووگیانی

ماوەی دووگیانی نزیکەیی ٤٠ هەفتە درێژە دەکێشێت، هەفتەکانی دووگیانی دابەش بوون بۆ سێ دانە بەشی سێ مانگی، سێ مانگی یەکەمی دووگیانی لە پیتاندنەوە دەست پێ دەکات تاکوو هەفتەی ١٢، جەستەی خانمی دووگیان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زۆر گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

سێ مانگی یەکەمی دووگیانی

لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا جەستەی خانمەکە گۆڕانکاری زۆری بە سەردا دێت، جەستە چەند هۆڕمۆنێک بەرهەم دەهێنێت کە بە نزیکەیی کاریگەری لەسەر تەواوی ئەندامەکانی جەستە هەیە، یەکەمین نیشانە کە خانمەکە هەستی پێ دەکات نەمانی سوڕی مانگانەیە.

چەند نیشانەیەکی سێ مانگی یەکەمی دووگیانی

  • نەمانی سوڕی مانگانە
  • ماندوویەتی
  • گۆڕانکاری دەروونی
  • هەستیار بوونی مەمک
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • دڵەکزە
  • زیادبوونی کێش
  • سەرئێشە
  • بێزوو کردن بە چەند خواردنێکی تایبەتەوە
  • بێز کردنەوە لە هەندێک خواردنی تایبەت
  • قەبزی

تێبینی: ئەم نیشانانە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر دەگۆڕدرێت.

لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا چی بەسەر کۆرپەلەکەدا دێت؟

کۆرپەلە لەم سێ مانگەدا بە خێرایی لە حاڵەتی گەشە کردندایە، مێشک و دەمارەکان دەست دەکەن بە دروستبوون و شێوەی خۆیان دەگرن، دڵی کۆرپەلە هەر لەم سێ مانگەدا دەست دەکات بە لێدان، هەر لەو چەند هەفتەی سەرەتادا دەست و قاچەکان شێوەی خۆیان وەردەگرن و لە کۆتایی هەفتەی هەشتەمدا پەنجەکانی دەست و قاچ وردە وردە جیادەبنەوە، لە کۆتایی سێ مانگی یەکەمدا، بە نزیکەیی ئەندامەکانی زاوزێی کۆرپەکە دروست دەبن، کۆرپەلە لە کۆتایی سێ مانگی سەرەتای دووگیانیدا درێژییەکەی ٧.٦سم، هەروەها کێشەکەی بە نزیکەیی ٢٨ گرامە.

ڕۆڵی پزیشک لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

کاتێک کە دەزانیت دووگیان بوویت، دەبێت هەرچی زووە سەردانی پزیشکی تایبەت بە ژنان و منداڵبوون بکەیت، بۆ ئاگاداربوون لە تەندروستی خۆت و کۆرپەلەکەت، لەم سێ مانگەدا دەبێت سێ جار سەردانی پزیشک بکەیت واتە هەموو مانگێک جارێک، لە یەکەم سەرداندا پزیشک چەندین پرسیار و پشکنینت بۆ دەکات. 

ئەو کارانەی کە پزیشک بۆ خانمەکەی دەکات لەو سێ مانگەدا

  • سۆنەرکردن بۆ دڵنیابوونەوە لە دووگیانی
  • پشکنین بۆ فشاری خوێن
  • پشکنینی ڤایرۆسی، وەک ئایدز و نەخۆشی جگەری جۆری B
  • دیاریکردنی بەرواری منداڵبوون کە بە نزیکەیی لە بەرواری کۆتا سوڕی مانگانەوە ٢٦٦ ڕۆژ دەکات
  • چاودێریکردنی حاڵەتی مەترسیدار وەک کەمخوێنی
  • پشکنینی غودە
  • ئاگاداری کێشی دایکەکە
  • لە دەوروبەری هەفتەی ١١ـی دووگیانیەکەدا، پزیشک داوات لێ دەکات کە سۆنەری (nuchal translucency)، ئەم سۆنەرە بەکاردێت بۆ بۆ ئەندازەگرتنی شلەی سەر و ملی منداڵەکە، ئەم سۆنەرە دەتوانێت دەرخەری حاڵەتە بۆماوەییەکان بێت، وەک حاڵەتی داون سیندرەم (مەنگۆلی) کە ئەگەر منداڵەکەت داون بێت بەم سۆنەرە حاڵەتەکەی دەردەکەوێت.

خانمان چیبکەن تاکوو سێ مانگی یەکەمی دووگیانی بە تەندروستییەکی باشەوە تێ بپەڕێنن؟

  • بەکارهێنانی ڤیتامیناتەکانی ماوەی دووگیانی
  • وەرزشی تایبەت بە ماوەی دووگیانی
  • وەرزشی تایبەتی ناوچەی حەوز
  • خواردنی خۆراکی تەندروست وەک، میوە و سەوزە، خۆراکی دەوڵەمەند بە پڕۆتین و خواردنی کەم چەوری
  • خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو
  • خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بڕێکی زۆر کالۆری تێدایە

خانمان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا دەبێت لەچی دووربکەونەوە؟

  • وەرزشی قورس و خۆ هیلاک کردن و هەڵگرتنی شتی قورس
  • خواردنەوە کهولیەکان
  • خواردنەوە کافاینەکان، ڕۆژانە یەک کوپ چا یاخود یەک کوپ قاوە زیاتر نەخورێتەوە.
  • جگەرەکێشان
  • بەکارهێنانی دەرمان بە بێ پرسی پزیشک
  • خواردنی ماسی خاو یاخود خواردنە ئاوییەکان
  • نزیکبوونەوە یاخود پاکردنەوەی شوێنی پشیلە، کە دەکرێت تووشی نەخۆشی پشیلە یاخود (toxoplasma)
  • شیری ناخاوێن و نەکوڵاو 
  • خواردنە خێراکانی دەرەوە

چەند پێشنیارێک بۆ سێ مانگی یەکەمی دووگیانیەکەت

لە ڕاستیدا سێ مانگی یەکەمی دووگیانی زۆر قورسە، چونکە خانمەکە لەگەڵ نیشانە قورسەکانی دووگیانیدا دەجەنگێت و هەندێک کات بە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە خانمەکە بێتاقەت دەبێت و دەگری، بۆیە پێویستە زۆر تەنها نەبێت، هەروەها لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا ئەگەری لەبارچوون زۆرە و بۆیە دایکان هەمیشە دەشڵەژێن و ترسیان هەیه، بۆیە گرنگە کە ئەم چەند هەنگاوە جێبەجێ بکەن.

بەکارهێنانی ستیانی گونجاو

ئەگەر لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیەکەتدا ئازاری مەمکت هەیە و مەمکت هەستیار بووە ئەوا ئاگاداربە و ستیانی گونجاو لەبەربکە، هەوڵبدە قوماشەکەی بە جۆرێک بێت کە تووشی هەستیاریت نەکات، هەروەها تەسک نەبێت تاکوو ئازارت زیاتر نەبێت.

بەکارهێنانی فۆلیک ئەسید

لەو ڕۆژەوەی کە دەزانیت دووگیانیت دەبێت فۆلیک ئەسید بەکاربهێنیت، کە زۆر گرنگە و یارمەتی جەستەی خانمەکە دەدات کە دووگیانیەکی سەرکەوتووی هەبێت و وزەی پێ دەبەخشێت.

کتێبی تایبەتی کاتی دووگیانی بخوێنەوە

کاتێک دەزانیت کە دووگیانیت، زانیاری بخوێنەوە دەربارەی دووگیانی و تەواوی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەو ماوەیەدا ڕوودەدەن، تاوەکوو ڕووبەڕوی هەموو ئەو حاڵەتانە ببیتەوە کە دێتە پێشەوە بۆت و خۆت ئامادە بکەیت بۆ سێ مانگەکانی کۆتایی و زانیاریت هەبێت لەسەریان.

زۆر خواردنەوەی ئاو

لە ماوەی دووگیانیدا دەبێت ڕۆژان نزیکەی هەشت پەرداخ ئاو بخۆیتەوە، ئەمە جگە لە خواردنەوەی شلەمەنی دیکە و بەڵام ئاگاداربە کە شەربەت و خواردنەوەی پڕ شەکر مەخۆرەوە و دوورکەوە لە خواردنەوەکانی ناو بازاڕ.

سەرینی تایبەتی دووگیانی

لە یەکەم ڕۆژی دووگیانیتەوە سەرینی تایبەتی دووگیانی بکڕە، تاکوو لە کاتی خەودا زۆر ئازارت پێ نەگات و خەوێکی ئاسوودە بکەیت.

پارێزگاری لە جوانی جەستەت

دووگیانی بەو واتایە نایەت کە بەردەوام بخۆیت و بخەویت و نەجوڵێیت، ماوەی دووگیانی دەبێت زۆر ئاگاداری جەستەت بیت تاکوو زۆر تێک نەچێت، ئەویش بە وەرزشکردن و مەلەکردن و هەروەها پیادەڕەوی و خواردنی تەندروست.

دڵدانەوە لە لایەن هاوسەرەکەتەوە

لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا بە هۆی هەموو ئەو گۆڕانکاریانەوە کە بەسەر جەستە و دەروونتدا دێت، بەتەواوی پێویستت بەوە هەیە کە یارمەتی لە هاوسەرەکەت وەربگریت و تەواوی وردەکاری بارودۆختی بۆ باس بکەیت، و هەروەها داوای یارمەتی لێ بکەیت، ئەویش پێویستە کە یارمەتیدەر بێت و هەمیشە بەشێکی ڕۆژەکەی تەرخان بکات بۆ دانیشتن لەگەڵ هاوسەرەکەی و گوێ گرتن بۆی.


سەرچاوەکان



19991 بینین