هۆکار و چارەسەری کێشی کەمی منداڵی تازە لەدایکبوو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-07-02:32:00 - کۆدی بابەت: 5772
هۆکار و چارەسەری کێشی کەمی منداڵی تازە لەدایکبوو

ناوه‌ڕۆك

کێش کەمی منداڵی تازە لەدایکبوو چییە؟

منداڵێک لە کاتی لەدایکبوونی کێشی کەمتر بێت لە ٢.٥ کیلۆگرام ئەوە پێی دەوترێت کێشی کەمە، کێشی مامناوەندی منداڵ بە نزیکەیی ٣.٥ کیلۆگرامە، ئەگەر منداڵەکەت لە نێوان هەفتەی ٣٧ بۆ ٤٢ لەدایکبووبێت و کێشی کەم بێت، ئەوا دەچێتە ڕیزی ئەو منداڵانەی کە بە کێشێکی کەمەوە لەدایک بوون.

ئەم منداڵانە جەستەیان زۆر بچوکە و سەریان لە جەستەیان گەورەترە، کەمترین کێشی منداڵی تازە لەدایکبوو کەمتر لە یەک کیلۆگرامە کە بە گشتی ئەو منداڵانەن کە لە هەفتەی ٢٧ یان کەمتر لەدایک بوون واتە دایکەکە بە حاڵەتی منداڵبوونی پێش وەختە منداڵەکەی بووە.

تێبینی: بە پێی لێکۆڵینەوەکان ٪٢٠ منداڵان لە جیهاندا لە کاتی لەدایکبووندا تووشی کەم کێشی دەبنەوە.

هۆکاری کێشی کەمی منداڵی تازە لەدایکبوو چییە؟

لەدایکبوونی پێش وەختە

منداڵ پێش گەیشتنی بە هەفتەی ٣٧ـی دووگیانی تەواو ئامادە نییە بۆ لەدایکبوون، و دوای هەفتەی ٣٧ تەواوی کێشی جەستەی بە دەست دەهێنێت و جێگیر دەبێت، هەر بۆیە ئەو منداڵانەی کە پێش هەفتەی ٣٧ـی دووگیانی دێنە دونیاوە کاتێکی کەمتر بەسەر دەبەن لە سکی دایکیاندا و کێشێکی کەمتریان دەبێت.

سنوورداریی گەشەی ناوەوەی منداڵدان

ئەو منداڵانەی کە بۆ گەشەکردنیان لە ناوەوەی منداڵداندا دووچاری سنوورداریی دەبنەوە، کێشیان کەمترە لە منداڵانی تر، ئەم منداڵانە بە تێێپەڕینی نۆ مانگی تەواویش هێشتا هەر کێشیان کەمە

سنوورداریی گەشەی ناوەوەی منداڵدان دوو جۆرە

  • سنوورداریی ناهاوجێبوون 

کاتێک ڕوودەدات کە منداڵەکەت لە ماوەی دووگیانیدا تووشی بەدخۆراکی بووبێت، کە ئەم منداڵانە بە گشتی قەبارەی سەریان باشە و بەڵام لاوازن و جگەریان گەورەیە.

  • سنوورداریی هاوجێبوون

کە ئەمەیان بە هۆی هەوکردن، بازدانی کرۆمۆسۆم، شێوازی ژیان، خواردنەوە کهوولیەکانەوە ڕوودەدات، منداڵ لەم کاتەدا قۆناغەکانی دووگیانی هێواشتر بە ڕێ دەکات و کێشی جەستەی لە خوار مامناوەندەوەیە، هەروەها دوای لەدایکبوونی کێشەی تری تەندروستی بۆ دروست دەبێت.

دووگیانبوون بە منداڵێک زیاتر

ئەگەر زیاتر لە منداڵێک لە سکتدایە، دوو منداڵ یاخود زیاتر، ئەگەری ئەوە هەیە کە کێشی هەر یەکێکیان کەمتر لە ٢.٥ کیلۆگرام بێت، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو منداڵانە لە ناو سکی دایکەکەدا شەڕ دەکەن لەسەر خواردنەکە و بەشیان کەمترە بە بەراورد بە منداڵێک کە خۆی بە تەنها بێت.

بەرزی فشاری خوێن

ئەگەر دایکەکە فشاری خوێنی بەرز بێت لە ماوەی دووگیانیەکەیدا، ئەگەری جوڵەی وێڵاش کەمە لە ناو منداڵداندا و هەر بۆیە منداڵەکە کێشی کەم دەبێت.

بەکارهێنانی دەرمان و ماددە کهولیەکان

ماددە هۆشبەرەکان و دەرمانی هەڵە و ماددە کهوولیەکان، کاریگەری دەخەنە سەر گەشەی منداڵەکە، هەموویان ماددەی کیمیایین و وادەکەن کە ئۆکسجینی کەمتر بچێت بۆ منداڵەکە.

کێشەکانی وێڵاش

ئەگەر کێشەی وێڵاشت هەبێت، وەک هاتنە خوارەوەی وێڵاش و هەروەها بەرزی فشاری خوێن ئەوا کاریگەریان هەیە کە کەمتر ماددەی خۆراکی بچێت بۆ منداڵەکە، لە ئەنجامدا منداڵەکە کێشی کەم دەبێت.

ناتەواوی لە ملی منداڵداندا

ئەو ناتەواویانەی کە لە ملی منداڵداندا هەن، لەوانەیە هۆکار بێت بۆ هەبوونی فشارێکی زۆر لەسەر منداڵەکە، هەروەها هۆکار بێت تاکوو منداڵەکە پێش کاتی خۆی بێتە دونیاوە.

ناتەواوییەکانی منداڵدان

وەک ڕیشاڵە لووی منداڵدان کە هۆکارێکە بۆ کەمی گەشەی منداڵ.

شەکرە

شەکرە کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکە و دەکرێت لە کاتی لەدایکبوون منداڵەکە زۆر گەورە بێت یاخود زۆر بچووک بێت.

هەوکردنەکانی ماوەی دووگیانی

هەوکردنی ماوەی دووگیانی زۆر باوە لە ماوەی دووگیانیدا لە خانماندا، ئەو هەوکردنانە و ئەو دەرمانانەی کە بۆیان دیاری دەکرێت، دەتوانن هۆکارێک بن تاکوو منداڵەکە کێشی کەم بکات.

پێشینەی هەمان حاڵەت

ئەگەر خانمەکە پێشتر منداڵێکی پێش وەختە بووە و منداڵەکەی کێشی کەم بووە دەکرێت ئەم حاڵەتە دووبارە ببێتەوە.

خواردنی ناتەندروست

ئەگەر خۆراکی زۆر و باش نەخۆیت کاتی دووگیانی، خۆراکی کەمیش دەچێت بۆ منداڵەکە و لە ئەنجامدا دووچاری کێشی کەم دەبێتەوە، دەبێت زۆر وریایی خواردنت بیت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا چونکە ئەگەر کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ببێت لەو کاتەدا، بەتەواوی کار دەکاتە سەر تەواوی قۆناغەکانی تری گەشەی منداڵەکە.

کاریگەریی کێشی کەمی منداڵەکە لەسەر گەشەی

  • کێشەکانی کۆئەندامی هەناسە وەک کۆنیشانەی هەناسەتەنگی توند (respiratory distress syndrome)
  • مەترسی توشبوون بە هەوکردن
  • کێشەی خۆراک
  • بەرزبوونەوەی شەکرە
  • زیادبوونی خانەکانی ناو خوێن، کە خوێن خەست دەکەنەوە
  • بێهێزی لە گەرمکردنی جەستە
  • کەمی ڕێژەی ئۆکسجین کاتی لەدایکبوون
  • کێشەکانی کۆئەندامی هەرس، وەک نەخۆشی ڕیخۆڵەکان
  • کێشەکانی مێشک
  • مردنی لەناکاوی منداڵ

دەستنیشانکردنی کەمی کێشی منداڵی تازە لەدایکبوو

پێوانی منداڵدان

پزیشک دوای هەفتەی ٢٠ دووگیانی، درێژی منداڵدان دەپێوێت بە سانتیمەتر، ئەگەر درێژی منداڵدان لە هەفتەی ٢٠ـدا کەمتر بێت لە ڕێژەی ئاسایی خۆی، واتە منداڵەکە لە ئاستی ئاسایی خۆی بچوکترە.

سۆنەرکردن

سۆنەرکردن یەکەمین پشکنینە بۆ دڵنیابوونەوە لە کێشی منداڵەکە و پزیشک دەتوانێت بە جوانی کێشی مداڵەکە بزانێت، هەروەها پزیشک دەتوانێت ئاگاداری تەواوی جەستەی منداڵەکە بێت بە سۆنەرکردن، وەک سەر، سک و ئێسکەکان و ڕانی منداڵەکە، سوودی ئەم پشکنینە ئەوەیە کە کاتێک زانیت منداڵەکەت کێشی کەمە، دەتوانیت شێوازی ژیان و خواردنت بگۆڕیت تاکوو کێشی باشتر ببێت.

چۆن ڕێگری بکرێت لە کەمی کێشی منداڵ لە ماوەی دووگیانیدا؟

چاودێری پێش لەدایکبوون

دایکەکە دەبێت بەردەوام لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بێت، بە تایبەت بۆ هەردوو حاڵەتی بەرزی فشاری خوێن و شەکرەی کاتی دووگیانی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر کێشی منداڵەکە، بە چاودێری کردنت لە لایەن پزیشکەوە بەردەوام دەتوانیت ئاگاداری لێدانی دڵی منداڵ و کێش و تەندروستی ببیت. 

زیادبوونێکی ئاسایی کێش و خواردنی باش

گرنگە کە دایکەکە لە ماوەی دووگیانیدا زیادبوونی کێشی لە ئاستێکی ئاسایدا بێت، هەروەها خواردنی باش بخوات وەک میوە و سەوزە، وە بەکارهێنانی فۆلیک ئەسید زۆر گرنگە.

گۆڕانکاری شێوازی ژیان

ڕێککردنەوەی خەو و وازهێنان لە جگەرەکێشان و ماددە کهوولیەکان، کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی.

کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکەت

ئەگەر دایکێکیت کە بەرزی فشاری خوێنت هەیە یان شەکرەی کاتی دووگیانی، ئەوا بەردەوام پشکنین بکە بۆ فشاری خوێن و شەکرەکەت و ئاگاداری ڕێژەی ئاساییان بە و دڵنیابەرەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵدان

چەند ڕێگایەک بۆ زاڵبوون بەسەر کێشی کەمی منداڵدا

شیردان

شیردانت بە منداڵەکەت یارمەتی دەدات کە دوور بێت لە لاوازبوون و کێشی کەم نەکات و سیستمی بەرگری جەستەی بە هێز بێت.

سەردانیکردنی بەردەوام

منداڵەکەت پشتگوێ مەخە و بەردەوام بۆ زانینی کێش و تەندروستی سەردانی پزیشکی پێ بکە.

سەرنجی کێشی بدە

لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەت دەبێت کێشیشی زیاد بکات، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕووینەدا  ئەوا پشتگوێی مەخە و سەردانی پزیشکی پێ بکە.

هەڵبدە بە شێوەیەکی سرووشتی کێشی زیاد بکات

تاکوو شەش مانگی تەنها شیری خۆت بدە بە منداڵەکەت و دوای ئەوە وردە وردە دەست بکە بە پێدانی خۆراکی جیاواز بە پێی تەمەنەکەی.

ئارامگربە

زیادبوونی کێشی منداڵەکەت لەناکاو ڕوونادات، هەنگاو  بە هەنگاو ڕوودەدات، پێویست دەکات تا چەند مانگێک ئارامگر بیت.

چارەسەری کێشی کەمی منداڵ

  • چاودێری چڕ و تایبەت
  • خۆراک پێدانێکی باشی وێڵاش کە بە دەرزی لە ڕێگەی دەمارەوە دەکرێت
  • پلەی گەرمی ئەو شوێنەی منداڵەکە لێی خەوتووە دەبێت گونجاوو بێت
  • هەندێک دەرمانی تری تایبەت کە پەیوەستە بەم حاڵەتانەی خوارەوە
  • تەمەنی دووگیانیەکە، پێشینەی بەکارهێنانی دەرمان
  • بەرگەگرتنی جەستە بۆ دەرمانەکان


سەرچاوەکان



7110 بینین