پڕۆگرامەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-10-22:29:00 - کۆدی بابەت: 5832
پڕۆگرامەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پڕۆگرامەری کۆمپیوتەر، دێڤێلۆپەر، یان پڕۆگرامەر بریتییە لە کەسێک کە هەڵدەستێت بە دروستکردنی پڕۆگرامی کۆمپیوتەر، دەستەواژەی کۆمپیوتەر پڕۆگرامەر بە کەسێکی شارەزا دەوترێت لە بواری کۆمپیوتەردا کە کۆدی چەندین جۆری پڕۆگرام دەنووسێت.

پڕۆگرامەرەکان زمانەکانی کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن بۆ نووسینی پڕۆگرامەکان، وەک (Assembly, COBOL, C, C++, C#, JavaScript, Lisp, Python, Java).

مێژوو

ئادا لۆڤلێس (Ada Lovelace) کە خانەدانێکی ماتماتیکزانی بەڕیتانییە، بە یەکەمین پڕۆگرامەر دادەنرێت، چونکە لە ساڵی 1824 یەکەم کەس بوو بەشێک لە پرۆگرامێک بڵاوبکاتەوە کە بریتیبوو لە (ئەلگۆریذم)ـێک، ئەم ئەلگۆریذمە بەکاردەهێنرا بۆ هەژمارکردنی ژمارەکانی بێرنۆوڵی (Bernoulli number).

یەکەم کەس کە پڕۆگرامێکی تەواوی دروستکرد و لەسەر کۆمپیوتەرێکی ئەلیکترۆنی کاریپێکرد، بریتیبوو لە زانای کۆمپیوتەر کۆنراد زوسێ (Konrad Zuse).

پیشەسازی پرۆگرام دروستکردن

یەکەم کۆمپانیا کە بە تایبەتی بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی پڕۆگرام و خزمەتگوزاری پڕۆگرام دەمەزرا کۆمپانیای بەکارهێنانی کۆمپیوتەر (Computer Usage Company) بوو، کە لە ساڵی 1955 دامەزرا.

ئەم بوارەی پیشەسازییە زیاتر گەشەی کرد کە کۆمپیوتەری کەسی (PC) بڵاوبوویەوە و دەفرۆشرا لە ساڵی 1970، ئەمەش بوویە هۆی ئەوەی کە کۆمپیوتەر لە فەرمانگەکاندا بەکاربهێنرێت، هەروەها لە ساڵەکانی دواتردا کۆمپیوتەرە کەسییەکان بووە هۆی دروستکردنی بازاڕێکی گەورە بۆ پڕۆگرام و یاری و کەرەستە کۆمپیوتەرییەکان.

سروشتی کاری پڕۆگرامین

پڕۆگرامەرەکان ڕێنمایی دیاریکراو دەنووسن و تاقیدەکەنەوە، کە پێیان دەوترێت پڕۆگرامی کۆمپیوتەر، هەروەها پڕۆگرامەرەکان پێکهاتەی لۆژیکی دروستدەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە خودی کۆمپیوتەرەکان.

پڕۆگرامەرەکان لە شوێنی جیاجیادا کاردەکەن، لەوانەیە شوێنەکە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای زانیاری بێت یان کۆمپانیایەکی نەرمەواڵا (سۆفتوێر) بێت، زۆربەی پڕۆگرامەرە پڕۆفیشناڵەکان بەشێوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کاردەکەن، کاری پڕۆگرامەر پێویستی بە مۆڵەت نییە بەڵام زۆربەی پڕۆگرامەرەکان بڕوانامەی بەرزیان هەیە چونکە یارمەتی وەرگرتنی هەلی کار لە کۆمپانیا و ڕێخراوەکاندا زیاد دەکات.

پڕۆگرامە سادەکان دەتوانرێت لە چەند کاتژمێرێکدا بنوسرێت، بەڵام پڕۆگرامە ئاڵۆزەکان هەندێکجار زیاتر لە ساڵێکیان پێدەچێت، هەروەها هەندێت پڕۆگرام هەیە کە تەواو ناکرێن، بەڵکو هەمیشە نوێدەکرێنەوە بۆ بەکارهێنان.

پڕۆگرامەرەکان پڕۆگرام دروستدەکەن بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە لە خاوەنکارەکانیان یان شیکەرەوەی سیستمەکان (Systems analyst)ـەوە پێیاندەدرێت، زمانی پڕۆگرامی جیاواز بەکاردەهێنرێت بۆ سیستمە جیاوازەکان، بۆ نموونە زمانی کۆبۆڵ (COBOL) بۆ دروستکردنی پڕۆگرامە بازرگانییەکان بەکاردێت کە لەسەر کۆمپیوتەرە بەهێزەکان کاریانپێدەکرێت، زمانەکانی (++C) و (Python) زیاتر بۆ پڕۆگرامە زانستی و بازرگانییەکان بەکاردێت، هەروەها زمانەکانی (Java, C#, JS, PHP) بۆ دروستکردنی وێبسایتەکان بەکاردێت، پڕۆگرامەرەکان زۆرجار زیاتر لە یەک زمانی پڕۆگرامین دەزانن، هەروەها بەبۆنەی ئەوەی کە زمانەکان لە زۆربەی ڕووەکانەوە لەیەک دەچن ئەوا زۆر ئاسانە بۆ کەسێک کە زمانێکی پڕۆگرامین دەزانێت زمانی تر فێرببێت.

تاقیکردنەوە و ڕاستکردنەوە

پڕۆگرامەرەکان، پڕۆگرام تاقیدەکەنەوە لەڕێگەی کارپێکردن و ڕاستکردنەوە (debugg)ـی هەڵەکان کە لەکاتی بەکارهێنانی پڕۆگرامەکەدا دروستدەبن، پڕۆگرامەرەکان لەم کارە بەردەوام دەبن تا پڕۆگرامەکەیان کەمترین کێشەی دەبێت، هەروەها بەم پڕۆسەیە دەوترێت تاقیکردنەوە و ڕاستکردنەوە (بە ئینگلیزی: Testing and debugging).

جیاوازی پڕۆگرام (ئەپڵیکەیشن) و سیستم پڕۆگرام

پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر دەکرێن بە دوو بەشەوە کە بریتین لە ئەپڵیکەیشن پڕۆگرام و سیستم پڕۆگرام، ئەپڵیکەیشن پڕۆگرام دروستدەکرێن بۆ ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو وەک گەڕان بە ناو ئینتەرنێتدا یان چاودێریکردنی ئەو کەرەستانەی کە لە کۆگایەکدا هەن، بەڵام سیستم پڕۆگرام دروستدەکرێت بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و ڕێکخستنی خودی سیستمەکە لەگەڵ ئەو پڕۆگرامانەی کە لە ناویدا هەن، وەک سیستمە کارپێکەرەکانی ویندوس و ماک ئۆ ئێس، هەروەها سیستمی بەڕێوەبردنی داتابەیس (database management systems).


سەرچاوەکان



2304 بینین