کاش

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-14-02:00:00 - کۆدی بابەت: 5878
کاش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاش بە (ئینگلیزی: cache) بریتییە لە بیرگەیەکی کاتی کە زۆرجار پێیدەوترێت بیرگەی کاشی سی پی یو (CPU cache memory)، ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە چیپەکانی کۆمپیوتەردا هەیە، ڕێگەی ئەوەت پێدەدات کە بە خێراتر زانیاری بەدەست بهێنیت تا بەکارهێنانی هاردی کۆمپیوتەرەکەت، زانیاری پڕۆگرامەکان لەم بیرگە کاتییەدا هەڵدەگیرێن، کە خێراترین بیرگەیە لە کۆمپیوتەردا.

کاش و ڕام 

کاتێک کۆمپیوتەرەکەت دەیەوێت بەخێرایی داتایەک بکاتەوە بەڵام لە کاشدا نایدۆزێتەوە، ئەوا ڕام بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی، ڕام (RAM) سەرەکیترین جۆری بیرگەیە لە کۆمپیوتەردا، کە هەڵدەستێت بە هەڵگرتنی زانیاری و پڕۆسەی پڕۆگرامەکان، ڕام لە (CPU)ـەوە دوورە بۆیە هێواشترە، زۆرجار کاش 100 هێندەی ڕام خێراترە.
کآش لە جیاتی ڕام بەکارناهێنرێت چونکە کاش لە چاو قەبارەکەیدا زۆر گرانە، بۆیە تەنها ئەو زانیاریانەی کە تازە بەکارهێنراون لە کاشدا دەمێننەوە.

چۆن کاش کاریگەری لەسەر خێرایی کۆمپیوتەر هەیە؟

کۆمپیوتەر چاوەڕێ دەکات تا فایلێک بەکاردێنیت، پاش بەکارهێنانی فایلێک بیرگەی کاش هەڵدەستێت بە دروستکردنی کەتەلۆگێک بۆ ئەو فایلەی دروستی دەکات، ئەم پڕۆسەیە پێیدەوترێت کاشین (caching)، بۆیە تا فایلێک زیاتر بەکاربهێنیت ئەگەری زیاترە لە کاشی کۆمپیوتەرەکاتدا هەبێت.

پێکان و نەپێکان - Hits and misses

کاتێک کردارێک ئەنجام دەدەیت و پێویستی بە زانیارییە، کۆمپیوتەر سەرەتا لە کاشدا بۆ زانیارییەکە دەگەڕێت، گەر زانیارییە داواکراوەکە هەبوو پێیدەوترێت پێکان (hit)، وە بە خێرایی زانیارییەکەت بەدەست دەهێنیت، بەڵام گەر زانیارییەکە لە کاشدا نەبوو پێیدەوترێت نەپێکان (miss)، بۆیە کاتێکی زیاتری دەوێت بۆ دۆزینەوەی زانیارییەکەت چوونکە کۆمپیوتەرەکە ڕام و هارد دیسک بەکاردەهێنێت.

قۆناغەکانی کاش

کاشی قۆناغی یەکەم

کاشی قۆناغی یەکەم (Level 1 cache - L1) لەناو (CPU)ـدایە، ئەو داتا و زانیارییانە لەخۆدەگرێت کە تازە بەکارهێنراون و ئەگەری زۆرە دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، هەروەها ئەم قۆناغی کاشە یەکەم شوێنە کە کۆمپیوتەر تێیدا دەگەڕێت بۆ زانیاری، هەروەها لە هەموو قۆناغەکانی تری کاش خێراترە.

کاشی قۆناغی دووەم

کاشی قۆناغی دووەم (Level 2 cache - L2) هەروەها پێیدەوترێت کاشی دووەم، ئەو شوێنەیە کۆمپیوتەر بۆ زانیاری دەگەڕێت گەر لە کاشی یەکەمدا نەیدۆزێتەوە، کاشی دووەم زۆرجار لەسەر کارتێکی بیرگەیە کە لە (CPU)ـەوە نزیکە.

کاشی هارد دیسک

لە هاردی کۆمپیوتەرەکاندا کاش هەیە کە پێیدەوترێت دیسک کاش (disk cache)، ئەم کاشە لە هەموو قۆناغەکانی تری کاش هێواشترە، ئەرکی ئەم کاشە بریتییە لە وەرگرتنی داتا لە هاردەوە و بردنی بۆ ڕام.

کاشی کارتی شاشە

وەرگرتنی داتای پێویست بۆ نیشاندانی گرافیک و زانیارییەکان پێویستە زۆر بە خێرایی ڕووبدات، بۆیە کارتی شاشەکانیش سیستمی کاش بەکاردەهێنن، دوو جۆر کارتی شاشە هەیە یەکەمیان پێیدەوترێت (integrated graphics) ئەم کارتە شاشانە لەگەڵ (CPU)ـی کۆمپیوتەرەکەدایە و لە یەک چیپدان، هەروەها کاشی کارتی شاشە دیاریکراوە، هەروەها جۆری دووەمی کارتی شاشەکان بریتییە لە (dedicated graphics card) ئەم کارتە شاشانە لەسەر چیپێکی جیان و سیستمی کاشی تایبەت بەخۆیان هەیە.


سەرچاوەکان



1265 بینین