چارەسەری شێرپەنجە بە خۆراک پێدانی دروست 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-14-13:27:00 - کۆدی بابەت: 5879
چارەسەری شێرپەنجە بە خۆراک پێدانی دروست 

ناوه‌ڕۆك

شێرپەنجە 

شێرپەنجە دەستەواژەیەکە وەسفی دابەشبوونی ڕێکنەخراوی خانەکان دەکات لە لەشدا یان بە شێوەیەکی تر گۆڕانە لە ئاستی خانەیی خانەکاندا کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەرکەکانی و گەشەکردنی بە شێوەیەکی نائاسایی، زیاتر لە ١٠٠ جۆر شێرپەنجە بوونی هەیە، هەر خانەیەکیش لە خانەکانی لەش تەمەنێکی دیاریکراوی هەیە کە پاش ئەوە خانەکان دەمرن و بە خانەی نوێ جێیان دەگیرێتەوە، بەڵام خانە شێرپەنجەییەکان بەردەوام دەبن لە گەشە و زیادکردن بەبێ بوونی تەمەنێکی دیاریکراو، واتا خانە شێرپەنجەییەکان نامرن، ڕەنگە خانە شێرپەنجەییەکان لە شوێنێکی دیاریکراودا دەربکەون و بڵاوببنەوە بۆ بەشەکانی تری لەش لەڕێگەی لیمفەگرێکانەوە، چارەسەری شێرپەنجەش بە چەند کارتێکەرێک کاری لێ دەکرێت وەکوو قۆناغی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکە و جۆری و چەندین کارتێکەری تریش.

نیشانەکانی شێرپەنجە 

نیشانەکانی شێرپەنجە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە ئەویش پشت بەو بەشەی لەش دەبەستێت کە توشی شێرپەنجەکە بووە، هەروەها قورسی نیشانەکانی پشت بە ڕاددەی بڵاوبوونەوەی دەبەستێت بە لەشدا، بەڵام زۆرێک لە توشبووانی شێرپەنجە لە هەندێک نیشانەدا هاوبەشن، ئەوانیش: 

  • شەکەتی و ماندووێتی. 
  • گۆڕانکاری لە کێش، واتا بەدەستهێنان یان کەمکردنی کێشێکی زۆری پلان بۆ دانەڕێژراو. 
  • گۆڕانکاری لە پێستدا لەوانەش سوور یان زەردبوونەوە یان ئەو برینانەی کە ساڕێژ نابن. 
  • گۆڕانکاری لە سیفەتی ڕیخۆڵەکان یان میزڵدان وەکوو زوو زوو چوونە سەرئاو یان بێتوانایی سەرئاوکردن. 
  • کۆکەی بەردەوام یان قورسی هەناسەدان.
  • ڕووبەڕووبوونەوەی قورسی لەکاتی قوتدانی خۆراک.
  • گڕبوونی دەنگ 
  • هەست بە قورسی هەرسکردن بە بەردەوامیی یان هەست کردن بە ئاسوودەنەبوون پاش خواردنی خۆراک.
  • ئازاری ماسولکە و جومگەکان
  • بەردەوامی تای ڕوون نەکراوە و ئارەقکردنەوەی شەوانە.
  • خوێنبەربوون و شین بوونەوەی ڕوون نەکراوە. 

هۆکارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە

چەندین هۆکاری جیاواز هەن بۆ توشبوون بە شێرپەنجە یان وا ڕووندەکرێتەوە کە کۆمەڵێک هۆکاری مەترسین کە ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر کەسی توشبوو هەن کە هیچ یەک لەو هۆکارانەیان تێدا نییە بەڵکو ژیانێکی زۆر تەندروستیش دەژین، هەروەها هەندێک توێژینەوە هۆکاری جینی و بۆماوەیی بەستووەتەوە بە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە، لە دیارترین هۆکارەکانی شێرپەنجەش بریتین لە: 

  • جگەرەکێشان.
  • زیادەڕەوی لە خواردنەوەی کهول.
  • کێشی زیادەی لەش. 
  • تەمەڵی جەستەیی یان ئەنجام نەدانی ڕاهێنانی وەرزشی. 
  • بەدخۆراکی
  • هەروەها زیادبوونی تەمەن لە دیارترین هۆکارەکانی توشبوونە بە شێرپەنجە بەتایبەت پاش تەمەنی ٥٠ ساڵی. 

چۆنییەتی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە 

چەندین تاقیکردنەوە ئەنجامدەدرێت بۆ دەستنیشان کردنی شێرپەنجە، هەروەها شایەنی باسە کە زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجە هاوکارە لە زوو باشبوونەوەی و لەناوبردنی بەر لە بڵاوبوونەوەی، لە گرنگترین ڕێگاکانی دەستنیشانیش بریتین لە: 

  • پشکنینە جەستەییەکان: لە پشکنینە جەستەییەکاندا پزیشک دەگەڕێت بۆ هەر ئاوساوییەک یان گۆڕانی ڕەنگی پێست، یان هەر نیشانەیەکی تر کە یارمەتیدەری دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بێت. 
  • پشکنینە تاقیگەییەکان: پشکنینەکانی میز و خوێن یارمەتی پزیشک دەدات بۆ دیاریکردنی حاڵەتە شازەکان کە دەکرێت ڕووبدات بەهۆی شێرپەنجەوە، بۆنمونە ئەو کەسانەی توشبووی شێرپەنجەی خوێنن ژمارەیەکی زیاتری خڕۆکەی سپی ناچالاک و ژمارەیەکی کەمتری خڕۆکەی سووریان دەبێت. 
  • وێنەگرتن: وێنەگرتنی ناوچەیی و لەرینەوەی موگناتیسی یارمەتیدەرن لە دەستنیشانکردنی هەبوون یان نەبوونی بارستە شێرپەنجەییەکان و دیاریکردنی ڕێژەی بڵاوبوونەوەیان کە یارمەتیدەرە بۆ هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاوی شێرپەنجە. 
  • نمونە وەرگرتن: لە هەندێک حاڵەتدا ئەو لوو و بارستانەی کە دەدۆزرێنەوە دەکرێت شێرپەنجەیی نەبن، بۆیە نمونەیەکیان لێ وەردەگیرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەو خانانەی تێیدان. 

چارەسەری شێرپەنجە بە خۆراک پێدانی تەندروست

زۆرجار چارەسەری شێرپەنجە بە ڕێگا باوەکان دەکرێت وەکوو چارەسەر بە تیشک و کیمیایی و نەشتەرگەری لابردن، بەڵام توێژینەوەکان دەریان خستووە کە سیستمی خۆراکت تەندروست زۆر یارمەتیدەرە لە چارەسەری شێرپەنجە، لە گرنگرترین ڕێگاکانی چارەسەری شێرپەنجە بە خۆراک خواردنی تەندروست بریتین لە: 

  • سەوزە و میوە: سەوزە و میوە ئەم کۆمەڵەی خۆراکە بە کۆمەڵەیەکی زۆر دەوڵەمەند دادەنرێت بەو خۆراکانەی یارمەتیدەری چارەسەری شێرپەنجەن، هەروەها هانی باشبوونی تەندروستی توشبووان دەدەن.
  • خۆراکی دەوڵەمەند بە ترشی فۆڵیک و ڤیتامین B: ئەم خۆراکانە یارمەتیدەرن لە جەنگان دژی شێرپەنجە کە دەکرێت دەستبخرێن لەڕێگەی خواردنی دانەوێڵە و هێلکەوە.
  • کەمکردنەوەی گۆشت: پارێزگاری لە ڕێژەی پڕۆتینەکان زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە، بەڵام کەمکردنەوەی گۆشت ڕەنگە زۆر یارمەتیدەر بێت لە قۆناغەکانی چارەسەر. 
  • خواردنی تەماتە: توێژینەوەکان سەلماندوویانە خواردنی تەماتە ئەگەری توشبوونی بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە. 
  • خواردنەوەی چای سەوز: پاش چەندین گەڕان و تاقیکردنەوە زاناکان بۆیان دەرکەوت خواردنەوەی چای سەوز یارمەتیدەرە لە جەنگان دژی شێرپەنجە و  کەمکردنەوەت بڵاوبوونەوەی بە لەشدا.
  • ترێ: ترێ چەندین دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری شێرپەنجە.
  • خواردنەوەی ئاو: خواردنەوەی ئاو بەسوودە بۆ هێشتنەوەی لەش بە تەڕ و شێداری بەتایبەتی لەکاتی چارەسەری شێرپەنجە زۆر یارمەتیدەرە لە چارەسەرەکەی. 
  • خواردنەوەی توو و شلیک: ئەم کۆمەڵەیە بڕێکی زۆری دژە ئۆکسانەکانی تێدایە کە یارمەتیدەرن لە چارەسەری شێرپەنجە. 
  • کەمکردنەوەی خواردنی شەکر: خانە شێرپەنجەییەکان پشت بە کاربۆهیدرات دەبەستن بۆ گەشەکردن و بڵاوبوونەوە، شەکر بە دیارترینی ئەو خۆراکانە دادەنرێت کە وزەی خانە شێرپەنجەییەکان زیاد دەکات و هانی گەشەکردنیان دەدات. 

خۆپارێزی لە شێرپەنجە 

ڕێگا گەلێکی زۆر هەن بۆ خۆپارێزی لە مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە کە پشت دەبەستێت بە دوورکەوتنەوە لە هۆکارە مەترسیدارەکان لە بنەڕەتەوە، وێڕای هەڵبژاردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست، لە گرنگترین ڕێکارەکانی خۆپارێزیش بریتین لە: 

  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان. 
  • دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی زۆر. 
  • پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست. 
  • ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی. 
  • پارێزگاری لە کێشی نمونەیی.
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کهول. 
  • دانانی بەرنامەیەکی خولی بۆ پشکنینی شێرپەنجە.
  • وەرگرتنی کوتاو بە شێوەی خولی. 


سەرچاوەکان



2410 بینین