مێژووی دراوی بەریتانی

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-15-14:21:00 - کۆدی بابەت: 5899
مێژووی دراوی بەریتانی

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی مێژووی دراوی بەریتانی

مێژووی دراوی بەریتانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 760ز، لەو کاتەدا بۆ یەکەم جار پنس بەکارهات و لە ماددەی دروستکردنیشیدا زیوی پوختە بەکارهات، دوای ئەوە لە ساڵی 1158ـدا دراوێک بەکارهات کە ڕێژەی زیو تیایدا 92٪ بوو و ناوی لێنرا جونەیهی ئیستەرلینی، پاشان لە ساڵی 1334ـدا زێڕ هاتە نێو دروستکردنی دراو و سکەکانەوە، پاشان لە ساڵی 1816ـدا زێڕ بەکارهێنرا، بەکارهێنانەکەش بە جۆرێک بوو کە هێما و ئاماژە بۆ ئەو زێڕە بەکاردەهات و خودی زێڕەکە لەلای حکومەت بوو، بەم پێیەش دراوە زیوییەکان کران بە هێما و ڕەمز بۆ زیڕەکە، ئەمەش وای کرد کە دراوە زیوییەکان بەهاکەیان تەنها بە کێشی زیوەکە نەبێت، بەڵکو بەو بڕە بێت کە دانراوە.

ئەو دراوانەی لە مێژووی دراوی بەریتانیدا بەکارهاتوون

دراوە کانزاییەکان

دراوە کانزاییەکان لە مێژووی دراوی بەریتانیدا پلەی یەکەمیان هەیە، ئەم دراوانە بە شێوەی کۆمەڵە پنسێک دروستکراون، جۆرەکانی پنس بەم شێوەیە بوون:

  • 1 پنس.
  • 2 پنس.
  • 5 پنس.
  • 10 پنس.
  • 20 پنس.
  • 50 پنس.

دراوە کاغەزییەکان

دراوی کاغەزی دەستیان بە سەرهەڵدان کرد بۆ یەکەم جار لە مێژووی دراوە بەریتانییەکاندا لە ساڵەکانی 1694ـدا، لەو کاتەوە و هەتا ئێستاش وێنەی کەسایەتییە دیار و کاریگەرەکانی مێژووی بەریتانیایان لەسەر چاپ دەکرێت وەک ڕێزلێنانێک بۆیان بۆ ئەو خزمەتەی بە وڵات و زانست و مێژوو کردوویانە، جۆری دراوە کاغەزییەکان بەم جۆرە بوون:

  • 5 پاوەن: کە ماوەیەک وێنەی وینستن چەرچڵی لەسەر بوو و ئێستا وێنەی شاژنە ئەلیزابێسی لەسەر چاپ دەکرێت.
  • 10 پاوەن: وێنەی زانای مێژووی سروشتی و جیۆلۆجی ''چارڵز داروین''ـی لەسەرە.
  • 20 پاوەن: وێنەی ئادەم سمیث ـی لەسەرە کە فەیلەسووفێکی ئەخلاقی و زانایەکی ئابووریناسی سکۆتلەندییە.
  • 50 پاوەن: وێنەی ماسیۆ بۆڵتن، زانای زمانی ئینگلیزیی لەسەرە.

بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا

جونەیهی ئیستەرلینی بۆ چەندین ماوە بەهێزترین دراو بووە لە جیهاندا، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە کۆنترین دراوە لە مێژووی دراوی بەریتانیادا و تا ئەمڕۆش بەکاردێت، هەروەها پاوەن یەکێکە لە زۆر بەکارهێنراوترین دراوەکانی جیهان و خاوەنەکەشی وڵاتێکی بەهێز بووە کە توانیویەتی دەست بە دراوە نیشتیمانییەکەیەوە بگرێت، یەکێک لەو هەڵوێستانەی کە دەوڵەت لە بەرژەوەندیی دراوەکەی هەیبوو بریتی بوو لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی یۆرۆ وەک دراوێکی فەرمی و لە پاشاندا بە تەواوی لە یەکێتی ئەوروپا کشایەوە، سەرەڕای ئەم هەموو هەڵوێستە قورسانە، بەڵام هێشتا پاوەن بە بەهاترین دراوە لە جیهاندا.

پاوەندی بەریتانی لە بازاڕی دراوی جیهانیدا

بازاڕی دراوی بیانی یاخود جیهانی واتە ئەو کەسانەی هەڵدەستن بە کڕینی بڕێک دراو بە دراوێکی تر، بۆ نموونە کەسێک 100 پاوەندی بەریتانی بە بڕێک دۆلار لە بەرامبەری دەکڕێت، زیاتر ئەو کەسانە گرنگی بەم کارە دەدەن کە بازرگانن و کاڵا لە نێوان دوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕ دەکەن کە دراوەکانیان وەک یەکدی نین، یاخود ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت سەفەر بکەن بۆ شوێنێک کە دراوەکەی جیاوازە، یاخود هەندێک جار دەوڵەتان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ئەم کارە دەکەن کاتێک دەیانەوێت یارمەتیی وڵاتە بیانییەکانی دیکە بدەن.

پاوەندی بەریتانی لە پلەی چوارەمدا دێت لە ڕووی مامەڵە پێوەکردنەوە لە بازاڕی دراوی جیهانیدا، ڕیزبەندییەکە بە جۆرێکە کە سەرەتا دۆلار بە پلەی یەکەم دێت، پاشان یۆرۆ، دوای ئەو یەنی یابانی.

لە بەرواری 30-9-2018ـوە پاوەندی بەریتانی چۆتە ڕیزبەندی پێنج بەهێزترین دراو لە ڕووی یەدەگی باشەوە لە نێو یەدەگە باشەکانی دراو لە جیهاندا.


سەرچاوەکان



2319 بینین