پاییز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2021-07-16-15:08:00 - کۆدی بابەت: 5913
پاییز

ناوه‌ڕۆك

وەرزی پایز

پاییز (بە عەرەبی: خريف، بە ئینگلیزی: Autumn) یەکێکە لە چوار وەرزەکەی ساڵ و دەکەوێتە نێوان وەرزی هاوین و زستانەوە، لە وەرزی پاییزدا پلەکانی گەرما وردە وردە دادەبەزێت، پایز لە نیوەگۆی باکوور دەکەوێتە نێوان ئەو کاتەی کە خۆر بەسەر هێڵی کەمەرەییەوەیە و شەو و ڕۆژ هەمان درێژییان هەیە، کە دەکاتە 22 و 23ـی ئەیلول، لەگەڵ ئەو کاتەی کە هەڵگەڕانی زستانانەی گۆی زەوی لە 21 و 22ی کانونی یەکەمدایە، هەروەها لە نیوەگۆی باشووریش وەرزی پاییز دەکەوێتە نێوان 20 و 21ی ئازار و 21 و 22ی حوزەیران.

لە باکووری ئەمریکا وەرزی پاییز لە 21 تا 24ی ئەیلول دەست پێدەکات و لە 21 یان 22ی کانونی یەکەم کۆتایی دێت، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرجار بە پاییز دەڵێن "کەوتن" چونکە لەم وەرزەدا گەڵای درەختەکان ڕەنگیان دەگۆڕێت بۆ زەرد و دەکەونە سەر زەوی، هەروەها لە خۆرهەڵاتی ئاسیادا وەرزی پاییز لە 8ی ئابەوە دەستپێدەکات و 7ی تشرینی دووەم کۆتایی دێت.

لە وەرزی پاییزدا ئاژەڵەکان دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی خواردن بۆ زستان و ئاژەڵە کوڵکدارەکانیش کوڵکەکانیان گەشە دەکات و ئەستوورتر دەبێت و زۆربەی باڵندەکانیش بەرەو هێڵی یەکسانی کۆچ دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە نزمبوونەوەی پلەی گەرمی بپارێزن، لە ناوەند و خۆرهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دیاردەیەکی باو هەیە ئەویش هاوینی هندییە، کاتێکە کە بە شێوەیەکی ئاسایی ئاووهەوا گەرمترە لە هەر کاتێکی تری ساڵ هەندێکجار لە کۆتایی تشرینی یەکەم یان تشرینی دووەمدا ڕوو دەدات.

وشەزانی

وشەی ئینگلیزی autumn کە بە واتای پاییز دێت، بە زمانی لاتینی وشەی "autumnus"ەوە هاتووە، دەشێت ئەم وشەیەش لە ڕەگی وشەی ئەترەسکنی کۆنەوە "autu" هاتبێت، کە بە مانای تێپەڕینی ساڵ دێت.

پێش سەدەی 16، چەمکی دروێنەکردنیان وەکو ئاماژەیەک بۆ وەرزی پاییز بەکاریان هێناوە، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو لە زمانەکانی تری خۆرئاوای ئەڵمانیدا بەکارهاتووە، بەڵام وردە وردە خەڵکی گوندەکانیان چۆڵکرد و بەرەو شار و شارۆچکەکان ڕۆشتن بەمەش وشەی دروێنەکردن مانای ڕاستەقینەی خۆی دۆزییەوە و وەکو کۆکردنەوەی بەروبووم و ئیشوکارەکانی ناو کێڵگەکان بەکار دەهات و وشەی پاییز و کەوتن جێگاکەیان گرتەوە.

دروێنەکردن

لەگەڵ گۆڕانکاری کەش و ئاووهەوا لە پلەی گەرمی بەرزەوە بۆ نزم و هەروەها وەرزی دروێنەکردنی بەروبوومەکان، لە کەلتوورە خۆرئاواییەکاندا نواندن و ئامادەکارییەکانی وەرزی پاییز زۆر جوان و سەرنج ڕاکێشن، ئافرەت بە میوە و سەوزە و تۆو دەڕازێننەوە، زۆربەی وڵاتان فیستیڤاڵی پاییزەیان هەیە و لە کوردستانی خۆشماندا چەندین فیستیڤاڵی هەمە جۆر بەڕێوە دەچێت دیارترینیان فیستیڤاڵی هەنارە لە شاری هەڵەبجە.

لە باکووری ئەمریکاش وەرزی پاییز کاتی دروێنەکردنی زۆربەی بەرووبومەکانە لەوانە کولەکە "کە بەشێوەیەکی گشتی لە جەژنی سوپاسگوزاری و هاڵۆویندا بەکاردێت، سێو کە بۆ دروستکردنی خواردنەوە وەرزییەکان و سرکەی سێو بەکاریان دەهێنن".

دڵتەنگی و خەمۆکی

زۆرجار وەرزی پاییز بەتایبەتی لە هۆنراوەکاندا بە وەرزی خەمۆکی و دڵتەنگی ئاماژەی پێکراوە، چونکە دەرفەتەکانی هاوین لە دەست دەچن و سەرما و سۆڵەی زستان بەڕێوەیە لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگی ئاسمان خۆڵەمێشی دەنوێنێت و ڕووناکی بەرەبەیان لەناکاو نامێنێت، هەروەها بە وەرزێکی ناتەندروست ئاماژەی پێکراوە.

گەشت و گوزار

لە وەرزی پاییزدا و لە زۆربەی وڵاتانی وەکو باکووری ئەمریکا و خۆرهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپا و ئوسترالیا گەڵای درەختەکان ڕەنگیان دەگۆڕێت و دەکەونە سەر زەوی ئەمەش سیمایەکی جوان بە سروشت دەبەخشێت، خۆرهەڵاتی کەنەدا و نیو ئینگلاند "هەرێمێکە لە باکوری خۆرهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" بە گەڵای درەختەکانیان لە وەرزی پاییزدا بەناوبانگن و ئەمەش سەرنجی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕادەکێشێت و لەم ڕێگەیەوە ملیاران دۆلاری ئەمریکی بۆ هەرێمەکانیان دەستەبەر دەکەن.

جەژنی هاڵۆوین و سوپاسگوزاری

جەژنی هاڵۆوین ئاهەنگێکە کە لە 31ی تشرینی یەکەمدا دەگێڕدرێت و یادی ڕۆحە پیرۆزە مردووەکان و پیاو چاکان دەکەنەوە و دەکەوێتە وەرزی پاییزەوە، بە هەمان شێوە جەژنی سوپاسگوزاری کە جەژنێکی نەتەوەییە و لە وڵاتانی کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەندێک دوورگەی خۆرئاوای هیندستان و لیبیریادایە دەکەوێتە وەرزی پاییزەوە، جەژنی سوپاسگوزاری لە وڵاتی کەنەدا دەکەوێتە دووەم دوو شەممەی تشرینی یەکەم و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەوێتە دوا پێنج شەممەی تشرینی دووەم.

کۆتای هاتنی پشووەکان

لە هەندێک ناوچەی نیوەگۆی باکوور لە دوای پشووی هاوینەوە وەرزی پاییز دەست پێدەکات و دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە لە سەرەتای وەرزی پاییزدا دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەن، هەروەها ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە نیوەگۆی باشوور دەکەوێتە وەرزی پاییزەوە.

لە باکووری ئەمریکا تەلەفزیۆن و ڕادیۆکان لە وەرزی پاییزدا دەست دەکەنەوە بە ئامادەکردن و پەخشکردنی زنجیرە و بەرنامە نوێکان، هەروەها لە زۆربەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاری یانە پاڵەوانێتییەکان لە سەرەتای کانونی یەکەمدا دەکرێن.

لە زمانی ئێرلەندیدا مانگی ئەیلول بە ناوەڕاستی پاییز ناسراوە و تشرینی یەکەم بە کۆتایی پاییز هەروەها ئێرانییەکانیش لە سەرەتای وەرزی پاییزدا ئاهەنگ دەگێڕن بۆ شکۆ و ڕێزنان لە میتراس (خواوەندی ڕوونای و پارێزەری ڕاستی لای ئێرانییەکان).


سەرچاوەکان



14807 بینین