زیانەکانی هاوسەرگیری کردن لە تەمەنێکی کەمدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-16-20:00:00 - کۆدی بابەت: 5920
زیانەکانی هاوسەرگیری کردن لە تەمەنێکی کەمدا

ناوه‌ڕۆك

هاوسەرگیری لە تەمەنێکی کەمدا

واتە ئەو هاوسەرگیرییەی کە کوڕ و کچەکە هێشتا نەگەشتوونەتە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری و کامڵ نەبوون، یەکێک لە کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگا زوو هاوسەرگیری کردنە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا، بە تایبەت لەناو کچاندا ئەمە زیاترە، لە کۆندا ئەم حاڵەتە زۆر بووە و دواتر ڕووی لە کەمی کردووە، بەڵام ئەم چەند ساڵەی دوایی دووبارە ئەم حاڵەتە زیاتری کردووەتەوە، بیرکردنەوە لە هەندێک بابەتی لاوەکی هاوسەرگیری وای کردووە کە زۆرینەیان بێ گوێدان بە بەرپرسیارێتی قورسی ئەو پڕۆسەیە هاوسەرگیری بکەن، بۆیە زۆرینەی کێشەکان بۆ ئەو هاوسەرانەیە کە لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریان کردووە.

زیانەکانی هاوسەرگیری کردن لە تەمەنێکی کەمدا

نەگونجان و کێشە

ئەو هاوسەرگیریانەی کە تەمەنی کچ و کوڕەکە کەمە، ڕووبەڕووی کێشە و نەگونجانی زۆر دەبێتەوە، چونکە ئەوان هێشتا نەگەشتوونەتە ئاستی کامڵبوونی، کۆمەڵایەتی و سۆزداری و ئابووری و هتد، ئەزموونی زۆریان نییە لە ژیانیاندا بەرامبەر کێشەکان و هەر زوو دەڕوخێن بە بوونی کێشەیەکی بچوک و بەرگەی ناگرن.

بوون بە خاوەن منداڵ لە تەمەنێکی کەمدا

لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا باوە کە کچ شوی کرد هەموو خێزانەکە زوو چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکەن کە منداڵی ببێت، بەڵام کاتێک کچێک تەمەنێکی کەمی هەیە و لە لایەنی جەستەیی و ڕۆحییەوە کامڵ نەبووە قورسە بتوانێت دووگیان ببێت و منداڵی ببێت و ئەرکی دایکایەتی لە ئەستۆ بگرێت، جەستەی ئەو خانمە هێشتا نەگەشتووەتە ئاستێک ئامادە بێت بۆ دووگیانی و زیانی زۆری دەبێت بۆی، بە هەمان شێوە لە لایەنی ڕۆحیشەوە ئامادەیی ئەوەی نییە بەرپرسیارێتی قورسی دایکایەتی هەڵبگرێت کە شەونخونی و ئارامگری دەوێت.

بێ هیوایی لە بەڕێوەبردنی ژیان

لەو کێشانەی کە بۆ ئەو کوڕانە ڕوودەدات لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن، بریتییە لە بێ هیوایی و بێزاری لەو هەموو بەرپرسیارێتەی کە هەیە لە ژیانیاندا، کاتێک کە دەبینێت کوڕانی تەمەنی خۆی هاوسەرگیریان نەکردووە بەرپرسیارێتییەکی وایان لەسەر شان نییە بێزار و بێ هیوا دەبێت، بەداخەوە ئەم حاڵەتە لەو کوڕانەدا زیاترە کە لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن.

پەیوەست بوون بە خێزانەکانیانەوە

یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە کە چونکە ئەمان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریان کردووە، دایک و باوکی هەردوولا بەردەوام یارمەتیدەربوون لە هەموو بابەتێکیاندا، بۆیە قورسە بۆیان بتوانن خۆیان بڕیاری ژیانی خۆیان بدەن و هەمیشە داوای هاوکاری لە ماڵەوەیان دەکەن.

توشبوونیان بە نەخۆشی

ئەو کوڕانەی لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن و ئەرکێکی زۆریان دەکەوێتە سەر شان، هەروەها ئەگەریش منداڵیان هەبێت، ئەرکی باوک بوون دەکەوێتە سەر شانیان و قورسترە بۆیان، بۆیە بە هۆی بێ هیوایی و خەفەتی زۆرەوە لە کەسانی دیکە زیاتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشییە دەروونیەکانی وەک خەمۆکی دەبنەوە.

پەشیمانی و ناڕازیبوون لە هاوسەر

ئەم کێشەیە زیاتر لە پیاواندا هەیە، کە پەشیمانن لە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ ئەو کەسەدا و زوو لێی بێزار دەبن، چونکە لە تەمەنێکدا هەڵبژاردنیان بۆ کردووە کە کامڵ نەبوون و هەستی عاتیفی بوونیان زاڵ بووە بەسەر ئەقڵیاندا، دوای چەند ساڵێک بیردەکەنەوە کە بە ڕاستی چییان دەوێت و بیرکردنەوەیان چۆنە، بۆیە ئەگەر زۆرە بێزار ببن لەو هەڵبژاردەیان و هاوسەرەکەیان لە بەرچاو بکەوێت.


سەرچاوەکان



9645 بینین