ڕێگریکردن لە تووڕەی منداڵەکەت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-17-01:28:00 - کۆدی بابەت: 5925
ڕێگریکردن لە تووڕەی منداڵەکەت

ناوه‌ڕۆك

توڕەیی منداڵ

دایکان و باوکان بێزارن لە گریان و توڕەبوونی منداڵەکەیان، زۆر جار ئەوە هاتووەتە پێشەوە کە لە شوێنێکی گشتیدا منداڵەکەت تووڕە بووە یاخود زۆر گریاوە، پێویستە دایک و باوکان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵدا بکەن تاکوو تووڕەییان کۆنتڕۆڵ بکەن.

چەند ڕێگایەک بۆ ڕێگری لە توڕەیی منداڵەکەت

فێری بکە بتوانێت تەنها بێت

منداڵ کاتێک دەگاتە تەمەنێکەوە کە ئیتر پێویستی بەوە نەبێت لای دایک و باوکی بخەوێت، گرنگە کە فێری ئەوە ببێت لە ژووری خۆی و بە تەنها بخەوێت، کاتێک پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ ئێوە بخەوێت، بە گوێی مەکەن و فێری بکە کە ئیتر گەورە بووە و پێویست دەکات لە جێگای خۆیدا بخەوێت، دەرونناسان لەو بڕوایەدان کە کاتێک منداڵ بتوانێت تەنهایی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، هێزی کۆنتڕۆڵکردنی مێشکیشی بە دەست دەهێنێت و کەسێکی بە هێز دەردەچێت.

ئازادی بدە بە منداڵەکەت

وەک دایک و باوکێک مافی خۆتە خەمی منداڵەکەت بێت و ئاگاداری بیت، بەڵام ئیتر کاتێک دەگاتە تەمەنێک کە بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات پێویست دەکات کە ئازادی پێ ببەخشیت، زۆر جار ئەمە وادەکات کە کەسێکی بە هێزی لێ دەربچێت و بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت.

هەموو جارێک بیانوی مەبڕە

وامەکە کە منداڵەکەت هەرچی ویست بتوانێت بە دەستی بهێنێت، هەمیشە بیانووی مەبڕە، کاتێک داوای خواردنێکی دیاریکراو دەکات مەرج نییە هەموو کاتێک بە گوێی بکەیت، کاتێک کە دەزانیت سوودی نییە بۆ جەستەی هەمیشە ئەو خواردنە بخوات و گرنگە کە خۆراکی باشتر بخوات، تەنها لەبەر ئەوەی تووڕە نەبێت پێویست ناکات بە گوێی بکەیت، چونکە تەمە تەنها خراپتری دەکات.

ڕەفتاری جوان فێری منداڵەکەت بکە

هەمیشە بە هێمنی و لەسەرخۆی قسەی لەگەڵ بکە، بهێڵە نرخی هەموو هەبووەکانی بزانێت، فێری وشەی سوپاس کردن و بە ئەرک نەبێتی بکە، پێویست دەکات فێرببێت کە سوپاسگوزار بێت لەبەرامبەر ئەو کارانەی کە بۆی دەکرێت و هەردەم وشەی جوان بەکاربهێنێت، هەڵبەتە پێویسته لەسەر دایک و باوک خۆیان لە ماڵەوە ئەم وشانە بەکاربهێنن تاکوو منداڵەکەشیان فێرببێت.

ڕۆژێک لە هەفتەدا دابنێ بۆ کۆبوونەوەی خێزانی

پێویست دەکات خێزانەکەتان هەفتانە کۆببێتەوە، تاکوو منداڵەکان زیاتر تێکەڵی یەک بکەن و لە یەکتری تێبگەن، ئەو منداڵانەی کە بێزارن و تووڕەن بە هۆی ئەمەوە دەروونیان ئارام دەبێتەوە و وزەی باش وەردەگرن.

پارە بدە بە منداڵەکەت

پارە بە منداڵەکەت بدە ڕۆژانە و بڕێکی دیاریکراوی بۆ دیاری بکە، فێری بکە کە نرخی پارەکە بزانێت و گرنگی ئەو پارەیەی بۆ باس بکە کە دەبێت لە شتە بەسوودەکاندا بەکاربهێنرێت.

لەگەڵ منداڵەکەتدا هاوڕێ بە

کاتێک دەچێتە قوتابخانە و دێتەوە، یارمەتی بدە لە مەشقەکانیدا و ڕۆژانە لێپرسینەوەی لێبکە و پرسیاری قوتابخانە و هاوڕێکانی لێبکە، وای لێبکە هیچ شتێکت لێ نەشارێتەوە، یاری لەگەڵ بکە و پێکەوە سەیری کارتۆن بکەن.


سەرچاوەکان



1126 بینین