دووگیانی بە منداڵی دووانەوە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-20-13:55:00 - کۆدی بابەت: 5970
دووگیانی بە منداڵی دووانەوە

ناوه‌ڕۆك

منداڵی دووانە

زۆرێک لە دایک و باوکان حەزدەکەن دووانەیان ببێت و زۆر جار پێش ئەوەی بڕیاری وەچە خستنەوە بدەن سەردانی پزیشک دەکەن، تاکوو ڕێنمایان پێ بدات کە سکەکە دووانە بێت، گەرچی نیشانەکانی دووگیانبوون بە دووانەوە لەگەڵ نیشانەی دووگیانی ئاسایدا زۆر جیاوازی نییە، بەڵام دووگیانی بە دووانەوە زووتر دەردەکەوێت.

نیشانەکانی دووگیانی بە دووانەوە چین؟

دڵتێکچوونێکی توندی بەیانیان

لەماوەی دووگیانی بە دووانەوە لەوانەیە دڵتێکچوونی بەیانیان زۆر زۆر بێت، تەنانەت ڕەنگە بە درێژایی ڕۆژەکەش دڵتێکچوونی هەبێت، هەرچەندە دەکرێت خانمێکیش کە بە یەک منداڵەوە دووگیانە ئەم نیشانانەی هەبێت، بەڵام لێرەدا ئەم نیشانانە زۆر توندن و هەروەها ماندوویەتی و هیلاکیەکی زۆریشی هەیە.

قورسبوونی کێشی جەستە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

ئەگەر کێشت لە سێ مانگی یەکەمدا زۆر زیاد بکات، ئەوە ئەگەری زۆرە دووگیان بیت بە دووانەوە.

گەشەکردنی بێ سنووری منداڵدان

ئەگەر منداڵدانت زۆر کێشی بێت و سکت لە ئەندازەی خۆی گەورەتر بێت ئەوە ئەگەری زۆرە دووانە بێت.

بیستنی دوو لێدانی دڵ

هەندێک کات پزیشکان لە کاتی پشکنیندا دوو دەنگی لێدانی دڵ دەبیستن.

هەستکردن بە جوڵەی زۆر و خێرای منداڵەکە

ئەو خانمانەی کە دووگیانن بە دووانەوە زووتر لە هەفتەی هەژدەیەم هەست بە جوڵە دەکەن، هەروەها لەقە هاویشتنێکی زۆری منداڵەکە.

دووانە چۆن دروست دەبێت؟

کاتێک کە هێلکەکان بە شێوەیەکی سروشتی دابەش دەبن بۆ دوان و دەبێت بە دوو بەشەوە، دوو دووانەی چوونیەک دروست دەبن، بەڵام کاتێک کە هێلکەکان لە یەک کاتدا بە هۆی سپێرمی جیاوازەوە دەپیتێنرن ئەوکات دووانەی ناچوونیەک دروست دەبن.

چەند هۆکارێک وادەکەن ئەگەری دروستبوونی دووانە زۆر بێت

بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت یان منداڵی بلوری

هەندێک لە دەرمانی تایبەت بە منداڵبوون و دووگیانی هۆکارێکە تاکوو هێلکەی زۆر بەرەڵا ببێت، هەروەها دەکرێت لەکاتی ڕێگای دانانی منداڵی بلوریدا زیاتر لە هێلکەیەک بپیتێنرێت و دابنرێت لە منداڵداندا.

تەمەنی گونجاو

ئەو دایکانەی کە تەمەنیان سەرو ٣٠ ساڵە سەبارەت بەو دایکانەی کە تەمەنیان کەمە دەتوانن هێلکەی زیاتر بەرەڵا بکەن لە هەر سوڕێکدا.

پێشینەی دووگیانی بە دووانەوە

ئەو دایکانەی پێش ئەم سکەیان دووگیانبوون بە دووانەوە ئەگەری زۆرە کە دووبارە دووگیانییەکەیان بە دووانەوە بێت.

پێشینەی خێزان

ئەگەر لە خێزانەکەتاندا خزمێکتان دووانەی هەیە ئەوا ئەگەری زۆرە کە ئەمە لە کەسانی تری خێزانەکەشدا ڕووبدات.

نەژاد

نەژاد ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە بە جۆرێک کە خانمانی ڕەشپێست زیاتر ئەگەری دووگیانیان هەیە بە منداڵی دووانەوە تاکوو خانمانی سپی پێست.

دیاریکردنی دووگیانی بە دووانەوە

  • سۆنەرکردن

لە سەرەتای سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا کاتێک پزیشک سۆنەر بۆ خانمەکە دەکات، ئەگەر دووگیان بێت بە دووانەوە خانمەکە ئەوە زوو دەردەکەوێت و دەزانێت ئایا دووانەی چوونیەکن یاخود ناچوونیەک، هەندێک کات بە هۆی ناتەواوی کرومۆسۆمی یەکێک لە دووانەکە ون دەبێت، بەم نەخۆشییە دەڵێن کۆنیشانەی ونبوونی یەکێک لە دووانەکە، ونبوون و نەمانی یەکێک لە دووانەکە لە سەرەتای دووگیانیدا هیچ کێشەیەک دروست ناکات بۆ کۆرپەلەکەی تریان.

ئەو مەترسییانەی لەسەر خانمانی دووگیانە بە دووانەوە

  • منداڵبوونی پێش وەختە
  • زۆرینەی ئەو خانمانەی کە دووگیانن بە دووانەوە پێش هەفتەی ٣٧ منداڵەکانیان دەبێت.
  • گەشکەی دووگیانی
  • ئەگەری گەشکەی دووگیانی لەو خانمانەدا زیاترە کە دووگیانن بە دووانەوە.
  • هەستکردن بە ماندوویەتی
  • هەستکردن بە ماندوویەتیەکی زۆر ئاساییە و نیشانەیەکی تایبەتی دووگیانییە بە تایبەت دووگیانی بە دووانەوە ئەویش بە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسنە لە جەستەدا.


سەرچاوەکان



9514 بینین