ئەو کارانەی دوای شەڕکردن لەگەڵ هاوسەرەکەت دەبێت ئەنجامی بدەیت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-20-14:11:00 - کۆدی بابەت: 5971
ئەو کارانەی دوای شەڕکردن لەگەڵ هاوسەرەکەت دەبێت ئەنجامی بدەیت

ناوه‌ڕۆك

شەڕکردنت لەگەڵ هاوسەرەکەتدا 

شەڕکردنی نێوان ژن و پیاو حاڵەتێکی زۆر ئاساییە و ئەوان دوو مرۆڤن کە دەکرێت لە چەند بیر و بۆچوونێکدا لە یەکتری جیاوازبن و ئەمەش ببێتە هۆی دەمە بۆڵەیان و لە ئەنجامیشدا شەڕکردن، بەڵام گرنگە ئەوەیە بزانرێت دوای شەڕەکە چی دەکرێت و چ ڕەفتارێک دەبێت بنوێنیت، زۆرینەی هاوسەران دوای شەڕکردن هەندێک ڕەفتاری خراپ دەنوێن کە دەبێتە هۆی خراپتربوونی بارودۆخیان.

ئەو کارانەی دەبێت دوای شەڕکردن لەگەڵ هاوسەرەکەت ئەنجامی بدەیت

بێدەنگ بوون هەڵەیە

ئەگەر دوای شەڕکردن پێت باشە کە قسە نەکەیت لەگەڵ هاوسەرەکەت و بێدەنگ ببیت، ئەوا بزانە کە تۆ هەڵەیت، بەڵکوو قسەی لەگەڵ بکە و هۆکاری ئەو ڕەفتارانەتی پێبڵێ لەوانەیە ئەو هۆکاری ئەو ڕەفتارانەت نەزانێت و هێشتا لە بابەتەکە بە تەواوی تێنەگەشتبێت، ئەو واتێدەگات کە دەتەوێت سزای بدەیت بۆیە قسەی لەگەڵ ناکەیت و هەستی خۆتی پێ ناڵێیت، دەتوانیت پێی بڵێیت تەنها پێویستم بە کاتە و کەمێک کاتم پێ بدە دواتر پێکەوە قسە دەکەین.

قسەکانی هاوسەرەکەتان لەبیربکەن

ئەو قسە ناخۆشانەی کە هاوسەرەکەت لە کاتی شەڕەکەدا پێی وتوویت لەبیری بکە و مێشکت ئارام بکەرەوە و بهێڵە هەرچییەک کە هاوسەرەکەت لەوێدا وتوویەتی هەر لەوێدا بمێنێتەوە، بەڵام دوای ئاشتبوونەوە و هێوەر بوونەوەتان پێی بڵێ کە کام قسەی ئازاری یاویت و پێت خۆش نییە کە ئیتر دووبارە ببێتەوه

تەنها داوای لێبووردن مەکەن

کاتێک کە شەڕ دەکەن و شەڕەکە کۆتایی پێ دێت، تەنها داوای لێبووردن مەکە لە هاوسەرەکەت، بەڵکوو بڵێ کە من لەبەر ئەو قسەیەم یان ئەو ڕەفتارەم داوای لێبووردنت لێ دەکەم، هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا ئەمە دووبارە نەکەمەوە، هەروەها بۆ ئەو کارە خراپەی کە کردووتە ئیتر جنێو یاخود شەڕ و لێدان بیانوو مەهێنەوە و مەڵێ من دوێنێ شەو باش نەخەوتووم یاخود لە شوێنی کارەکەم ماندوو بووم، چونکە ئەمانە پاساو نین، هەوڵبدە کاتێک تووڕەیت یان کێشەت هەیە هاوسەرەکەت ئاگاداربکەوە و پێی بڵێ کە کێشەت چییە با لێت تێبگات ئەگەریش شتێک هاتە پێشەوە.

مەترسن لە شەڕی دووبارە

کاتێک کە قسەکانتان بە بێ مانا ماونەتەوە و کێشەکەتان چارەسەر نەبووە، بەڵام لە ترسی ئەوەی کە دووبارە شەڕ دروست نەبێتەوە لە نێوانتان، لە قسەکردن و گفتوگۆکردن ڕادەکەن، بزانن کە بە هەڵهاتن لە کێشە کێشەکان چارەسەر ناکرێن.

بەکارهێنانی وشەی ناشرین هەڵەیە

ئەگەر لە کاتی شەڕەکەدا هاوار بکەیت و قسەی ناشرین بکەیت، ئەم برینە بە هۆی قسە ناشرینەکانەوە دوای شەڕەکەش لە دڵی هاوسەرەکەتدا دەمێنێتەوە، هەوڵبدەن کاتی شەڕکردن خۆتان کۆنتڕۆڵ بکەن و وشەی ناشرین بەکارمەهێنن.

بە دوای ڕێگا چارەدا بن

دوای شەڕکردن واباشترە باسی هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە نەکەن، بەڵکوو باسی ڕێگا چارە و لەبیرکردنی شەڕەکە بکەن.

بواری یەکتری بدەن

دوای شەڕەکە کاتێک هێمن بوونەوە دابنیشن و بابەتەکە بکەنەوە، ئەمە زۆر گرنگە کە بە مێشکێکی ئارامەوە ئەنجام بدرێت بە تایبەت بۆ پیاوان چونکە پیاو کاتێک کەمێک پشوو دەدات مێشکی ڕووداوەکانی پێشوو لەبیر دەکات و هەر بۆیە دەتوانێت بە ئاسانتر بڕیار بدات.

چێژ وەربگرن لە پێکەوە بوونتان

لە جێی ئەوەی تەواوی ڕۆژەکە دوای شەڕەکە هەموو شتەکان بە ناوچاوی یەکتردا بدەنەوە و باسی بکەنەوە، لەبیری بکەن و چێژ لە ڕۆژەکەتان وەربگرن و پێکەوە بن.

سەرزەنشت کردنی خۆتان دوای شەڕەکە هەڵەیە

شەڕکردن هەمیشەش خراپ نییە و هەندێک کات نیشانەی خەم خواردنە بۆ ژیان، بۆیە کاتێکیش شەڕ دەکەن خۆشحاڵبە لەوەی کە ژیانتان گرنگە بۆتان و ئامادەن هەر شتێک بکەن تاکوو ئەم ژیانە تێک نەچێت، دوای شەڕ سەرزەنشت کردنی خۆت سوودی نییە و کات ناگەڕێنێتەوە و شەڕکردنیش لە هەموو کاتێکدا بوونی هەبووە، لە جێی ئەوە هەوڵبدەن کە لەبیری بکەن.

شەڕەکەتان لە توڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو مەکەنەوە 

شەڕی نێوان ژن و مێرد دەبێت بە نهێنی بهێڵدرێتەوە تاکوو گەورەتر نەبێت، بردنە دەرەوەی شەڕەکە بۆ دەرەوەی ماڵەوە هیچ یارمەتییەکت نادات و بەڵکوو بارودۆخەکە خراپتر دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پۆست و قسەکانتان بە جۆرێک نەبێت کە خەڵکی هەست بە ساردی نێوانتان بکەن و هەرگیز باسی تایبەتمەندییەکانی ژیانی هاوبەشیتان مەکەن، ئەگەریش پێویستتانە کە کەسێک هاوکارتان بێت ئەوا کەسێک بهێننە ناوەوە کە جێگای متمانە بێت.

مەهێڵن کێشەکەتان بۆ ماوەیەکی زۆر بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە

کاتێک کێشەکەتان چارەسەر ناکرێت، وردە ودە هەستی بێتاقەتی و توڕەیی لە هەردوولادا زیاتر دەکات و دۆخەکە خراپتر دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە بە زووترین کات هەوڵی چارەسەری کێشەکەتان بدەن.

کەلـلە ڕەق مەبن و داوای لێبوووردنی هاوسەرەکەتان قبوڵ بکەن

ئەگەر هاوسەرەکەت پەشیمان بوو و داوای لێبووردنی لێ کردیت، کەلـلە ڕەقی مەکە و لێی خۆشبە، چونکە ئەمە یارمەتیدەرە تاکوو ژیانتان باشتر ببێتەوە، بە کەلـلە ڕەقی هیچ شتێک چارەسەر نابێت.

دواتر باس و خواسی ئەم شەڕە مەهێننەوە

ئەگەر ڕۆژانی داهاتوو کێشەیەکی دیکە کەوتە نێوانتانەوە، بە هیچ شێوەیەک باسی شەڕەکتان مەکەن و زوو زوو دووبارەی مەکەنەوە، وای دابنێن کە ئەوە هەرگیز ڕووینەداوە.

پەیوەندی سێکسیتان مەکەنە ئامڕازێک بۆ ئاشتبوونەوە

پەیوەندی سێکسی دەبێت لە ڕووی خۆشەویستی و ئەوپەڕی دڵگەرمیتانەوە بۆ یەکتر بێت و کاتێک بێت کە کێشەیەکتان نەبێت و پەستانی دەروونیتان لەسەر نەبێت، دوای شەڕکردن پەیوەندی سێکسی دروست مەکەن و ئەگەر هەست دەکەیت کە پێویستە لە هاوسەرەکەت نزیک ببیتەوە ئەوا لە باوەشی بکە و بیلاوێنەوە، پەیوەندی سێکسی کاتێک دەبێت ئەنجام بدرێت کە هەردوولا ڕازیبن و نەک بیکەیتە ئامڕازێک بۆ ئاشتبوونەوە.

دوای شەڕکردن زویر مەبن

زویر بوون و قسە نەکردن و دوورکەوتنەوە دوای شەڕەکە هیچ سوودێکتان پێ ناگەیەنێت و بارودۆخەکە خراپتر دەکات، لە جێی ئەوە هەوڵ بدەن کە زووتر کێشەکە چارەسەر بکەن. 

هەرگیز ژووری نووستنتان جیامەکەنەوە

ئەگەریش هەر بارودۆخێکی خراپ هاتە پێشەوە تاکوو لەگەڵ هاوسەرەکەتاندا دەژین، ژووری نووستن جیامەکەنەوە چوونکە ئەم کارە مەودای نێوانتان زیاتر دەکات.


سەرچاوەکان



9403 بینین