سوڕی مانگانەی یەک ڕۆژە و هۆکارەکانی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-21-02:33:00 - کۆدی بابەت: 5976
سوڕی مانگانەی یەک ڕۆژە و هۆکارەکانی

ناوه‌ڕۆك

سوڕی مانگانەی یەک ڕۆژە

خوێنبەربوون تەنها یەک ڕۆژ بێت لە مانگێکدا زۆر ئاسان دەردەکەوێت، ئەگەر چی خوێنبەربوونی ئاسایی لە نێوان ٤ بۆ ٨ ڕۆژدایە لە مانگێکدا، بەڵام گۆڕانکارییەکی بچووک لە سوڕی مانگانەکەدا دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە تێکبچێت.

کاتێک باسی سوڕی مانگانە دەکرێت هیچ شتێک بوونی نامێنێت بە ناوی سروشتی، تەنانەت دەکرێت هەندێک خانم لە مانگێکدا دووجار بکەونە سوڕی مانگانەوە، سوڕی مانگانە بە شێوەیەکی سروشتی ٢٨ ڕۆژ جارێکە بەڵام ئەگەر هات و لە نێوان ٢١ بۆ ٤٥ ڕۆژیشدا بوو ئەوە سووڕەکەت هەر ڕێکە و جێگای نیگەرانی نییە.

هۆکارەکانی سوڕی مانگانەی یەک ڕۆژە

هەندێک کات ڕۆژێک خوێنبەربوون لە تەواوی مانگەکەدا زۆر ئاسانە، خوێنبەربوونی کەم و ئازاری کەم و بەکارهێنانی کەمترین سانتی، سوڕی مانگانەی یەک ڕۆژە چەند هۆکارێکی هەیە ئەوانش بریتین لە:

دووگیانی

خوێنبەربوون بۆ ماوەی ١ بۆ ٢ ڕۆژ لەوانەیە خوێنبەربوونی چەقین بێت، بە پێی لێکۆڵینەوەکان ئەم ڕووداوە هەفتەیەک یان دوو هەفتە دوای پیتێن ڕوودەدات، ٪١٥ بۆ ٪٢٥ـی دووگیانیەکان ئەم خوێنبەربوونەیان تێدا ڕوودەدات.

لەبارچوونی منداڵ

خوێنبەربوونی لەبارچوون لەوانەیە وەک سوڕی مانگانەیەکی کورت بێت، بە تایبەت ئەگەر خانمەکە بەوەی نەزانیبێت کە دووگیان بووە، بە گوێرەی ماوەی دووگیانیەکە خوێنبەربوونەکەش دەگۆڕدرێت دەکرێت لە یەک ڕۆژەوە بێت و کەم یاخود خوێنبەربوونێکی توند.

شیردان

سوڕی مانگانەیەکی کورت و ئاسان دەکرێت لە ماوەی شیردانیشدا دەربکەوێت، زۆرینەی خانمان بە گشتی کاتی شیردان ناکەونە سوڕی مانگانەوە، ئەویش بە هۆی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتینەوەیە کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی شیر و فەرمان دەدات کە سوڕی مانگانە بوەستێت.

سکپڕی لە دەرەوەی منداڵدان

سکپڕییەک کە لە دەرەوەی منداڵداندایە، کاتێک ڕوودەدات کە هێلکە پیتێنراوەکە لە شوێنێکی تردا جێگیر دەبێت واتە لە ناو منداڵداندا نابێت، هەندێک کات جێگیر دەبێت لەناو جۆگەی فالوبدا، یاخود ملی منداڵدان و یاخود هێلکەدان.

ئەگەر هێلکە پیتێنراوەکە لە گەشەکردن بەردەوام بێت، دەتوانێت جۆگەی فالوب بتەقێنێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی خوێنبەربوونێکی توند و هەروەها ئازارێکی زۆری ناوچەی حەوز و پشت.

بەکارهێنانی هەندێک جۆری حەپ

حەپە هۆڕمۆنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی بە دڵنییایەوە دەتوانن کە سوڕی مانگانەکەت کەمتر و ئاسانتر بکەنەوە، چونکە چەند هۆڕمۆنێکی تێدایە کە دەتوانێت ناوپۆشی منداڵدان ناسک بکات و لە ئەنجامدا خوێنبەربوونێکی کەمت هەبێت، هەروەها دانانی لەولەبیش بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی و بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی تر بە بێ پرسی پزیشک.

ئەو دەرمانانەی کە دەکرێت ماوەی سوڕی مانگانە کەم بکەنەوە

  • ئەسپرین و سەرجەم ئەو دەرمانانەی کە خوێن تەڕ دەکەنەوە.
  • دەرمانەکانی دژە هەوکردنی ناسترۆیدی (NSAID) و ناپڕۆکسین.
  • دەرمانی هۆڕمۆنی وەک (ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن).
  • دەرمانی دژ بە شێرپەنجە.
  • دەرمانی ڕژێنی سترۆیدی.
  • کۆمەڵێک دەرمانی دژە خەمۆکی.
  • کۆمەڵێک گیایی سروشتی وەک، زەردەچەوە، زەنجەفیل، جینسینگ.

شێوازی ژیان

بیربکەوە بزانە لەم دوایانەدا چ شتێکی نوێت لە ژیانی ڕۆژانەتدا تاقیکردووەتەوە و هەست دەکەیت هۆکار بێت بۆ تێکچوونی سوڕی مانگانەکەت.

پەستانی دەروونی

پەستانی دەروونی لەسەر خانمان هۆکارێکە تاکوو هۆڕمۆنەکان تێکبچن، ئەگەریش زیاتر بێت لەوانەیە سوڕی مانگانەکەت زۆر کورت بکاتەوە بۆ یەک ڕۆژ، هەروەها دەکرێت کە سوڕی مانگانەت دوابخات.

دابەزینی کێشکی زۆرد

دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی خێرا و ناتەندروست کاریگەری زۆری هەیە لەسەر سوڕی مانگانە، دەکرێت سوڕی مانگانەت کەم بێتەوە و یاخود دوابکەوێت.

وەرزش کردنێکی زۆر

وەرزش کردنی زیاد لە پێویست و قورس هۆکارێکە تاکوو هۆڕمۆنەکات تێکبچێت و لە ئەنجامدا ماوەی سوڕی مانگانەت کەم ببێتەوە.

نەخۆشییەکانی ڕژێنی سایرۆید

ڕژێنەکانی سایرۆید ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی سوڕی مانگانەدا، کاتێک تێکچوونێک لە ڕژێنەکانی سایرۆیدا زیاد دەکات، کار دەکەنە سەر هۆڕمۆنەکانی خانمەکە و کەم و زیادی دەکەن بەمەش تێکچوونی سوڕی مانگانە ڕوودەدات

نیشانەکانی نەخۆشییەکانی ڕژێنی سایرۆید

  • هەستکردن بە ماندوویەتی و خەواڵووی
  • دڵ خێراتر لێدەدات
  • دابەزین یان بەرزبوونەوەی لەناکاوی کێش
  • کیسی هێلکەدان: کیسی هێلکەدان لە زۆرینەی کچاندا هەیە کە تێیدا سوڕی مانگانە تێک دەچێت، لە هەندێک خانمدا سوڕەکە زۆر دوا دەکەوێت و کاتی کەوتنە سەر خوێنیش چەند ڕۆژێکی کەمە، نیشانەکانی کیسی هێلکەدانیش بریتییە لە ماندوویەتی، گۆڕانی ڕەفتار، دەرکەوتنی مووی زیادە لە هەندێک شوێنی جەستەدا بە تایبەت چەناگە.
  • کەمخوێنی
  • گۆڕانکاری لە منداڵدان و ملی منداڵداندا
  • شێرپەنجەی منداڵدان یاخود ملی منداڵدان
  • تێکچوون لە هۆڕمۆنی ژێر مێشکە ڕژێندا
  • تەمەن


سەرچاوەکان



4521 بینین