چەند ڕێگایەک بۆ پەروەردەکردنی منداڵ بەبێ لێدان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-22-16:09:00 - کۆدی بابەت: 5997
چەند ڕێگایەک بۆ پەروەردەکردنی منداڵ بەبێ لێدان

ناوه‌ڕۆك

پەروەردەکردنی منداڵ

ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵ لە سەر دایک و باوکە و پێویستە کە ئاگاداربن،  بچوکترین ڕەفتاری خێزانەکە کاریگەری هەیە لەسەر پەروەردەی منداڵەکە، لێدان لە منداڵ حاڵەتێکی مەترسیدارە و زیانی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چەندین ڕێگا هەیە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و لێدان مەترسیدارە و جگە لە زیان هیچ سودێکی نابێت.

زیانی لێدان لە منداڵ

کاتێک بۆ کارێک لە منداڵەکەت دەدەیت و بەردەوامیت لەم کارەت منداڵەکەت ڕادێت و ئیتر گوێ بەوە نادات لێی دەدەیت یاخود نا گرنگ کارەکەی سەربگرێت، چونکە دەزانێت لە بەرامبەردا تۆ تەنها لێدان بەکار دەهێنیت بۆیە دووبارەی دەکاتەوە، بەڵام کاتێک هەر جارە و ڕەفتارێک دەنوێنیت و شتە خۆشەویستەکانی لێ دەستێنیت ئیتر ئیزن بە خۆی نادات دووبارەی بکاتەوە وەک لێسەندنی یارییەکانی، یان کاتێک بە قسەی خۆش قسەی لەگەڵدا دەکەیت نرخی دەزانێت و دووبارەی ناکاتەوە.

چەند ڕێگایەک بۆ پەروەردەکردنی منداڵ بە بێ لێدان

پاداشت

کاتێک منداڵەکەت هەڵەیەک دەکات زۆر گەورەی مەکە و هەوڵبدە سەرەتا لێی خۆشبیت و هەرگیز لێی نەدەیت، کاتێک کارێکی چاک دەکات هەرچەندیش بچووک بێت پاداشتی بدەرەوە، بە ماچێک بێت یان دوو قسەی جوان یان دیارییەکی بچووک، کاتێک بۆ کارە باشەکانی بەردەوام پاداشتی دەکەیت ئەویش هەوڵ دەدات کە وردە وردە ژمارەی ئەم کارە باشانەی زیاد بکات و دووربکەوێتەوە لە کاری هەڵە.

فێرکردنی ڕێگای نوێ

کاتێک منداڵەکەت لە خوشک و براکانی یاخود منداڵی دیکە دەدات و تۆش بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە دێیت و لەم دەدەیت، ئەمە هیچی نوێ نادات بە منداڵەکەت و تۆش هەمان کاری ئەوت دووبارە کردووەتەوە هەوڵبدە بە ڕێگایەکی دیکە تێیبگەیەنیت کە لێدان خراپە و نابێت دووبارەی بکاتەوە.

گوێ پێنەدان

هەندێک جار بۆ هەندێک لە ڕەفتاری منداڵەکەت خۆت کەڕ بکە و گوێی پێ مەدە، زۆر جار دایک و باوکەکان بێزار دەبن لە هەندێک لە ڕەفتارەکانی منداڵەکانیان و دەست دەکەن بە لێدانیان تاکوو خۆیان پشوو بدەن، بەڵام ئەمە هیچ چارەسەر ناکات و زیاتر هانی دەدەیت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، کاتێک منداڵەکەت ڕەفتارێک دەکات گەورەی مەکە و گوێی پێ مەدە و هیچ بەرپەرچدانەوەیەکت نەبێت و وایدابنێ کە نەتدیووە بەم شێوەیە ئەو ڕەفتارە دووبارە ناکاتەوە، بەڵام کاتێک ئەڵێ ئەوە چی دەکەیت و لێی دەدەیت و بابەتەکە گەورە دەکەیت ڕێگایەکی دەخەیتە پێش تاکوو دووبارەی بکاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت دەیەوێت بە قیژاندن سەرنجی تۆ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، وەڵامی مەیەرەوە و دوای ئەوەی کە هێمن بوویەوە تێیبگەیەنە کە داواکردن پێویستی بە قیژاندن نییە و ڕێگا چارەی دیکە هەیە.

پیاهەڵدان و دەست خۆشی

ڕۆژانە چاودێری ڕەفتاری منداڵەکەت بکە و بۆ هەر ڕەفتارێکی باشی دەست خۆشی لێبکە، بۆ نموونە کاتێک یاری دەکات و دواتر یارییەکان کۆدەکاتەوە یان خواردن بەشی خوشک و براکانی دەدات چەپڵەی بۆ لێبدە و دەست خۆش لێبکە.

سووکایەتی پێ نەکردن

بە هیچ شێوەیەک سووکایەتی بە منداڵەکەت مەکە بۆ هەر ڕەفتارێکی و بەڵکوو کاتێک ڕەفتارێکی ناشرین دەنوێنێت تێبگەیەنە کە ئەمە هەڵەیە و هەرگیز ناتەوێت دووبارەی بکاتەوە، بەڵام سووکایەتی و شکاندنەوەی منداڵەکە هەڵەیە بە تایبەت لە بەرچاوی خەڵکیدا.

تووڕەبوون لە کاتی خۆیدا

هەندێک منداڵ زۆر کەلـلە ڕەقن و قسە ناچێت بە گوێیاندا بەڵام لە هەمان کاتدا لێرەشدا هەر لێدان هەڵەیە، ئەگەر هەر بە گوێی نەکردیت و بەردەوام بوو پێویستە لێی توڕە ببیت، پێی بڵێ کە ئیتر خەریکە بێزار دەبم لێت و تەواو لێت تووڕەم و وڵامی مەدەرەوە تاکوو بزانێت کە تووڕەیت.


سەرچاوەکان



15349 بینین