درێژترین ئایەتی قورئان

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-23-14:41:00 - کۆدی بابەت: 6006
درێژترین ئایەتی قورئان

ناوه‌ڕۆك

درێژترین ئایەتی قورئان کامەیە؟

قورئانی پیرۆز وتەی بەرز و پیرۆزی خودای گەورەیە کە بۆ سەر پێغەمبەر محەمەد ﷺ دابەزیوە لە ماوەی 23 ساڵدا, بە شێوەیەک کە ئایەت و سورەتەکانی قورئانی پیرۆز بە پێی ڕووداو و بە پێی بارودوخ دادەبەزی, هەندێک کاتیش پرسیارێک کە دەربارەی بیر و باوەڕی ئیسلامی بکرایە یا هەر پرسیارێکی تر کە وەک گرێ کوێرەیەک بوایە لای خەڵکی ئەوا قورئان وەک وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەکرا دادبەزی, هەندێک کاتیش پاش ڕوودانی ڕووداوێک دادەبەزی کە پێویستی دەکرد ئەو ڕووداوە ڕوون بکاتەوە.

دابەزینی قورئان بە چەند جارێک وەک چەسپاندێک بوو بۆ دڵی پێغەمبەر ﷺ, هەروەها هەندێک ئایەت لە مەککە دابەزیون و هەندێکی تریان لە مەدینە, هەندێکی تریان لەو نێوەندەدا, سورەتە مەدەنیەکان بەوە ناسراون کە باس لە حوکمە شەرعیەکان دەکەن و ڕوونیان دەکەنەوە, بە تایبەت بابەتە فیقهیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە, وەک: پەرستشەکان و مامەڵەکان و میرات و سزاکان و زۆر شتی تریش.

درێژترین ئایەتی قورئان و هۆکاری دابەزینەکەی

درێژترین ئایەت لە قورئانی پیرۆزدا هاتە خوارەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بابەتێکی گرنگی وەک قەرز بکات, ئەم ئایەتە پیرۆزەش ئایەتی 282 ـە لە سورەتی پیرۆزی (البقرة), بە ئایەتی قەرز ناسراوە, هەروەک زانراویشە بابەتی قەرز یەکێکە لە گرنگترین مامەڵەکان لە نێوان فرۆشیار و کڕیاردا.

قەرز بە یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەپێدانی مامەڵە و بازرگانیەکان دادەنرێت, چونکە مەرج نیە ئەوەی دەیەوێت دەست بە بازرگانیەک بکات پارەی پێویستی لەبەردەستدا بێت بۆ ئەو کارە, بۆیە لەوەچێ پێویستی بە قەرز هەبێت, هەر بۆیە خودای گەورە مامەڵەی قەرزی بە دروست و حەڵاڵ داناوە لەسەر خەڵکی بۆ ئەوەی بە ئاسانی مامەڵەکانی نێوانیانی پێ بەڕێوە بەرن, ئەمەش ئایەتی قەرزە لە قورئانی پیرۆزدا:-

 (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا تَدَايَنتُم بِدَيْنٍ إِلَىٰ أَجَلٍ مُّسَمًّى فَاكْتُبُوهُ ۚ وَلْيَكْتُب بَّيْنَكُمْ كَاتِبٌ بِالْعَدْلِ ۚ وَلَا يَأْبَ كَاتِبٌ أَن يَكْتُبَ كَمَا عَلَّمَهُ اللَّهُ ۚ فَلْيَكْتُبْ وَلْيُمْلِلِ الَّذِي عَلَيْهِ الْحَقُّ وَلْيَتَّقِ اللَّهَ رَبَّهُ وَلَا يَبْخَسْ مِنْهُ شَيْئًا ۚ فَإِن كَانَ الَّذِي عَلَيْهِ الْحَقُّ سَفِيهًا أَوْ ضَعِيفًا أَوْ لَا يَسْتَطِيعُ أَن يُمِلَّ هُوَ فَلْيُمْلِلْ وَلِيُّهُ بِالْعَدْلِ ۚ وَاسْتَشْهِدُوا شَهِيدَيْنِ مِن رِّجَالِكُمْ ۖ فَإِن لَّمْ يَكُونَا رَجُلَيْنِ فَرَجُلٌ وَامْرَأَتَانِ مِمَّن تَرْضَوْنَ مِنَ الشُّهَدَاءِ أَن تَضِلَّ إِحْدَاهُمَا فَتُذَكِّرَ إِحْدَاهُمَا الْأُخْرَىٰ ۚ وَلَا يَأْبَ الشُّهَدَاءُ إِذَا مَا دُعُوا ۚ وَلَا تَسْأَمُوا أَن تَكْتُبُوهُ صَغِيرًا أَوْ كَبِيرًا إِلَىٰ أَجَلِهِ ۚ ذَٰلِكُمْ أَقْسَطُ عِندَ اللَّهِ وَأَقْوَمُ لِلشَّهَادَةِ وَأَدْنَىٰ أَلَّا تَرْتَابُوا ۖ إِلَّا أَن تَكُونَ تِجَارَةً حَاضِرَةً تُدِيرُونَهَا بَيْنَكُمْ فَلَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ أَلَّا تَكْتُبُوهَا ۗ وَأَشْهِدُوا إِذَا تَبَايَعْتُمْ ۚ وَلَا يُضَارَّ كَاتِبٌ وَلَا شَهِيدٌ ۚ وَإِن تَفْعَلُوا فَإِنَّهُ فُسُوقٌ بِكُمْ ۗ وَاتَّقُوا اللَّهَ ۖ وَيُعَلِّمُكُمُ اللَّهُ ۗ وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ)،

سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی ئەم ئایەتە, پێشەوا طەبەری لە پێشەوا ئیبن عەباسەوە (خودای گەورە لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە کە ئەم ئایەتە پیرۆزە لەسەر بەیعی (سەلەم) دابەزیوە, کە مەبەست پێی ئەوەیە کەسێک بڕێک پارە دەدات بە کەسی بەرامبەر, بەرامبەر بەوەی کە شتێک ببێتە موڵکی ئەو لە کاتێکی داهاتووی دیاریکراو, وە شتەکەش لەو کاتەدا بەردەست نیە، بەڵام زۆربەی موفەسیرەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم ئایەتە پیرۆزە باس لە بەیعی سەلەم دەکات لەگەڵ قەرزدا.

ئەو سوودانەی کە لە ئایەتی قەرزەوە فێری دەبین

زانایان لەم ئایەتە پیرۆزەوە چەندان سوودیان هەڵگۆزیوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین و لێوەی فێربین, لەوانەش:-

  • ئایەتەکە بە بانگکردنی باوەڕداران دەست پێدەکات, واتە ڕووبەڕوی باوەڕداران دەبێتەوە, ئەوەش بۆ ئەوەی باوەڕی موسڵمان هەمیشە زیندوو بێت و گوێ بگرێت بۆ فەرمانی خودای گەورە و جێبەجێی بکات.
  • ئەم ئایەتە پیرۆزە ئەوە دەردەخات کە هەروەک چۆن ئیسلام جەخت لە پەرستشەکان دەکاتەوە, هەر بەو شێوەش جەخت لە مامەڵەکانی ژیانی باوەڕدار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ژیانیان ڕێک و پێک بێت, مامەڵەی ئابووریش یەکێکە لەو بوارانە.
  • ئەم ئایەتە پیرۆزە باس لە بەشەکانی قەرز دەکات, بە حەڵاڵیشی دا دەنێت بە هەموو جۆرەکانیەوە.
  • ئەم ئایەتە پیرۆزە باس لە حەڵاڵی و دروستی بەیعی سەلەم دەکات.
  • لەم ئایەتە پیرۆزەدا باس لەوە کراوە کە پێویستە قەرز بنوسرێت, ئەمەش نزیکە لەوەی کە لە خودای گەورە بترسیت لە بابەتی قەرزدا.
  • لەم ئایەتە پیرۆزەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پێویستە نێوەندگیرێک هەبێت لە نێوان هەردوو بەرەی ڕێکەوتنەکەدا هەروەک لە ئایەتە پیرۆزەکەدا ئاماژەی پێکراوە, هەروەها لە ئایەتە پیرۆزەکەدا باس لە مەرجەکانی ئەو کەسەش کراوە کە دەبێتە نیوەندگیر و مامەڵەکە دەنوسێت, کە پێویستە ئەو کەسە بە جوانی شتەکان بنوسێت وەک ئەوەی کە لە ڕێکەوتنەکەدا دەوترێت, وە بە دادوەرانە شتەکان بنوسێت و لا نەدات بەلای هیچ لایەنێکدا, هەر بۆیە پێویستە ئەو کەسە شارەزا بێت بە شەرعی ئیسلام.
  • شەرع ڕێی داوە کە نوسەرەکە قەرز دەرەکە بێت, بەڵام ئاگاداریشی کردووەتەوە کە لە خودای گەورە بترسێت و فێڵی تێدا نەکات و زیادە و کەمی لێ نەنوسێت, لەگەڵ ئەمەشدا شەرع ڕێی داوە کە نووسەرەکە قەرز وەرگرەکە بێت.
  • لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەگەر قەرزارەکە هەڵەشە و نەزان و کەم ئاوەز بوو یا منداڵ و بەساڵاچوو بوو, یا نەیدەتاونی ئەوەی پێویستە بیڵێت و بنوسرێت ئەوا با چاودێر و سەرپەرشتیارەکەی بە دادگەرانە سەنەدەکەی داڕێژێت و نووسەرەکەش بینوسێت.
  • خودای گەورە فەرمانی کردووە بەوەی کە شایەتەکان ئامادەبن لە کاتی نوسینی قەرزەکەدا و پێویستە هەردولا ڕازی بن بەو شایەتانە.
  • ئەوەی تێڕابمێنێت لە ئایەتی قەرز ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە ئاینی پیرۆزی ئیسلام زۆر سوورە لەسەر پاراستنی مافی تاکی باوەڕدار و ماڵ و سامانی.


سەرچاوەکان



4417 بینین