بەیتول مەعمور

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-23-15:03:00 - کۆدی بابەت: 6007
بەیتول مەعمور

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی بەیتول مەعمور

خودای گەورە لە سورەتی پیرۆزی (الطور) دەفەرموێت: (والبیت المعمور) (الطور: 4), خودای گەورە سوێندی بەم شوێنە خواردووە, وەک ئاشکرایە کاتێکیش کە خودای گەورە سوێند بە شتێک بخوات, دیارە ئەو شتە زۆر گرنگە و پێویستە مرۆڤ ورد بێتەوە لێی, چونکە سوێند خواردنی خودای گەورە بە شتێک بۆ سەرنج ڕاکێشانی ئێمەیە بۆ ئەو شتە.

بەیتول مەعمور شوێنێکە وەک کەعبەی پیرۆزە بەڵام لە ئاسماندایە واتە وەک کەعبە لە زەویدا نییە, ئەو شوێنەیە کە فریشتە بەڕێزەکان تەوافی بە دەوردا دەکەن, هەموو ڕۆژێک 70 هەزار فریشتە دەچنە ناوی و لێی نایەنە دەرەوە, لە فەرموودەدا هاتووە کە ئەو کاتەی پێغەمبەر ﷺ چوو بۆ ئاسمان لە ڕووداوی ئیسڕا و میعڕاج ـدا بینی و پرسیاری لە جوبریل کرد (سەلامی خودای گەورەی لەسەربێت).

پێشەوا طەبەری دەگێڕێتەوە کە قەتادە (خودای گەورە لێی ڕازی بێت) فەرموویەتی کە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: بەیتول مەعمور مزگەوتێکە لە ئاسمان لە ڕێکی کەعبەیە, کە ئەگەر بکەوێتە خوار ڕێک دەکەوێتە سەر کەعبە, هەموو ڕۆژێک 70 هەزار فریشتە دەچنە ناوی و لێی نایەنە دەرەوە, هەروەها پێشەوا طەبەری لە ئیبن عەباسەوە دەگێڕێتەوە کە فەرمویەتی: بەیتول مەعمور شوێنێکە کە لە ڕێکی عەرشە, فریشتە بەڕێزەکان دەوریان داوە, هەموو ڕۆژێک 70 هەزار فریشتە دەچنە ناوی و نوێژی تێدا دەکەن و لێی نایەنە دەرەوە، زانایان ئەوەیان پشت ڕاست کردووەتەوە کە کەعبە سەنتەر و چەقی گەردوونە نەک هەر بە تەنها زەوی, ئەو پێگەیەی کە کەعبە هەیەتی هیچ شوێنێکی تر لەسەر ڕووی زەویدا نیەتی, ئەوەش باس دەکرێت کە زانا ئینگیلزەکان هەوڵی ئەوەیان دا کە بزانن بەردە ڕەشەکە چیە و پێکهاتەکەی چیە, هەر بۆیە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد بەڵام گەیشتن بەو ئەنجامەی کە بەردە ڕەشەکە بەردێکە هاوشێوەی نیە لە سەر ڕووی زەویدا, هەر بۆیە ئاوی زەمزەم و بەردە ڕەشەکە ناتوانین لە هیچ شوێنێکی تر بیان دۆزینەوە مەگەر لە کەعبە نەبێت.

تەواف کردن بە دەوری کەعبەدا بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوەیە, ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە وزەی باش کۆ ببێتەوە لە جەستەی مرۆڤدا و لە بەرامبەردا وزەی خراپ لێی دەڕواتە دەرەوە, تەواف کردن حەوت جارە, هەر بۆیە لەگەڵ هەر تەوافێکدا وەک ئەوە وایە کە چینێک لە چینەکانی ئاسمان ببڕین هەتا لە کۆتاییدا دەگەیتە ئاسمانی حەوتەم, هەر بۆیە زۆرێک لەو کەسانەی کە تەوافیان کردووە باس لەوە دەکەن کە پاش تەواوبوونی تەواف هەستێکی زۆر تایبەت و خۆشیان بۆ دروست دەبێت کە وەسف ناکرێت.

وتەی زانایانی ئیسلام سەبارەت بە بەیتول مەعمور

پێشەوا عەبدولعەزیز کوڕی باز دەفەرمێت: "بەیتول مەعمور ماڵێکی گەورەیە کە بە دیاریکراوی دەکەوێتە ئاسمانی حەوتەمەوە, هەروەک چۆن کەعبە بۆ زەویە, بەو شێوەش بەیتول مەعمور بۆ ئاسمانە, فریشتە بەڕێزەکان بە مەبەستی پەرستش ڕووی تێدەکەن و ناگەڕێنەوە".

پێشەوا موحەمەد صالح عوثەیمین دەفەرموێت: "بەیتول مەعمور لە ڕێکی کەعبەیە, وە ئەمەش دوو مانا دەگەیەنێت, یا ئەوەتا ڕاستەو ڕاست لە سەروو کەعبەوەیە, یا ئەوەتا کەعبە لەسەر شێوەی بەیتول مەعمور بنیات نراوە, هەروەک چۆن دانیشتوانی زەوی کەعبەیان ئاوەدان کردووەتەوە, هەر بەو شێوەش دانیشتوانی ئاسمان بەیتول مەعموریان ئاوەدان کردووەتەوە, هەروەها بەیتول مەعمور لە ڕێکی عەرشەوەیە, واتە ڕاستە و ڕاست لە خوارووی عەرشەوەیە, بۆ دانیشتوانی ئاسمانە, هەروەک چۆن کەعبە بۆ دانیشتوانی زەویە, واتە مزگەوتی دانیشتوانی ئاسمانە و مەبەستەکەی بۆ پەرستنی خودای گەورەیە".

پەیوەندی بەیتول مەعمور بە ڕووداوی ئیسرا و میعراجەوە

لە سورەتی الطور ـدا خودای گەورە سوێندی بە بەیتول مەعمور خواردووە, کە ئەمەش پشت ڕاستکردنەوەیە بۆ ڕووداوی ئیسرا و میعراج کە خودای گەورە شەوڕەوی بە پێغەمبەر ﷺ کرد لە شەودا لە مزگەوتی حەرامەوە بۆ مزگەوتی ئەقصا, پاشان سواری ئاژەڵێک بوو کە ناوی بوراق بوو, بەرزبوویەوە بۆ ئاسمانەکان, پاش ئەوەی کە چینی حەوتەمی ئاسمانی بڕی شوێنیکی بینی کە فریشتەکان پەرستشیان تێدا دەکرد تەوافیان بە دەوریدا دەکرد هەروەک چۆن دانیشتوانی زەوی بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن, وە ئەویش کەعبەی دانیشتوانی ئاسمانە, پاش ئەوە پێغەمبەر ﷺ پێغەمبەر ئیبراهیمی بینی (سەلامی خودای لەسەر بێت) کە شانی دادابوو بە بەیتول مەعمورەوە, پێغەمبەر ئیبراهیم ئەو پلە بەرزەی بەدەست هێناوە لەبەر ئەو هەموو کارەی کە لە زەویدا ئەنجامی دا بەتایبەت لە دروستکردنی کەعبەی پیرۆزدا.


سەرچاوەکان



680 بینین