بەشی پزیشکی گشتی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-07-24-18:01:00 - کۆدی بابەت: 6028
بەشی پزیشکی گشتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەشی پزیشکی گشتی (بە عەرەبی: الطب العام، بە ئینگلیزی: General Medicine) ئەو بەشەیە کە پەیوەستە بە دیاریکردنی نەخۆشی و دەستەبەرکردنی چارەسەر، هەروەها خستنەڕووی ڕێگای هەمەجۆر و گونجاو بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشیەکان. خوێندنی پزیشکی دڵخوازاترین کۆلێژە لە لای بەشێکی زۆر لە خوێندکاران، لە ڕیزبەندی یەکەمی سەر ئاستی هەموو کۆلێژەکانی ترە. 

تایبەتمەندی و مەرجی بوون بە خوێندکاری بەشی پزیشکی

  • بەدەستهێنانی کۆنمرەیەکی بەرز لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی.
  • بە توانا بێت لە زمانی ئینگلیزی.
  • توانای لە لەبەرکردن و تێگەیشتنی بۆ بابەتەکان هەبێت.
  • هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بوونی هەستی هاوسۆزی و یارمەتیدان.
  • وردکار و بە ئاگا و زیرەك.
  • لێهاتوویی لە زانستی کیمیا و زیندەزانی و فیزیا.
  • خوێندن و فێربوونی بەردەوام و گرنگیدان بە بابەت و توێژینەوە زانستییەکان.
  • توانای چارەسەر کردنی کێشەکان و مامەڵەکردن و چارەسەرکردنی خێرا لە کاتی تەنگەشە و حاڵەتی لە ناکاودا.
  • هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە نەخۆش چونکە بواری پزیشکی بوارێکەوە پەیوەستە بە ڕوحی مرۆڤەوە بچوکترین هەڵە دەرئەنجامی سەختی هەیە.
  • پشوو درێژی و ئارامیی چونکە خوێندنی ئەم بەشە قورسە و بۆ ماوەیەکی درێژە. 

قۆناغەکانی خوێندنی پزیشکی 

قۆناغی یەکەم

دەتوانین بڵێین ساڵی یەکەم وەکوو دەستپێك و ئامادەکارییەك وایە بۆ خوێندکار ئاشنا دەکرێت بە ئامێرە پزیشکییەکان، بەشەکانی نەخۆشخانە، بابەتە سەرەکییەکانی وەکوو زیندەزانی و کیمیا و ئامار و بیرکاری و فیزیا دەخوێنین. 

قۆناغی دووەم و سێیەم

لەم دوو ساڵەدا وانە سەرەکییەکانی پزیشکی دەخوێنرێت لەوانە:

  • زانستی ئەندامەکانی لەش (Physiology).
  • توێکاری (Anatomy).
  • زانستی نەخۆشییەکان (Pathology).
  • مایکرۆبایۆلۆجی (Microbiology). 
  • کیمیای زیندەزانی (Biochemistry).
  • دەرمانسازیی (pharmacy).

ئەم بابەتانە بناغەی پزیشکیین بۆیە بە وردی دەخوێنرێت، خوێندكار ڕاده‌هێنرێ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی مێژووی نه‌خۆشییه‌كه‌، هۆكاره‌كانی تووشبوون، باری له‌ناكاوی تووشبوون، نیشانه‌كانی تووشبوون، بابەتەکان بە تیۆری و کردارەکی دەخوێنرێت. له‌م سێ قۆناغه‌ی سەرەتادا ئه‌و وانانەی کە دەخوێنرێت پێی دەوترێت (Basic Sciences) واتا زانستە سەرەکی و بنچینەییەکان. 

قۆناغی چوارەم و پێنجەم و شەشەم 

قۆناغی کلینیکیشیان پێدەوترێت لەم سێ قۆناغەدا پسپۆڕیییەکانی پزیشکی دەخوێنرێت وەکوو هەناویی و نەشتەرگەری گشتی و پزیشکی منداڵان و ژنان و منداڵبوون و نەشتەرگەریی ئێسك و شکاوی و پسپۆڕییە سەرەکییەکانی تر سەرجەم بابەتەکان زیاتر بە کردارەکی دەخوێنرێت. لەم سێ قۆناغەی کۆتاییدا ئەو وانانەی کە دەخوێنرێت پێی دەوترێت (Clinical Sciences). لە دوای ئەم شەش ساڵە خوێندکار دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پاشان دوو ساڵ لە نەخۆشخانەکاندا وەکوو پزیشکی یاریدەدەر/ نیشتەجێ (مقيم) و ساڵێك وەکوو پزیشکی پایە پلەبەند (متدرج) کاردەکات. 

خوێندنی ئەکادیمی

خوێندنی پسپۆڕی (الإخصائیة) و خوێندنی بۆرد (دكتۆرا) دەخوێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌كان له‌ یه‌ك بواردا كۆ بكاتەوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی چڕ و پڕتر، ماوەی ساڵەکانی خوێندن بە پێی پسپۆڕیەكانە.

پسپۆڕیی و بەشەکانی پزیشکی

کوردی ئینگلیزی
پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی General Surgery
پزیشکی هەناوی و کۆئەندامی هەرس  Internal Medicine
پزیشکی منداڵان  Pediatric
پزیشکی دڵ Cardiology
پزیشکی دەروونی Psychology
پزیشکی گورچیلە و میزەڕۆ  Urology
پزیشکی چاو  Ophthalmologist 
پزیشکی پێست و نەخۆشییەکانی پێست Dermatologist
پزیشکی دەمار و مێشك  Neurology
پزیشکی ژنان و منداڵبوون  Gynecology
پزیشکی ئێسك و شکاوی  Orthopedic 

لایەنە ئەرێنییەکانی خوێندنی پزیشکی

  • پزیشك پێگەیەکی تایبەت و دیاری هەیە لە نێو کۆمەڵگەدا.
  • بواری ماددی و موچەیەکی بەرز بەدەستدەهێنێت.
  • بەدەستهێنانی پیشەیەکی جێگیر.
  • توانای کارکردنی سەربەخۆ لە ڕێگای دانانی کلینیکی تایبەت و کارکردن سنوردا ناکرێت لە نەخۆشخانەکاندا.
  • بڕوانامەی پزیشکی جیهانییە، بەو واتایەی لە هەموو جیهان باوەڕپێکراوە و کاری پێدەکرێت.
  • یارمەتیدانی نەخۆش و چارەسەرکردنیان.

لایەنە نەرێنییەکانی خوێندنی پزیشکی 

  • کارکردن بۆ چەندان کاژێری بەردەوام.
  • نەبوونی کاتی دیاریکراو لە کاتی کارکردندا.
  • مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی نەخۆش لە هەموو کات و ساتێکدا و لە هەموو حاڵەتێکدا.
  • ماوەی خوێندن زۆر درێژ و قورسە.

تێبینی: خوێندنی پزیشکی بۆ تۆ گونجاو نییە ئەگەر خاوەن کەسایەتییەکی توڕە و هەڵەشە بیت، هەروەها فۆبیا و ترسێکی زۆرت هەبێت لە خوێن، کەسێکی زۆر هەستیار بیت، لە وانە زانستییەکان باش نەبیت ئەوا باشترە پسپۆڕییەکی تر بخوێنیت. 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت 

  • زانکۆی هەولێری پزیشکی
  • سلێمانی 
  • کۆیە
  • دهۆك
  • گەرمیان


سەرچاوەکان



11261 بینین