ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-26-14:06:00 - کۆدی بابەت: 6049
ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان

ناوه‌ڕۆك

ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان چییە؟

ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان (بە عەرەبی : عوامل الإنتاج یان عناصر إنتاج، بە ئینگلیزی: Factors of Production) لە ئابووریدا سەرچاوەکان و هێزی لەکارکراو دەگرێتەوە کە لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێندرێن، بۆ تەواوکردنی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییە تەواوەکان، بڕی بەکارهێنانی سەرچاوە هەمەچەشنەکانە، بڕی بەرهەم بە پێی ئەو پەیوەندییە دیاری دەکرێت کە پێی دەوترێت ئەرکی بەرهەمهێنان.

چوار ڕەگەز یان فاکتەری سەرەکی بەرهەمهێنان هەیە، کە ئەوانیش زەوی، کار، سەرمایە و ڕێکخستنن. هەروەها ڕەگەزەکان زۆرجار بە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری ناو دەبرێن، بۆ جیاکردنەوەیان لەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە دەکڕدرێن کە بە کاڵای بەکاربەر ناو دەبرێن. 

زەوی

زەوی (Land - الأرض) هەموو ئەو بەرهەمە خامانە دەگرێتەوە کە لە زەویدا هەن وەک نەوت و زێڕ، یاخود وەک تەختە، ئەو ماددانەی کە لە زەویدا هەن پایەیەکی بەرهەمهێنانن و دوای تێپەڕ بوونیان بە پڕۆسەی پیشەسازی و بەرهەمهێناندا دەبنە کاڵایەکی سەرمایەداری، بۆ نموونە: نەوت سەرچاوەیەکی سروشتییە بەڵام بەنزین کاڵایەکی سەرمایەدارییە.

کار

کار یەکێکە لە پایەکانی بەرهەمهێنان و ئاماژەیە بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی کە تاکەکان لە بەرهەمهێنانی کاڵا یاخود خزمەتگوزارییەکی دیاریکراودا بەخەرجی دەدەن، بۆ نموونە: کارمەندی پێشوازیکردن لە هوتێلێکدا هەوڵێکی دیاریکراو لە کارەکەیدا بەخەرج دەدات و بەپێی هەوڵەکەی ئەو ئەزموونی میوانەکان باش دەبێت، بۆیە کار بزوێنەری سەرەکیی بۆ بەهای ئابوورییە، هەروەکا کارمەند و کرێکارەکان لە بەرامبەر کار و نیشاندانی لێهاتووییەکانیان پارە وەردەگرن، لەبەر ئەوە ئەو وڵاتانەی کە سەرمایەیەکی زۆری دەستی کاریان هەیە خاوەن بەرهەمێکی باش و کوالێتییەکی بەرزن.

سەرمایە

سەرمایە وەک کالای سەرمایەداری وایە (کاڵای سەرمایەداری بریتین لەو شتانەی کە مرۆڤ دروستی دەکات، وەک ئەو ئامێر و کەرەستە و ماددە کیماییەکانەی کە لە بەرهەمهێناندا بەکاردێت)، نموونە لەسەر کاڵا سەرمایەدارییەکان: بینا پیشەسازی و بازرگانییەکان.

کارسازی

کارسازی (ريادة الأعمال - Entrepreneurship) یەکێکە لە پایەکانی بەرهەم لە ئابووریدا و کاری گرێدانی پایەکانی دیکەی بەرهەمهێنانە تاوەکو ئاڕاستەیان بکات و بەرهەمیان لێ دروست بکات، بۆیە کارسازی یەکێکە لە سەرەکیترین پایەکانی پێشکەوتنی ئابووری، لەبەر ئەوەی کارسازی پاڵنەری پەرەپێدانی بیرۆکەکانە تا ببن بە کارێکی بازرگانی و بگۆڕێن بۆ سەرچاوەیەکی داهات و قازانج.

پایەکانی بەرهەمهێنان پێکەوە کار دەکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کاراییەکی باش، سێ پایەکەی سەرەتا کە بریتین لە زەوی و سەرمایە و دەستی کار لە بەرهەمهێناندا بەکاردێن، بەڵام کارسازی وەک ڕێکخەری سەرەکییە کە نێوانی هەریەکە لە سێ پایەکەی دیکە دەبەستێتەوە و بەکاریان دێنێ.


سەرچاوەکان



2912 بینین