ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لەولەب

له‌لایه‌ن: - دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-07-26-15:58:00 - کۆدی بابەت: 6052
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لەولەب

ناوه‌ڕۆك

لەولەب چییە؟

لەولەب کەرەستەیەکە کە دەخرێتە ناو منداڵدانەوە، ئامێرێکی بچووکە کە لەسەر شێوەی پیتی T دایە، کە دەخرێتە بەشی سەرەوەی منداڵدان و هۆکارێکە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی، ڕێگایەکی دەستکرد و کاتییە

دوو جۆری لەولەب هەیە

لەولەبی هۆڕمۆنی

ئەم لەولەبە هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆنی پێوەیە کە ڕۆژانە بڕێکی دەردەدرێتە ناو خوێن و لە ملی منداڵداندا لینجاوەکە خەست دەکاتەوە و ناهێڵێت سپێرمەکان بڕۆنە منداڵدانەوە و بە هۆی خەستی لینجاوەکەوە سپێرمەکان لەناودەچن، وە ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان تەنک دەکات کە ئەگەریش هێلکەی پیتێنراو هەبوو منداڵدان وەریناگرێت.

لەولەبی مسی

ئەم لەولەبە ڕێگری دەکات لە بەیکگەیشتنی هێلکە و سپێرم لە ناو بۆری منداڵداندا، بە هەمان شێوە ناوپۆشی منداڵدان تەنک دەکات و ناهێڵێت هێلکەی پیتێنراو وەربگرێت.

لەولەب بۆ چ خانمێک دادەنرێت؟

ئەو خانمانەی کە نایانەوێت بۆ هەر جووتبوونێک کۆندۆم بەکاربهێنن و یاخود وریابن و لە ڕێگریکردنی سروشتیدا بن.

ئەو خانمانەی کە شیر دەدەن 

ئەو خانمانە کێن کە نابێت لەولەب دابنێن؟

  • ئەو خانمانەی نەخۆشی دڵیان هەیە
  • ئەو خانمانەی کە تازە هاوسەرگیریان کردووە
  • ئەو خانمانەی کە پشکنینی دووگیانیەکەیان ئەنجامێکی ناڕوونی هەیە
  • ئەو خانمانەی کە پێشینەی سکپڕییان هەیە لە دەرەوەی منداڵدان 
  • ئەو خانمانەی کە شێوەی منداڵدانیان جیاوازە 
  • ئەو خانمانەی کە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا خوێنیان زۆرە و یاخود خوێنبەربوونیان هەیە هۆکارەکەی نادیارە.

سوودەکانی دانانی لەولەب

  • خانمان حەزدەکەن ڕێگایەک بەکاربهێنن بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی کە ماوەکەی درێژ بێت و کاری خۆی بکات.
  • زیانی کەمە
  • ڕێژەی شکستهێنانی ئەم ڕێگریکردنە زۆر کەمترە بە بەراورد بە ڕێگاکانی دیکە
  • بۆ ماوەی ٥ بۆ ١٠ ساڵ دەمێنێتەوە، بە پێی ئەوەی کە کامەت بۆ دانرابێت ٥ یان ١٠
  • هەر کاتێک کە ویستت دەتوانیت لایببەیت و دووگیان ببیتەوە.
  • دەرمانێک نییە تاکوو کاریگەری لاوەکی هەبێت لەسەر ئەندامەکان بەتایبەت گەدە و جگەر.

چۆنیەتی دانانی لەولەب لە ناو منداڵداندا

  • سەرەتا پزیشک دەبێت دڵنیا ببێتەوە کە خانمەکە دووگیان نییە
  • چەند ڕۆژێک پێش دانانی لەولەب دووربکەوەرەوە لە کاری قورس و هەڵگرتنی قورسایی
  • پشکنینی ناوچەی زێ بکات و دڵنیاببێتەوە کە هەوکردنی نییە، ئەگەر هەوکردنێک هەبوو دەبێت سەرەتا هەوکردنەکە چارەسەر بکرێت.
  • ئەنجامدانی پشکنینی شێرپەنجەی ملی منداڵدان (Pap smear) کە تێیدا نموونە لە خانەکانی ملی منداڵدان وەردەگیرێت و دەبرێتە تاقیگە بۆ پشکنین بۆ زانینی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
  • بۆ دانانی لەولەب دەبێت ڕۆژانی کۆتایی سوڕی مانگانە بێت، کە ملی منداڵدان کراوەتەوە و کردنە ناوەوەی ئاسانترە.
  • سەرەتا (speculum) دادەنرێت، کە ئامێرێکە دەخرێتە زێوە بۆ زیاتر کردنەوەی زێ بەکاردێت تاکوو پڕۆسەکە جوان ئەنجام بدرێت، دواتر ئەو ناوچەیە بە جوانی پاکدەکرێتەوە بە کەرەستەی پزیشکی تاکوو دووربێت لە هەر بەکتریا و میکرۆبێک و جێڵی لیدۆکاین کە بۆ سڕکردن بەکاردێت لە زێوە دەکرێتە ناو منداڵدان تاکوو ئازار کەمتر بێت.
  • پزیشک ئامێرێکی پاک دەباتە ناو منداڵدان تاکوو ئەندازەی ئەو ڕێڕەوە بگرێت و بیپێوێیت و ئەم ڕێگایە بەسوودە تاکوو کاتی دانانی لەولەب مەترسی کونبوونی منداڵدان کەم ببێتەوە، ئەوپەڕی ئەو ڕێڕەوەی کە پزیشک دایدەنێت ٦ بۆ ٩ سانتیمەترە و لەولەبەکە نابێت لە ٦ سانتیمەتر کەمتر بێت. 
  • دواتر لەولەبەکە دەخرێتە منداڵدانەوە و لە شوێنێکی گونجاودا دادەنرێت و کە گەشتە شوێنی گونجاو دەکرێتەوە کە لە شێوەی پیتی Tـی دایە.
  • دوای دانانی پەتێک دەهێڵدرێتەوە کە بە لەولەبەکەوەیە و لە منداڵدانەوە بە ڕێڕەوەکەدا بەرەو زێ هاتۆتە خوارەوە، پزیشک خۆی دەڵێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پەتەدا بکەیت بە پێی جۆری لەولەبەکە، ئەم پەتە لە زێدا دەرناکەوێت و خانمەکە ناتوانێت بیبینێت و لە سەرترەوەیە تەنها پزیشک کاتی پشکنین دەیبینێت
  • ئەم پڕۆسەیە زۆر زوو ئەنجام دەدرێت و دانانی لەولەب لە چەند خولەکێکدا کۆتایی پێ دێت
  • دوای دانانی لەولەب لەوانەیە ئازار و گرژبوونی منداڵدان ڕووبدات.

زیانەکانی دوای دانانی لەولەب

  • بینینی پەڵە و خوێنبەربوون کە بە تێپەڕبوونی کات لە هەندێک خانمدا زیاتریش دەکات.
  • ئازاری خوارەوەی سک کە بە دەرمانی ئازارشکێنیش لاناچێت
  • زیادبوونی خوێن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا
  • ئەگەری دووگیانی زۆر کەمە لەکاتی دانانی لەولەبدا بەڵام ئەگەر دووگیانی ڕوویدا لەوانەیە ببێتە سکپڕی لە دەرەوەی منداڵدان
  • لەوانەیە دەردراوەکانی ناوچەی زێ زیاد بکەن
  • کونبوونی منداڵدان لە کاتی دانانی لەولەبەکەدا

چەند تێبینییەک لەسەر لەولەب

  • ئەگەر لەولەبەکە لە جۆری مسی بێت هەرکات هەستت بە باشی کرد دەتوانیت جووتبوون ئەنجام بدەیت، بەڵام لەولەبی جۆری هۆڕمۆنی دوای ٧ ڕۆژ کاری خۆی دەکات بۆیە دەبێت وریابیت، هەندێک جار واباشترە تاکوو مانگێک کۆندۆم بەکاربهێنن کاتی جووتبوون چونکە لەولەبەکە تازەیە و لەوانەیە ئەگەری دووگیانی هەبێت.
  • ئەگەر پەتەکە لە ماوەی جووتبووندا هەستی پێ دەکرێت و مایەی نیگەرانییە دەتوانیت بچیتە لای پزیشک تاکوو زیاتر بۆت کورت بکاتەوە.
  • ئەگەری دووگیانی دوای دانانی لەولەب زۆر کەمە و بەڵام ئەگەر هەر هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەرێکی کەمیش نەبێت بۆ دووگیانی باشترە چوارم مانگ جارێک بۆ چاودێریکردنی لەولەبەکەت سەردانی پزیشک بکەیت.
  • چەند هەفتەی سەرەتا دوای دانانی لەولەبەکەت بۆ دڵنیابوون هەموو ڕۆژێک دەستت بە ماددەی پزیشکی پاکبکەرەوە و بیبەرە ڕێڕەوی زێدا و تاکوو دڵنیابیت کە پەتەکە لە شوێنی خۆی ماوە، ئەگەر نەمابوو سەردانی پزیشک بکە.
  • دوای دانانی لەولەب کە دەچیتە ماڵەوە ئەگەر پەڵە خوێنت بینی ئاساییە، بەڵام ئەگەر خوێنبەربوونێکی توندت هەبوو سەردانی پزیشک بکە.
  • زۆر ئەستەمە کە ٪١ ئەگەری هەیە کە لەولەب خۆی بێتە دەرەوە و ئەگەرێکی زۆر کەمی هەیە بێتە خوارەوە، بەڵام ئەگەر هەستت بە شتێکی ئاوا کرد سەردانی پزیشک بکە.
  • ئەگەری دووگیانی کاتێک کە لەولەبت داناوە لە هەزار کەسدا ٢ بۆ ٨ کەسە.


سەرچاوەکان



20509 بینین