بیرگەی پێگەیشتنی هەڕەمەکی

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-26-22:45:00 - کۆدی بابەت: 6057
بیرگەی پێگەیشتنی هەڕەمەکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بیرگەی پێگەیشتنی هەڕەمەکی (بە ئینگلیزی: Random access memory) یان بە کورتی ڕام (RAM) بریتییە لە یەکێک لە جۆرەکانی بیرگەی کۆمپیوتەر کە بەکاردەهێنرێت بۆ هەڵگرتنی داتای کارپێکراو و کۆدی ئامێر (Machine code)، ڕام ئامێرێکە کە ڕێگەدەدات زانیاری و داتاکان لەسەری هەڵبگیردرێن یان بخوێنرێنەوە بەشێوەیەکی زۆر خێرا، بەڵام هەندێک جۆری تری بیرگە هەیە وەک هارد، سیدی، دیڤیدی کە کاتیان پێویستە بۆ هەڵگرتن یان خوێندنەوەی زانیاری و داتاکانی ناویان.
لە تەکنەلۆژیای ئەمڕۆدا ڕام لە شێوەی نەخشەی یەک پارچەدا دروستدەکرێن، هەروەها ڕام زۆرجار لە جۆری ناجێگیر (volatile) دروستدەکرێت، ڕامی ناجێگیر (بە ئینگلیزی: volatile RAM) بریتییە لەو جۆرە بیرگانەی کە بە نەمانی تەزوی کارەبا تێیاندا ئەو زانیاری و داتایانەی کە تێیاندا هەیە نامێنێت.
دوو جۆری سەرەکی ڕامی ناجێگیر هەیە کە بریتین لە (SRAM) و (DRAM)، یەکەمین جۆری ڕامی بەکارهێنراو بریتییە لە (SP95 SRAM) کە لەلایەن کۆمپانیای (IBM)ـەوە دروستکرا، کە بۆ کۆمپیوتەری (System/360 Model 95) دروستکردبوو.

مێژوو

کۆمپیوتەرە سەرەتاییەکان لەجیاتی بیرگە دەزگای بەهێزکرد (Relay) ژمێرەری میکانیکیان بەکاردەهێنا بۆ ئەنجامدانی کارەکانی میمۆری و بیرگە، یەکەمین ڕآمی پراکتیکی بریتیبوو لە بۆری ویلیامس (Williams tube) کە لەساڵی 1947 دروستکرا، ئەم بۆرییە هەڵدەستا بە هەڵگرتنی داتا و زانیاری لەشێوەی خاڵی کارەبایی لەسەر ڕووی بۆریەکی کاثۆدی، پاش چەندین توێژینەوە لە زانکۆی مانچێستەر لە ئینگلتەرا، بۆری ویلیامس بوو بە ناوەندی هەڵگرتنی یەکەمین پڕۆگرام کە لە کۆمپیوتەرێکدا کاری پێکرا بە ناوی مانچێستەر بەیبی (Manchester Baby) لە 21/6/1948.

بیرگەی ناوک موگناتیسی لە ساڵی 1947 داهێنرا و پەرەی پێدرا تا ساڵەکانی 1970، ئەم جۆرە بیرگەیە بەناوبانگ بوو و زۆر بە خێرایی بڵاوبوویەوە، بیرگەی ناوک موگناتیسی پشتی دەبەست بە کۆمەڵە ڕیزێکی ئەڵقەی موگانتیسی، کە لەڕێگەی بارگاویکردنی ئەم ئەڵقانەوە دەتوانرا یەک بت (bit) داتا لە ئەڵقەیەکدا هەڵبگیردرێت، ئەم جۆرە بیرگەیە بە شیوەیەکی سەرەکی بەکاردە‌هێنرا بۆ کۆمپیوتەرەکان تا ئەو کاتەی کە بیرگەی جۆری (MOS) دروستکرا لە نزیک ساڵەکانی 1970ـکان.

ڕامی مۆس - MOS RAM

داهێنانی (MOSFET) کە ناسراوە بە ترانزیستەری مۆس، لەلایەن محەمەد عەطالە و داۆن کانگ لە تاقیگەکانی بێل لە ساڵی 1959 بوویە هۆی پەرەپێدان و دروستکردنی بیرگەی نیمچەگەیەنەری ئۆکسیدی ئاسن (MOS memory) لەلایەن جۆن شمیت لە ساڵی 1964، هەرچەندە ئەم جۆرە بیرگەیە نرخی کەمتربوو و کارەبای کەمتری بەکاردەهێنا بەڵام توانای زۆر زیاتربوو لە بیرگەکانی پێش خۆی.
بیرگەی پێگەیشتنی هەڕەمەکی نەگۆڕ (SRAM) لەلایەن ڕۆبێرت نۆرمان لە ساڵی 1963 دروستکرا، ڕامی نەگۆڕ یاخود ستاتیک، بوو بە جێگرەوەی بیرگەی ناوک موگناتیسی بەڵام ڕامی ستاتیک بۆ هەر بت (bit)ـێک لە داتا پێویستی بە شەش ترانزیستەری جۆری مۆس (MOS) دەبوو.

بیرگەی پێگەیشتنی هەڕەمەکی گۆڕاو (DRAM) ڕێگەیدەدا بە هەڵگرتنی یەک بت داتا لە یەک ترانزیستەردا کە ئەمەش توانای لە بیرگەی نەگۆڕ زیاتربوو، ئەم جۆرە بیرگەیە لەلایەن کۆمپانیای تۆشیباوە لە ساڵی 1965 لە ژمێریارێک (حاسیبە)ـەکی ئەلیکترۆنیدا بەکارهێنرابوو، کە لە ترانزیستەر و بارگەگری لە جێرمانیۆم دروستکراو پێکهاتبوو.

بیرگەی پێگەیشتنی هەڕەمەکی نەگۆڕی هاودەم (SDRAM) لەلایەن کۆمپانیای سامسۆنگەوە بەرهەمهێنراوە و یەکەمین چیپی (SDRAM) کە کۆمپانیاکە خستییە بازاڕەوە بریتیبوو لە (Samsung KM48SL2000) کە قەبارەی ئەم بیرگەیە 16 مێگابت دەبوو لە ساڵی 1992 لەلایەن کۆمپانیای سامسۆنگەوە پێشکەشکرا و لە ساڵی 1993 بەکۆمەڵ بەرهەمهێنرا، هەروەها یەکەمین ڕامی جۆری (DDR SDRAM) بەهەمانشێوە لەلایەن کۆمپانیای سامسۆنگەوە بەرهەمهێنرا و لە ساڵی 1998 بڵاوکرایەوە.

بەکارهێنانەکانی ڕام

بێجگە لە کارکردن وەک بیرگەیەکی کاتی بۆ سیستمی کارپیکەرەکان و نەرمەواڵەکان ڕان لە چەند بەکارهێنانێکی تری هەیە.

بیرگەی خەیاڵی

زۆربەی سیستمە کارپێکەرە مۆدێرنەکان ڕێگەیەک بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی قەبارە ڕامەکان کە بە ڕامی خەیاڵی یان بیرگەی خەیاڵی (virtual memory) ناسراوە، لە بیرگەی خەیاڵیدا بەشێک لە هاردی کۆمپیوتەرەکە وەک ڕام بەکاردەهێنرێت کە پێیدەوترێت پارچەی ڕووشاو (scratch partition)، واتا گەر کۆمپیوتەرەکە بڕی 2 گێگابایت ڕامی هەبێت و 1 گێگابایت پارچەی ڕووشاوبێت ئەوا ئەو کۆمپیوتەرە 3 گێگابایت ڕامی هەیە، بەڵام چونکە هاردی کۆمپیوتەر لە ڕام هێواشترە ئەو ئەو بڕە ڕامەی کە لە هاردی کۆمپیوتەرەکە دروستکراوە هێواشتر داتاکان چارەسەردەکات.

پەپکەی ڕام

هەندێک نەرمەواڵە دەتوانێت بەشێک لە ڕامی کۆمپیوتەر پارچە (partition) بکات، کە یارمەتی دەدات خێراتر کاربکات کە پێیدەوترێت پەپکەی ڕام (RAM disk)، هەروەها پەپکەی ڕام هەموو داتاکانی ناوی لەدەست دەدات کاتێک سەرچاوەی کارەبای نامێنێت.


سەرچاوەکان



1994 بینین