چاودێریکردنی تەندروستی دایک دوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-28-15:11:00 - کۆدی بابەت: 6070
چاودێریکردنی تەندروستی دایک دوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

دایک دوای منداڵبوون

کاتێک منداڵت بووە ڕۆژانێکی خۆشە بۆت، چونکە چاوەڕوانی کۆتایی هاتووە و خێزانەکەت گۆڕاوە بە هاتنی منداڵێک، لە دوای منداڵبوون کەسێک یان چەند کەسێکی بنەماڵەکە لە لای دایکەکەیە تاکوو بارودۆخی باش دەبێت، وردە وردە خزمانی کەش بۆ پیرۆزبایی دێن، گرنگە کە دایکەکە دوای منداڵبوون بە باشی چاودێری بکرێت و گرنگی پێ بدرێت.

چاودێری تەندروستی دوای منداڵبوون

چاودێری کردنی تەندروستی دایکەکە زۆر گرنگە و پێویستە گرنگی بدرێت بەم لایەنانەی خوارەوەی دایکەکە.

تەقەڵ

لە منداڵبوونی سروشتیدا لەوانەیە زێ بدڕن بە ئەندازەی ٢ سانتیمەتر تاکوو منداڵەکە ئاسانتر بێتە دەرەوە، دواتر تەقەڵی لێ دەدەن و دەیدورنەوە، ئەم تەقەڵە بە ئەندازەی تەقەڵی نەشتەرگەری قووڵ نییە، بۆیە پێویستە زۆر ئاگاداری بیت، ئەگەر بە جوانی ئاگاداری بیت ئەوا نزیکەی هەفتەیەک تاکوو ١٠ ڕۆژ تەقەڵەکان چاک دەبنەوە.

چەند ڕێگایەک بۆ چاودێری کردنی تەقەڵ

  • لەسەر تەقەڵەکەت دامەنیشە
  • بۆ ئەوەی تەقەڵەکانت بەر نەبێت باشترە تاکوو ماوەیەک لەسەر سەرینێکی نەرم دابنیشیت
  • واباشترە کە تەوالێتی شەرقی بەکارنەهێنیت
  • دوای چوونە تەوالێت شوێنی تەقەڵەکە بە ئاوی شلەتێن بشۆ و جوان وشکی بکەرەوە
  • ڕۆژانە لە ناو ئاو ئایۆدیندا ماوەیەک دابنیشە بۆ پاکبوونەوەی تەقەڵەکان
  • کاتژمێرێک لە ڕۆژێکدا بە بێ جلی ژێرەوە پاڵکەوە تاکوو هەوا لە تەقەڵەکان بدات
  • لە ڕۆژانی سەرەتادا زۆر لەسەر قاچەکانت ڕامەوەستە
  • دەستکاری برینەکە مەکە و بە بێ پرسی پزیشک هیچ ماددەیەکی بۆ بەکار مەهێنە.

خوێنبەربوون

خوێنبەربوون دوای منداڵبوونی سروشتی و منداڵبوون بە نەشتەرگەریش هەیە، بەڵام بە گشتی لە منداڵبوونی سروشتیدا زیاترە و ماوەکەشی زیاترە، بۆیە گرنگە خانمەکە ئاگاداری خوێنبەربوونی بێت بەم ڕێگایانەی خوارەوە.

  • سانتی سادە و گەورە بەکاربهێنە و دوورکەوە لەبەکارهێنانی تامپۆن
  • جلی ژێرەوەی زۆر تەسک بەکارمەهێنە چونکە هەوا ناچێت بۆ برینەکە و زوو ساڕێژ نابێت.
  • کاتێک برینت هەبوو ڕێگە مەدە خوێنێکی زۆر لەسەر برینەکە کۆببێتەوە و زوو زوو سانتی بگۆڕە.
  • ئەگەر تا یاخود لەرزت هەبوو یان خوێنەکەت بۆنی ناخۆش بوو، ئەوا دەرخەری ئەوەیە کە دووچاری هەوکردنی دوای منداڵبوون بوویت پێویستە پزیشک بتبینێت.

بەکارهێنانی پشتوێن

پشتوێن دوای منداڵبوون گرنگە تاکوو قەبارەی سک بگەڕێنێتەوە باری ئاسایی خۆی، هەروەها گرنکە بۆ نەهێشتنی ئازاری پشت، دوو جۆری پشتوێن هەیە ئەوەی کە وەک شۆرتێک وایە و لەپێی دەکەیت و هەڵی دەکێشیت تا بەشی سەرەوەی سک، بەڵام ئەم جۆرە گونجاو نییە ئەگەر برین و تەقەڵت هەبێت لە زێدا بۆیە واباشە تاکوو باشبوونەوەی برینەکە جۆری دووەم بەکاربهێنرێت، کە تەنها لە سک و پشتتی دەبەستیت.

خواردنی گونجاو

بە هۆی منداڵبوونەوە وزەیەکی زۆرت لە دەست داوە، و پێویستە دوای منداڵبوون خواردنی باش بخۆیت، بەڵام لە خواردنی قوورسەوە دەست پێ مەکە، لەوانەیە زۆرت لێ بکەن تاکوو گۆشت و خواردنی قوورس بخۆیت، بەڵام ئەمە گونجاو نییە چونکە ئێستا تۆ زۆرینەی کاتەکان پاڵکەوتوویت و جوڵەت کەمە بۆیە خواردنی خۆراکی قوورس هەرس ناکرێت و دەبێتە هۆی قەبزیی و قەبزبوون زیانی زۆر دەدات لە تەقەڵەکان.

گرنگترین ئەو خواردنانە چین دەبێت دوای منداڵبوون بخورێت

  • ئەو ماددە خۆراکیانەی کە فایبەری زۆریان تێدایە، وەک برنجی قاوەیی و سەوزەواتەکان.
  • لە هەفتەیەکدا دوو جار ماسی سەلەموون بخۆ
  • هەنجیری وشک، قەیسی، قۆخ.
  • میوە مزرەمەنییەکان بخۆن لە نێوان ژەمەکاندا.
  • شیرەمەنی چەوری کەم بخۆن
  • ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە 
  • زەیتی زەیتوون بکەنە ناو خواردن و زەڵاتەکانەوە

ماڵداری

بە گشتی خانمان دوای منداڵبوونی سروشتی زووتر هەڵدەستەنەوە و دەتوانن بە ڕێگادا بڕۆن تاکوو منداڵبوون بە نەشتەرگەری، بۆیە ئەگەریش زوو هەستایتەوە و تەندروستیت باس بوو نابێت تاکوو ماوەیەک کاری قوورس بکەیت و گوێ بە تەندروستیت نەدەیت.

هەندێک ڕێنمایی کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن

  • قورسایی زۆر بەرز مەکەرەوە
  • لە جوڵەی زۆر و ماندووکەر دوورکەوەرەوە
  • بۆ ماوەیەکی زۆر خەریکی خواردن دروست کردن مەبە
  • چاودێری منداڵەکانی ترت بسپێرە بە هاوسەرەکەت
  • بۆ ماوەیەک زۆر هەڵمەستە و دانیشە دەتوانیت داوا لە کەسانی دەوروبەرت بکەیت هەندێک شتت بۆ بهێنن.

سەردانکردنەوەی پزیشک

دوای دەرکردنت لە نەخۆشخانە دەبێت زۆر ئاگاداری خۆت بیت و دوای پێنج ڕۆژ سەردانی پزشک بکەیتەوە، دواتر لە ڕۆژی ١٠ بۆ ١٥ـدا سەردانی پزیشک بکەیتەوە و هەروەها ڕۆژانی ٣٠ بۆ ٤٢ سەردانی پزیشک بکەیتەوە و ئاگاداری تەندروستیت بیت.

دوای بینینی هەر یەک لەم نیشانانە سەردانی پزیشک بکە:

  • تا، تەنانەت ئەگەر تایەکی کەمیش بێت.
  • کەمنەبوونەوەی خوێنبەربوون هەفتەیەک دوای منداڵبوون.
  • ئازاری زۆر و بەردەوامی سک و زێ کە زیاتر دەکات .
  • ئازار یاخود هەستیاری لە مەمکێکدا.
  • ئازاری قەفەزەی سنگ و کۆکەی خوێناوی.
  • تەنگەنەفەسی.
  • ئازار یان سووتانەوە کاتی میز کردن.
  • دەردراوی بۆن ناخۆش لە زێدا.
  • ئازاری زۆر و بەردەوامی قاچەکان.
  • هەستیاری بە دەست لێدانی قاچەکان.
  • هەست کردن بە گەرما لە هەر ناوچەیەکی قاچدا.
  • سەرئێشەی زۆر و بەردەوام.
  • ڕشانەوەی زۆر یاخود بەردەوام.
  • کێشەکانی بینین، وەک کردنی شتێک بە دوان، یاخود جوان نەبینین.
  • سەرگێژخوواردن و بەرچاو ڕەشبوون.
  • بەرزی لێدانی دڵ.
  • هەناسەی خێرا یان کورت
  • نەمانی ڕەنگی پێست و هەستکردن بە بێتاقەتی.
  • هەستی خەمباری و نائومێدی.


سەرچاوەکان



4043 بینین