چەند ڕێگەیەک بۆ چڕکردنەوەی قژ

له‌لایه‌ن: - سایە مستەفا - به‌روار: 2021-07-29-02:43:00 - کۆدی بابەت: 6082
چەند ڕێگەیەک بۆ چڕکردنەوەی قژ

ناوه‌ڕۆك

قژی چڕ

قژ ڕۆڵێکی کاریگەری ھەیە لەسەر شێوەی کەسەکان، ئەو ڕێگەیەی وادەکات قژ چڕ و درێژ و بریقەدار و بەھێز بێت زۆربەی خانمان ئارەزوو دەکەن دەستیان پێی بگات، بەڵام لەوانەیە قژ تووشی چەندین کێشە ببێتەوە وەک وەرینی قژ و کەمی گەشەی قژ و کەچەڵی و تەنکی قژ.

چۆنییەتی زیادکردنی چڕی قژ

١- بەکارھێنانی ئەو بەرھەمانەی ماددەی کیمیای تێدا نییە: ھەندێک ماددەی کیمیای لە بەرھەمەکانی قژدا ھەیە، کە ڕێگری دەکات لە گەشەکردنی قژ، وەک گۆگردیدی سۆدیۆمی لاورڵ (sodium lauryl sulfate) و و سلیکۆن، بۆیە پێویستە خۆمانی لێ بەدوور بگرین و تا دەتوانین بە شێوەیەکی کەم بەکاریان بھێنین، و ئەو بەرھەمانە بەکاربھێنین کە پێکھاتەی سروشتی تێدایە.

٢- مەساجی پێستی سەر: مەساج کردن بۆ پێستی سەر بە یەکێک لەو کارانە دادەنرێت کە سوڕی خوێنی سەر چالاک دەکات، ئەمەش گەشە و چڕی قژ زیاتر دەکات، و دەکرێت مەساج بۆ سەر بکرێت بە بەکارھێنانی زەیتی گوێزی ھیندی و گەرم بکرێت، پاشان مەساج بۆ سەر بکرێت بە شێوەی بازنەیی بە سەری پەنجەکان بۆ ماوەی دوو خولەک، و مەساجەکە بۆ سەر دووبارە بکرێتەوە و زەیتەکە بۆ ماوەی یەک شەو بە سەرەوە بھێڵدرێتەوە.

٣- شۆردنی قژ بە ڕێگەیەکی دروست: ڕێگەی ڕاست شۆردنی قژە ڕۆژی نا ڕۆژێک، و شۆردنی بە ئاوی سارد، چونکە شۆردنی ڕۆژانە بە شامپۆ ڕێگری دەکات لەوەی پێستی سەر ئەو چەورییە سروشتییە بەرھەم بھێنێت کە قژ بەھێز دەکات، شۆردنی بە ئاوی گەرم دەبێتە ھۆی وشکی و زبر بوونی قژ.

٤- وشککردنەوەی قژ بە ڕێگەیەکی دروست: باشترین ڕێگە بۆ وشککردنەوەی قژ ئەوەیە وازی لێبھێنرێت تا بەشێوەیەکی سروشتی وشکبێتەوە، و بە خاولی بە ھێواشی تەڕییەکەی نەھێڵدرێت وازی لێبھێنرێت تا وشک دەبێتەوە، گەر ویستت بە خێرای وشک ببێتەوە بۆ ماوەیەک بچۆرە بەر خۆرەوە، بێ ئەوەی وشککەرەوەی قژ بەکاربھێنیت.

٥- شێدارکردنەوەی قژ: کرێمی قژ یان سیرۆم (serum) یان زەیت ئەو ڕێگایانەن کە یارمەتی پاراستنی قژ دەدات لە وشکی و لۆچ بوون، شێدارکردنەوەی قژ بە شێوەیەکی ڕێک تەندروستی قژ دەپارێزێت، و دەیپارێزێت لە شکانەوە، ھەروەھا بەکارھێنانی دوایی شۆردنی قژ.

٦- داھێنانی قژ بە شێوەیەکی دروست: داھێنانی قژ بە شێوەیەکی دروست، لەڕێی بەکارھێنانی شانەیەک کە دانەکانی نێوانیان فراوان بێت، و بە شێوەیەکی سووک دابھێنرێت تا ئاڵۆزیی و لکاوی قژەکە نەھێڵدرێت، پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لە بەکارھێنانی شانەی پلاستیکی یان ئەو شانە ئاسنانەی دانەی زۆری پێوەیە.

دەبێت لە ڕۆژێکدا دووجار قژ دابھێنرێت بە بەیانیان و ئێواراندا، و دوورکەوتنەوە لە داھێنانی قژ بە تەڕی.

٧- کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ئامێرەکانی چاککردنی قژ: بەکارھێنانی وشککەرەوەی قژ و ئوتوی قژ (Straightener) و ڤێر (Curling Irons) بە بەردەوامی، دەبنە ھۆی وشکی و لاوازی و خراپبوونی قژ، و ئەگەری شکانەوەی قژ زیاتر دەکات، بۆیە پێویستە خۆمانی لێ بەدوور بگرین، یان بە شێوەیەکی کەم بەکاریان بھێنین.

٨- بڕینی خوارەوەی قژ: بڕینی خوارەوەی قژ بە ڕێکی ھەموو سێ مانگ جارێک بە کارێکی گرنگ دادەنرێت، بۆ ڕزگاربوون لەو بەشەی خراپ بووە و ڕێگری لە گەشەی قژ دەکات، ھەروەھا دەکرێت قژ بە شێوەیەکی گونجاو ببڕدرێت تا بە شێوەیەکی چڕ دەربکەوێت.

٩- دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێ: دڵەڕاوکێ بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر کەسەکان ھەیە، ھەروەھا کاریگەری لەسەر تەندروستی قژ ھەیە، دەکرێت لەڕێی ڕاھێنانی وەرزشی و نزیکبوونەوە لە کەسانی ئەرێنی دڵەڕاوکێ و ماندووی کەمبکەیتەوە. 

١٠- ژەمی ھاوسەنگ: سیستمی خۆراکی ھاوسەنگ کە پرۆتینات و ڤیتامیناتی وەک ڤیتامین A و Eg و Cg، لەگەڵ ترشی چەوری ئۆمێگا سێ، و ئاسن و کالسیۆم و بیوتین و مەگنسیۆم، کە خۆراکی پێویست بۆ قژ دابین دەکەن، ڤیتامین B ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە تەندروستی قژدا، بۆیە دابینکردنی پێویستە بۆ پاراستنی چڕی قژ، ھەروەھا کەمی ئاسن لە سیستمی خۆراکیدا دەبێتە ھۆی لاوازی گەشەی قژ.

١١- دوورکەوتنەوە لە داھێنانی قژ بە تەڕی: چونکە تاڵەکانی قژ لەو کاتەدا بێھێزن، کە دەبێتە ھۆی زیاتر وەرینی قژ، بەراورد بە وەرینی قژ لەو کاتانەی قژ وشک کراوەتەوە.

ئەو چارەسەرانەی چڕی قژ زیاد دەکەن 

دەتوانرێت چەندین چارەسەر ھەڵبژێردرێت بۆ زیادکردنی چڕی قژ وەک:

١- ھەڵبژاردنی بەرھەمی گەشەی قژ کە لەبازاڕەکاندا ھەیە، بەبێ ڕەچەتەی پزیشکی بۆ پیاوان و ئافرەتان.

٢- چڕکەرەوەی خێرای قژ (Instant Hair Thickeners) بە شێوەی کرێم و سپرای ڕەنگدار ھەیە، بەکاردەھێندرێت بۆ ڕەنگکردنی پێستی سەر، تا قژ بە شێوەیەکی چڕتر دەربکەوێت.

٣- چاندنی قژ نەشتەرگەرییەکی قژە بۆ شوێنە کەچەڵەکانی سەر ئەنجام دەدرێت، یان ئەو شوێنانەی سەر کە قژەکەیان تەنکە، دەکرێت ئەم نەشتەرگەرییە بۆ پیاوان و ئافرەتانیش ئەنجام بدرێت.

٤- تاڵە قژکان کە بە ڕەگی قژەکەوە بەستراون، لەگەڵ ڕەنگ و سروشتی قژەکەدا تێکەڵ دەبێت.

چەند گیراوەیەکی سروشتی بۆ زیادکردنی چڕی قژ

گیراوەی تۆوی شمڵی

تۆوی شمڵی ڕێگری دەکات لە وەرینی قژ و گەشەی باشتر دەکات، و ڕێگری دەکات لە وشکی پێستی سەر، ھەروەھا بەکاردەھێندرێت بۆ چڕکردنەوەی قژ.

پێکھاتەکان 

١- دوو تا سێ کەوچک لە تۆوی شمڵی.
٢- دوو کەوچک لە شیری گوێزی ھیندی (ئارەزوومەندانەیە).

ڕێگەی ئامادەکردن

١- تۆوەکان دەخرێنە نێو ئاوەوە، بۆ ماوەی (٨ - ٩) کاتژمێر.
٢- تۆوە تەڕەکان دەھاڕین تا ھەویرێکی نەرممان دەستدەکەوێت.
٣- زیادکردنی شیری گوێزی ھیندی بۆ ھەویری شمڵیەکە (ئارەزوومەندانەیە).
٤- ھەویرەکە دەدرێت لە سەر بۆ ماوەی ٣٠ خولەک.
٥- شۆردنی قژ بە ئاوێکی شلەتێن.
٦- ھەفتانە ئەم گیراوەیە بە ڕێکی دووبارە دەکرێتەوە.

گیراوەی زەیتی گەرچەک و زەیتی گوێزی ھیندی

دەتوانیت زۆر بە ئاسانی و سروشتی قژێکی چڕت دەستبەکەوێت، لەڕێی مەساج کردن بۆ سەر بە شێوەیەکی ڕێک، بە بەکارھێنانی زەیتی گەرچەکی گوشراوی سارد، کە دەیپارێزێت لە وەرین بەھۆی ئەو لینجیە زۆرەی زەیتەکە ھەیەتی، ھەروەھا گەشەی قژ زیاتر دەکات، چونکە ڤیتامین E و ترشی چەوری تێدایە، ئەمەش شێوازی ئامادەکردنیەتی:

پێکھاتەکان 

١- ڕێژەیەکی گونجاو لە زەیتی گەرچەک.
٢- ڕێژەیەک لە زەیتی گوێزی ھیندی کە بەقەد زەیتی گەرچەکەکە.

ڕێگەی ئامادەکردن

١- تێکەڵ کردنی زەیتی گەرچەک و زەیتی گوێزی ھیندیەکە.
٢- گیراوەکە گەرم دەکرێت و دەدرێت لە سەر.
٣- مەساجکردن بۆ سەر بە شێوەی بازنەیی.
٤- داھێنانی قژ تا زەیتەکە بە سەردا بڵاوبێتەوە و ئاڵۆزی قژ نەمێنێت.
٥- داپۆشینی سەر بە خاولییەکی تەڕ بە ئاوی شلەتێن، و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر وازی لێدەھێنرێت و پاشان بە شامپۆ دەشۆردرێت.
٦- ئەم گیراوەیە لە ھەفتەیەکدا یەکجار بەکاردەھێندرێت.

تێبینی/ گوێزی ھیندی بەکاردەھێندرێت بۆ کەمکردنەوەی چڕی زەیتی گەرچەک.

هێلکە

بەکارھێنانی ھێلکە کە بە سوودەکانی ناسراوە، و ڕێژەیەکی زۆر پڕۆتین لە پێکھاتەکەیدا ھەیە، گیراوەکە لەڕێی تێکەڵکردنی دوو ھێلکە، پاشان تێکەڵکردنی لەگەڵ چوار کەوچک لە زەیتی زەیتون، و چوار کەوچک لە زەیتی گوێزی ھیندی و دوو کەوچکی گەورە لە ھەنگوینی خاوێن، گیراوەکە دەدرێت لە قژ بۆ ماوەی ١٥ خولەک و پاشان جوان بە ئاو دەشۆردرێت، گەر ویستت قژت بریقەدانەوەی ھەبێت ئەوە سرکەی سێو زیاد بکە بۆ گیراوەکە، پاشان قژت بە شامپۆ بشۆ.

سیر

ھەندێک سیر بھێنە و جوان بیھاڕە، و زەیتی زەیتون و لیمۆی بۆ زیاد بکە، پاشان پێکھاتەکان پێکەوە تێکەڵ بکە و گیراوەکە بدە لە قژت و مەساج بۆ سەرت بکە، و سەرت بە دابپۆشە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر، پاشان بە ئاو و شامپۆ بیشۆ، بەو مەرجەی ھیچ سابونێکی تێدا نەبێت، دڵنیابەرەوە لە بەکارھێنانی ئەم گیراوەیە یەک بۆ دووجار لە ھەفتەیەکدا، بە شێوەیەکی بەرچاو سەرنجی ئەنجامەکەی دەدەیت بە چڕبوونەوەی قژت.

ھۆکارەکانی تەنکبوونی قژ 

چەندین ھۆکار ھەیە بۆ تەنکبوونی قژ لەوانە:

١- دڵەڕاوکێ.
٢- تێکچوونی ھۆرمۆنەکان.
٣- بەدخۆراکی .
٤- پیسبوونی کەش و ھەوا.
٥- بۆماوەیی.


سەرچاوەکان



2705 بینین