نوێکردنەوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-30-01:35:00 - کۆدی بابەت: 6098
نوێکردنەوە

ناوه‌ڕۆك

دەستەواژەی نوێکردنەوە

نوێکردنەوە (بە ئینگلیزی: Update یاخود Patch) بریتییە لە کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی نەرمەواڵەیی کە بۆ چاککردن یان باشترکردن بەکاردێت، ئەم نوێکردنەوانە پێکدێن لە چاککردنەوەی کێشەی ئاسایش (security)ـی نەمەواڵەکە و هەروەها چەندین کێشەی تر.

نوێکردنەوەکان دەکرێت لەلایەن نەرمەواڵەکان خۆیانەوە داببەزێنرێن یان کەسێکی پڕۆگرامەر خۆی بیانکات ڕێگەی نەرمەواڵەی دەستکاریکەر (editing tool) یان نەرمەواڵەیەک کە پێیدەوترێت (debugger)، دەکرێت نوێکردنەوەکان هەمیشەییبن یاخود کاتی بن، هەرچەندە نوێکردنەوەکان بە مەبەستی چاککردن یان زیادکردنی تایبەتمەندی نوێن بۆ نەرمەواڵەکان بەڵام هەندێکجار دەبنە هۆی سەرهەڵدان و دروستکردنی کێشەی نوێ.

شێوازەکانی نوێکردنەوە

نوێکردنەوەی باینەری

نوێکردنەوەی نەرمەواڵە داخراوەکان یاخود ئەو نەرمەواڵەنەی کە بە پارەن زیاتر بە شێوەی فایلی جێبەجێکراون (executable file)، نەک لەجۆری کۆدی سەرچاوە (source code)، لەکاتی کردنەوەی فایلەکەدا نەرمەواڵەکە هەڵدەستێت بە دابەزاندنی فایلە نوێیەکان بۆ ناو فایلەکانی نەرمەواڵەکە کە لە هاردی کۆمپیوتەرەکەدا هەیە.

نوێکردنەوەی جۆرەکانی تری نەرمەواڵە زیاتر لە شێوەی فایلی داتادان کە بڵاودەکرێنەوە بۆ بەکارهێنەران و لەڕێگەی نەرمەواڵەیەک کە پێیدەوترێت (utility program)ـەوە دادەبەزێنرێت، ئەم نەرمەواڵەیە هەڵدەستێت بە دەستکاریکردنی کۆدی ئامێری نەرمەواڵەکە و زیادکردنی کۆدە نوێیەکان بۆی.

نوێکردنەوەی کۆدی سەرچاوە

نوێکردنەوەکان دەکرێت لە شێوەی دەستکاریکردنی کۆدی سەرچاوەی نەرمەواڵەکەدا بێت، ئەم جۆرە نوێکردنەوانە زیاتر پێکدێن لە جیاوازی نوسین لە نێوان فایلەکانی سەرچاوەکەدا کە پێیاندەوترێت (diff)، هەروەها ئەم نوێکردنەوەیە زیاتر بۆ ئەو نەرمەواڵانە بەکاردێت کە سەرچاوەکانیان کراوەیە (open-source software)، لەم حاڵەتانەدا بەکارهێنەران خۆیان دەبێت کۆدەکە کۆبکەنەوە (Compile) و بەکاریبهێنن.

نوێکردنەوە گەورەکان

چونکە نوێکردنەوە بۆ چاککردنەوەی هەڵە و کێشە بچووکەکان بەکاردێت، بۆیە فایلە قەبارە گەورەکان دەستەواژەیەکی تریان بۆ بەکاردێت کە پێیدەوترێت بەستەی خزمەتگوزاری (service pack)، کە ئەم دەستەواژەیە لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە بەکارهێنرا بۆ سیستمە کارپێکەرەکانی ویندۆوس 2000، ویندۆوس ئێکس پی، ویندۆوس ڤیستا و ویندۆوس 7.

جۆرەکانی نوێکردنەوە

چاککردنەوەی خێرا – Hotfix

چاککردنەوەی خێرا بریتییە لە بەستەیەکی کۆکراوەی داتا کە پێکدێت لە زانیاری تەواو دەربارەی کێشەکە و چارەسەرەکەی، زۆرجار نوێکردنەوەی خێرا بڵاودەکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی تایبەتی بەکارهێنەران، کۆمپانیای بلیزارد ئینتەرتەینمێنت پێناسەی چاککردنەوەی خێرا دەکات و دەڵێت: "بریتییە لە گۆڕانکارییەک لە نەرمەواڵەدا بۆ چاککردنەوەی کێشەیەک کە نابێت دوابخرێت".

بڵاوکردنەوەی خاڵی - Point release

بڵاوکردنەوەی خاڵی بریتییە لە نوێکردنەوەیەکی بچووکی نەرمەواڵەیەک، کە مەبەست لێی چاککردنەوەی چەند کێشەیەکی بچووکە نەک ئانجامدانی گۆڕانکاری گەورە، زۆرجار نەرمەواڵەیە چەند کێشەیەکی زۆری تێدایە بۆیە بڵاوکردنەوەی خاڵی بەکاردەهێنن بۆ چارەسەرکردنی.

مەبەست لە بڵاوکردنەوەی خاڵی ئەو خاڵ و پۆینتانەیە کە لەدوای ژمارەی وەشانی نەرمەواڵەیەک بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە:  1.5.2.

نوێکردنەوەی یاخود پینەی پاراستن - Security patch

نوێکردنەوەی پاراستن بریتییە لەو نوێکردنەوانەی کە بۆ زیادکردنی پاراستنی سیستم یان نەرمەواڵەکان بڵاودەکرێتەوە، هەروەها هەڵدەستێت بە ڕێگریکردنی نەهێشتنی ئەو ڕێگا و خاڵە لاوازانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ هێرشکردنە سەر سیستم یان نەرمەواڵەکە.

نوێکردنەوەی پاراستن یەکەمین ڕێگایە بۆ چاککردنەوەی هەر کێشەیەکی پاراستن کە لە نەرمەواڵەیەکدا هەبێت، لە ئێستادا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت هەموو مانگێک جارێک هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە نوێکردنەوانە، لە ساڵی 2017 زۆربەی کۆمپانیاکان توشی نەرمەواڵەیەکی گوماناویبوون بەناوی (WannaCry) کە ئەم نەرمەواڵەیە هەڵدەستا بە قوفڵکردنی داتا و زانیارییەکانی ناو سیستمەکە و داواکردنی دراوی بیتکۆین بۆ کردنەوەی، پاش ئەم ڕووداوە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت هەستا بە بڵاوکردنەوەی نوێکردنەوەیەک کە ڕێگری دەکرد لە کارکردنی ئەم نەرمەواڵەیە.

بەستەی خزمەتگوزاری - Service pack

بەستەی خزمەتگوزاری یاخود بەستەی تایبەتمەندی بریتییە لە کۆمەڵەیەک لە نوێکردنەوە و چاککردنەوە و هەروەها زیادکراوە بۆ نەرمەواڵەیەک کە لە یەک پاکێجدا کۆدەکرێنەوە، دابەزاندنی بەستەی خزمەتگوزاری زۆر لەوە ئاسانترە کە بەکارهێنەر دانە دانە نوێکردنەوەکان داببەزێنیت، هەروەها بەستەی خزمەتگوزاری بۆ سیستمی کارپێکەر و نەرمەواڵەی داتابەیس بەڕێوەبردنی نێتۆرکەکان دروستدەکرێت.

نوێکردنەوە نافەرمییەکان - Unofficial patches

نوێکردنەوەی نافەرمی بریتییە لەو نوێکردنەوانەی کە لەلایەن کەسی سێهەمەوە دروستدەکرێت نەک کۆمپانیا یان خاوەن نەرمەواڵەکە، بەهەمانشێوەی نوێکردنەوەکانی تر ئەم نوێکردنەوەیەش هەڵدەستێت بە چاککردنەوەی کێشە و کەموکوڕییەکان کە دەکرێت لە نەرمەواڵەیەکدا هەبن، ئەم شێوە نوێکردنەوانانە کاتێک دەردەچن کە خاوەن نەرمەواڵەکە کاتێکی زۆری پێدەچێت تا نوێکردنەوە بۆ نەرمەواڵەکەیان بنێرن یاخود بەتەواوەتی پشتگوێخراون.


سەرچاوەکان



1282 بینین