کاریگەری یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر گەشەی هزر و ڕەفتاری منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیدریس نوری - به‌روار: 2021-08-01-17:55:00 - کۆدی بابەت: 6128
کاریگەری یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر گەشەی هزر و ڕەفتاری منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێژووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان مێژوویەکی کۆنی نییە، بەڵکو مێژوویەکی نوێی هەیە، وە بێگومان بە هاتنی ئەم جۆرە یارییانە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ڕەفتار و گوفتاری منداڵ بەجۆرێکی بەرچاو درووست کردووە، هەندێجار ئەکرێت بڵێین: ئەم یاریانە بۆمەبەستی فێربوونی زمان و فێربوونی ژمارە و جیاوازییەکان بەکاردێت.

ئەوەی زۆر گرنگ بێت لێرەدا بەهۆی خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی بەکاربەرە ئەلیکترۆنییەکان، بەجۆرێک ئالودەی کردوون، لە زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیانی منداڵ و گەنجان و هەندێ جار گەورەکان کاریگەری نەرێنیان بەشێوەیەکی بەرچاو درووستکردووە.
ڕێکخراوی (WHO) لەساڵی ٢٠١٥ زیانەکانی ئەم یارییەی بەڕەسمی ناساند.

جۆن دیوی دەڵێت: ئامانج لەپەروەردە کەڵەکە و پێدانی زۆری کەرەستە و زانیاری نییە، بەڵکو ئامانج لە پەروەردەی درووست لە گرنگیدان و شکۆفەداندا دەردەکەوێت. 

هۆکارەکانی ئالودەبوون بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان؟ 

  1. نەبوونی هۆشیاری درووستی دایک و باوک.
  2. خراپی باری ئابووری و نەبوونی هەلی کار .
  3. لاوازی پەیوەندی دایک وباوک بوونی کێشە و کێشمەکێشی دایک و باوک.
  4. لاوازی و بۆشایی سۆزداری نێوان خودی منداڵ و دایک و باوک.
  5. ئاسانی و سادەیی و زۆری ئەو ئامێرانەی کەئەم جۆرە یارییانەی پێ ئەنجام دەدرێت، وەک: (مۆبایل ـ تابلێت ـ ئایپاد ـ لاپتۆپ ـ کۆمپیوتەر).
  6. بوونی چاولێکەری لەنێوان خودی دایک و باوک و منداڵ، بە منداڵانی هاوتەمەن و هاوڕێ و هاوسێ و خزم کەس و کاری.
  7. نەمان و سوک تەماشاکردنی یارییە کلاسیکەکانی وەک هەڵماقۆ و پەت پەتێن و تۆپ قاڕێن و چاو شارکێ..هتد.
  8. پێشەنگ بوونی دایک و باوک لە بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن خودی دایک و باوکانەوە، بووەتە هۆکاری لاسای کردنەوەی منداڵان.
  9. بەهۆی زۆر جووڵەی منداڵ، دایک و باوک وەک چەکێک بۆ کپکردنەوە و لە جووڵەخستنی منداڵ، ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ناچاربکەن ئامێر و یارییە ئەلیکترۆنی یەکان بەکاربهنێنن.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان

  1. گۆشەگیری و لاوازی یان نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی 
  2. تووڕەیی بەهۆی ئەوەی زۆرینەی یارییە ئەلیکترۆنی یەکان توندوتیژی تێدایە بۆیە ئەم حاڵەتە دەگوازرێتەوە بۆ بەکارهێنەر لەڕێگەی پرۆسەی کارلێک و کارتێکردنی لەڕووەکانی (کوشتن ـ ئازارـ دەنگی بەرزوناسروشتی ـ جوێن ـ وێرانی ...).
  3. تێکەڵ بوونی دوونیایی واقع بە دوونیای فەنتازی وخەیاڵ
  4. پەک خستن وتەمبەڵ کردنی پروسەی خوێندن ،چونکە منداڵ هێندە چێژ لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبینێت نیو هێندە حەزی بۆدەرس و کۆشش کردن نابێت .
  5. نەخەوتن ،کاریگەری لەسەر هۆڕمۆنی دۆپامین دەبێت کە دۆپامین لە سێ بەشی یەکەمی شەو دەڕژێت ،کاریگەر دەبێت بۆگەشەی مێشک و جەستە.
  6. قەڵەوی ،بەهۆی نەمان ولاوازی جوڵە و مانەوە لەماڵدا منداڵ گرفتی کێش زیادی بۆدرووست دەبێت .
  7. تێکچوونی سیستەمی خواردن بەهۆی درەنگ خەوتنەوە منداڵ درەنگ دەخەوێت ،بۆیەک وەک قەرەبویەک بۆماوەی ئەو خەوە ،درەنگ بێدار دەبێت ،بەوهۆیە ژەمی خواردنی بەیانی کەژمێکی سەرەکی یە لەدەست دەچێت .
  8. زیانی جەستەی (لاوازی چاو ـ ئازاری مل و خێرایی لێدانەکانی دڵ ).
  9. خەمۆکی ،بەهۆی زۆر مانەوە و زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە خەم و پەژارەیی و دڵەڕاوکێ و بێ تاقەتی و دڵ تەنگی ڕوودەکاتە منداڵ یان گەنجی بەکاربەر.
  10. نەمانی تەرکیز ،بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئەم یارییانە منداڵ ئاگایی لەچواردەوری خۆی نامێنێت .
  11. گەشەی مێشک لاوازدەکات ،لەبەرئەوەی گەشەی منداڵ بەخێرایی تێ دەپەڕێت ،بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت ،بەهیچ جۆرێک منداڵانی خوارتەمەنی ۲ساڵ نابێت بەهیچ جۆرێک سەیری هیچ جۆرە شاشەیەک بکەن .
  12. گەشەی زمان دوا دەخات ،توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کەبەشێک لە دواکەوتنی زمان و قسەکردن هۆکارێکی سەرەکی یارییە ئەلیکترۆنی یەکانە .
  13. باوەڕ بەخۆبوونی منداڵ لاواز دەکات و توانای پشت بەخۆبەستن کەم دەکاتەوە ،منداڵێکی شەرمن ولاواز دەرووست دەکات .
  14. گێچەڵی سێکسی ،بەهۆی ئەوەی لەکاتی یارییە ئەلیکترۆنی یەکان ڕیکلامی سێکسی دێتە سەر شاشەکە ،منداڵ ناهوشیارانە کلیک لەسەر ئەو ڕیکلامە دەکات و بەو جۆرە دووچاری لادانی سێکسی دەبێت .
  15. لەئایندە دا کەسی ئالودە بەیارییە ئەلیکترۆنی یەکان ناتوانێت هیچ کارێک بکات وسەرکەوتونابێت ، چونکە ئارامی وخۆڕاگری لەسەر هیچ کارێک بۆدرووست نابێت ،کارەکە زوو جێ دەهێڵێت . 

چارەسەر چییە؟

  1. سنوردارکردن و کۆنترۆڵکردنی ئای پی ماڵ یان مۆبایل.
  2. چاودێری کردن و تابزانرێت منداڵ بەچ یارییەکەوە سەرقاڵە.
  3. نەدانی هەل و چێژی ئەو یارییانە، سەرقاڵکردنیان بەشتی بەسودی دیکە.
  4. پرسیاری لێ بکە لەناوەڕۆکی یارییەکە.
  5. هەوڵ بدرێت یاری دەستی پێچەوانەی شاشەکان بکڕدرێت بۆیان.
  6. هاندان و پاداشت لەبەرامبەر کردنی یاری تر، تا یارییە ئەلیکترۆنییەکان دوور بکەوێتەوە.
  7. بەشداری پێ کردن بە کاری تر کە گونجاوبێت لەگەڵ تەمەنی و گەشتکردن و بردنیان بۆ شاری یاری و پارک و جێگا وەرزشییەکان.
  8. بۆمنداڵ ڕوون بکرێتەوە کە ئینتەرنێت تەنها بۆ یاری کردن نییە، بەڵکو بۆگواستنەوەی زانیاری و ئاسانکردنی پەیوەندییەکانە.
  9. فێربکرێت یاری دەبێت لەگەڵ منداڵ بگونجێت نەک مۆدە.
  10. منداڵ نابێت حەزی لەهەرچی بوو ئێمەی دایک و باوک بۆیان جێبەجێ بکەین، بەڵکو فەلسەفەی ژیانی خێزان لە پەروەردەیە نەک تەنها بەخێوکردن.
  11. پتەوکردنی و بەهێزی خۆشەویستی دایک و باوک.
  12. ببە بە هاوڕێی منداڵەکەت، گرنگی و هاوبەشیان پێ بکەن، تا بۆشایی سۆزداریان بۆ درووست نەبێت لەو ڕێگایەوە وەک جیگرەوەیەک یارییە ئەلیکترۆنییەکان هەڵبژێرێت.
  13. هانبدرێن لەگەڵ منداڵانی تر تێکەڵ بکرێن، تا بۆشایی حەز بۆ ئەو جۆرە یاریانە درووست نەبێت.


سەرچاوەکان



6353 بینین