بەشی یاسا

بەشی یاسا

له‌لایه‌ن: ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-01-18:31:00 - کۆدی بابەت: 6130
بەشی یاسا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

لەم پسپۆڕیەدا یاسا (بە ئینگلیزی: Law) و ڕێسا گشتییەکانی وڵات بە وردی دەخوێنرێت، مەبەست لەم بەشە ڕێکخستنی ژیانی تاکەکانە، پارێزگاری کردنە لە مافەکانیان، و داکۆکی کردنە لە بێتاوان و سەلماندنی بێتاوانییانە، هەروەها کەسانی ستەمکار و زۆردار بە پێی یاسا بە سزا بگەیەنرێت. 

پێویستی تاکەکانی کۆمەڵگە بە شوێنکەوتن و پەیڕەوی کردنی  یاسا کە دەبێتە هۆی ڕێکخستنی ژیانیان، پەیوەستە بەم پسپۆڕییەوە، هەروەها بەرەو پێشبردنی وڵات و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە نێو کۆمەڵگەدا پەیووندیدارە بە پسپۆڕی و خوێندی یاساوە و پەیڕەوی کردنی یاسا. 

قۆناغ و بەشە پسپۆرییەکانی بەشی یاسا

خوێندکاری هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی دەتوانێت ئەم بەشە بخوێنێت، کۆنمرەی بەشی وێژەیی بەرزترە لە کۆنمرەی بەشی زانستی، ئەم پسپۆڕییە ئاستی بەرز و تایبەتە و بەشێکی دڵخوازە لەلای قوتابیانی بەشی وێژەیی.

خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی پێنج ساڵە، زمانی خوێندن لە هەندێك زانکۆ بە زمانی عەرەبییە و لەهەندێکی تر بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییە.

لە سەرەتای خوێندن وانەکان وەڕەسکەر و ماندووکەرن و خوێندکار لە لای قورسە، بەڵام دواتر کە لێی ڕاهات، ئەگەر بەتوانا و لێهاتوو بێت دەتوانێت چێژی لێببینێت، بەتایبەتی لە دوای قۆناغی دووەم، چونکە لە قۆناغی سێیەمەوە ئیتر خوێندکار بە کردارەکی لە دادگاکان ڕاهێنانی پێدەکرێت و دەتوانێت سەردانی دادگاکان بکات لە دۆسیە و بابەتە یاساییەکان بکۆڵێتەوە.

خوێندکار لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنێت، لە دوای وەرگرتنی بڕوانامە دەرچووی یاسا بۆی هەیە وەکوو پارێزەر دەست بەکار بێت پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە لایەن سەندیکای پارێزەرانەوە، پاشان دەتوانێت ئەگەر ویستی لێبێت پلەی خوێندنی باڵا (ماجستێر و بەکالۆریۆس) بەدەست بهێنێت و بەردەوامی بە خوێندنەکەی بدات. 

مەرج و تایبەتمەندیی بوون بە پارێزەر

- بوونی کەسایەتیەکی بەهێز و بەتوانا.
- لێهاتوویی لە مامەڵە کردن لەگەڵ کەسانی تردا.
- بەتوانا بێت لە هونەرەکانی گفتوگۆکردن زمان پاراوی و هەبوونی توانای قايل كردنی بەرامبەر.
- وردکار و گرنگیدان و سەرنجدانی بچوکترین وردەکاری، چونکە سادەترین وردەکاری دەکرێت ببێتە بەڵگەی گرنگ و ڕزگارکەر.
- پەیوەستبوون بە کاتەوە و بوونی هەستی بەرپرسیارێتی.
- لێهاتوویی لە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، چونکە خوێندنی ئەم بەشە لە هەندێك لە زانکۆکان بە زمانی عەرەبییە و لە هەندێکی تر بە زمانی ئینگلیزییە.
- بوونی یادگەیەکی بەهێز و توانای مامەڵەکردنی خێرا لە کاتی ڕوبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەکی لە ناکاو.
- توانای شیکارکردنی کێشەکان و بە دەستخستنی چارەسەری گونجاو بە ڕێگا و شێوازی دروست.
- بوونی حەزی یارمەتیدان و کۆمەكکردنی کەسانی بێدەسەڵات و ژێردەستە و ستەملێکراو.
- ڕاگرتن و پارێزگاری نهێنی و بەڵگەی دۆسیەکان.
- خوێندنی ئەم بەشە ئاسان نییە، بەڵکو قورس و وردە، پێویستی بە پشوودرێژی هەیە. 

بوارەکانی کارکردن 

بوارەکانی کارکردن فراوان و هەمەچەشنە دەتوانرێت لە کەرتی حکومی و تایبەت کاربکرێت، بەپێی ئەزموون و لێهاتوویی تا ڕادەیەکی باش داهاتێکی بەرزی هەیە.

- دەرچووانی کۆلێژی یاسا دەتوانن وەکوو پارێزەر دەست بەکار بن و ئۆفیسی تایبەت بە خۆیان دانێن.
- دەتوانن وەکوو پسپۆڕی یاسا یان مافپەروەر لە هەر دامودەزگایەك یان وەزارەتەکانی حکومەت کاربکەن وەکوو وەزارەتی داد و وەزارەتی ناوخۆ.
- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت لە ڕاگەیاندنی سیاسی و بەرنامە سیاسیەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گەشەپێدانی مرۆیی دەست بەکاربکات.
- دەتوانێت وەکوو توێژەری ئابووری و یاسایی کاربکات 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان

1436 بینین