ئەسپی تڕۆجانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-04-01:22:00 - کۆدی بابەت: 6164
ئەسپی تڕۆجانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی ئەسپی ترۆجانی

لە بواری کۆمپیوتەردا ئەسپی ترۆجانی یاخود ترۆجان (بە ئینگلیزی: Trojan horse) بریتییە لە نەرمەواڵەیەکی گوماناوی کە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت هەڵدەخەڵەتێنێت و مەبەستە ڕاستییەکەی لێیان دەشارێتەوە، دەستەواژەی ئەسپی ترۆجانی لە یۆنانییە کۆنەکانەوە هاتووە کاتێک ئەسپێکی دروستکراویان بەکارهێنا بۆ هەڵخەڵەتاندن و چوونە ناو شاری تەڕوادەوە پاشان ڕووخاندنی شارەکە.

ئەسپی ترۆجانی زیاتر لەڕێگەی سۆشیال میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە، بۆ نموونە ئەم جۆرە ڤایرۆسە کاتێک کاردەکات کە بەکارهێنەرێک فایلێکی لکێنراو بە ئیمەیڵێکەوە دەکاتەوە کە هیچ شتێکی گوماناوی بە فایلەکەوە دەرناکەوێت بەڵام لەڕاستیدا لە پشتەوەی کۆمپیوتەرەکەوە کاردەکات، یان هەندێکجار دەکەوێتە کار لەڕێگەی کردنەوەی ڕیکلامێکی ناڕاستی سۆشیال میدیاکان، هەرچەندە ئەسپی ترۆجانی دەکرێت هەموو جۆرە ڤایرۆسێکی تێدابێت بەڵام زیاتر وەک دەرگای پشتەوە (backdoor) کاردەکەن، کە ڕێگەدەدات بە هاککەر کە هەرکاتێک بیەوێت بڕواتە ناو کۆمپیوتەرە هاککراوەکە و زانیارییەکانی ناوی ببات وەک زانیارییە کەسییەکان و وشەی نهێنی و تەنانەت زانیارییە بانکییەکان، هەروەها هاککەرەکە دەتوانێت زانیاریی و داتاکانی ناو کۆمپیوتەرە هاککراوەکە بسڕێتەوە، ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیایەی کە ئەسپی ترۆجانی بەکاردەهێنن ناتوانرێت لەڕێگەی دژەڤایرۆسەکانەوە بسڕێنەوە وەک دژە ڤایرۆسی (Norton, McAfee, AVG)، تاکە ڕێگە بە وەستاندنی ئەسپی ترۆجانی بریتییە لە بەکارهێنانی دیواری ئاگرینی کۆمپیوتەر (firewall)، بە پێچەوانری جۆرەکانی تری نەرمەواڵەی گوماناوی، تڕۆجانەکان خۆیان نالکێنن بە فایلەکانی ترەوە یان هەوڵی خۆزیادکردن نادەن.

بەکارهێنانی زاراوەکە

یەکێک لە یەکەمین بەکارهێنانەکانی زاراوەکە لەساڵی 1974ـدا بوو کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکارهێنرا لە شیکارکردنی لایەنە لاوازەکانی سیستمی کۆمپیوتەرەکانی موڵتیکس.

دەستەواژەی ئەسپی ترۆجانی لەلایەن کێن تۆمبسۆنەوە بەناوبانگکرا کاتێک لە ساڵی 1983ـدا لە وانەیەکی بەناوی "ڕەنگدانەوەکانی باوەڕکردن بە ڕاستی" کە تێیدا وتی: "تا چەندێک دەبێت باوەڕمان هەبێت کە نەرمەواڵەیەک دوورە لە ئەسپی ترۆجانی؟ بۆیە گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت باوەڕمان بەو کەسە هەبێت کە نەرمەواڵەکەی دروستکردووە"، هەروەها دوای ئەمە ڕایگەیاند کە زانیاری هەیە لەبارەی ئەسپی ترۆجانییەوە بەبۆنەی خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکانی ئاسایشی سیستمی موڵتیکس.

شێوازی کارکردن

لەکاتی دامەزراندندا دەکرێت ترۆجانەکان چەندین کاری نائاسایی ئەنجامبدەن، هەندێکیان هەڵدەستن بە پەیوەندیکردن بە سێرڤەرەکانی فەرمانکردن و کۆنتڕۆڵکردن (C2) پاشان لەوێوە چاوەڕێی ڕێنمایی دەبن، چوونکە ترۆجانە تاکەکان ژمارەیەکی دیاریکراو لە پۆرت بەکاردەهێنن بۆ پەیوەندیکردن بۆیە تاڕادەیەک دۆزینەوەیان ئاسانە.

لەو وڵاتانەی کە بە زمانی ئەڵمانی قسەدەکەن بە نەرمەواڵەی سیخوڕیکردن (spyware) کە لەلایەن حکومەتەوە دروستدەکرێت دەڵێن گرۆڤوێر (govware)، گرۆڤوێر بریتییە لە نەرمەواڵەیەکی ترۆجانی کە هەڵدەستێت بە تێکدانی پەیوەندییەکانی کۆمپیوتەری ئامانجەکە، نموونە بۆ گرۆڤوێرەکان وەک نەرمەواڵەکانی (MiniPanzer) و (MegaPanzer) کە هی وڵاتی سویسرایە، هەروەها (state trojan) کە هی ئەڵمانیایە و نازناوی (R2D2) لێنراوە.

نموونە دیارەکانی ترۆجان

تایبەت یان حکوومی

  • ANOM – FBI
  • Magic Lantern - FBI
  • 0zapftis – DigiTask
  • DarkComet - CIA / NSA
  • FinFisher - Lench IT solutions / Gamma International
  • DaVinci / Galileo RCS – HackingTeam
  • TAO QUANTUM/FOXACID – NSA

بڵاوکراوە بۆ گشتی

  • EGABTR – کۆتاییەکانی ساڵەکانی 1980 بڵاوکراوەتەوە
  • Netbus – 1998 بڵاوکراوەتەوە
  • Back Orifice – 1998 بڵاوکراوەتەوە
  • Beast – 2002 بڵاوکراوەتەوە
  • Bifrost trojan – 2004 بڵاوکراوەتەوە
  • DarkComet – 2008 بۆ 2012 بڵاوکراوەتەوە
  • Blackhole exploit kit – 2012 بڵاوکراوەتەوە
  • Gh0st RAT – 2009 بڵاوکراوەتەوە
  • MegaPanzer BundesTrojaner – 2009 بڵاوکراوەتەوە


سەرچاوەکان



1433 بینین