ڕەفتاری ژیرانە لەگەڵ هاوسەری درۆزندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-04-21:20:00 - کۆدی بابەت: 6175
ڕەفتاری ژیرانە لەگەڵ هاوسەری درۆزندا

ناوه‌ڕۆك

درۆکردنی هاوسەران

بێگوومان قورسە بۆت کە بزانیت هاوسەرەکەت کەسێکە کە فێرە بە درۆکردن، زۆرێک لە خێزانەکان کێشەیان هەیە بە هۆی درۆکردنەوە و زۆر خێزان هەڵوەشاوەتەوە بە هۆی ئەمەوە، دەبێت بزانیت کە چ کاتێک هاوسەرەکەت درۆ دەکات و بۆچی دەیکات و لە بەرامبەردا و وەک تۆڵە کردنەوەیەک هەرگیز درۆی لەگەڵدا نەکەیتەوە.

چۆن بزانیت کە هاوسەرەکەت درۆت لەگەڵدا دەکات؟

سەرنجی زمانی جەستەی بدە

لێکۆڵەرەوان لەو باوەڕەدان کە خەڵکی لە کاتی درۆکردندا زمانێکی جیاوازیان هەیە و زمانی جەستەیان دەکەوێتە کار لەو کاتەدا، بۆ نموونە لەوانەیە هەندێک کەس کاتی درۆکردن لووتیان بخورێنن تاکوو لوتیان سوور دەبێتەوە، درۆکردن دەبێتە هۆی دەردانی هیستامین لە جەستەدا کە ئەمەش هۆکارێکە تاکوو لووت بخورێت، هەروەها لەوانەیە بۆ شاردنەوەی درۆکە چەند کارێکی دیکەش بکرێت وەک، گرتن و داپۆشینی دەم و لووت و هەروەها دوورکەوتنەوە لە سەیرکردنی چاوی کەسی بەرامبەر.

گوێ لە تۆنی دەنگی بگرە

کاتێک هاوسەرەکەت درۆ دەکات تۆنی دەنگی دەجوڵێت و قسەکردنی بە جۆرێکی دیکەیە، کاتێک داوا دەکەیت ڕوونکردنەوە بدات سەبارەت بە بابەتێک و لەناکاو تۆنی دەنگی دەگۆڕدرێت ئاوا بێگوومان درۆ دەکات.

سەرنج بدە سەر جۆری قسەکانی

قسەکردنی دەگۆڕدرێت و هەندێک بابەتی دیکە دەهێنێتە ناوەوە، بۆ نموونە لەوانەیە دەست بکات بە زۆر سوێند خواردن، یاخود کەسی سێیەم بهێنێتە ناو بابەتەکەوە بۆ داپۆشینی هەڵەکانی خۆی.

چۆنییەتی وەڵامدانەوەی درۆکانی هاوسەرەکەت

بزانە کە مرۆڤ لەبەر سێ هۆکار درۆ دەکەن

ئەو سێ هۆکارە بریتین لە، شاردنەوەی شتێکە لە کەسێکی دیکە، زیان گەیاندن بە کەسێکی دیکە، پیشاندانی خود بە شێوەیەکی باشتر، گرنگە کە تۆ بزانیت کە هاوسەرەکەت لەبەر کام لەم هۆکارانەیە کە درۆ دەکات.

هەستی ئارامی ببەخشە بە هاوسەرەکەت

کاتێک هۆکاری درۆکردنی هاوسەرەکەت دەدۆزیتەوە هەوڵبدە چارەسەری بکە، کاتێک دەزانیت لەبەر زۆر پرسیارکردنەکانی تۆ و دڵپیسی و سەرزەنشتەکانتە کە پەنا دەبات بۆ درۆکردن، هەوڵبدە هەستی ئارامی پێ ببەخشیت و لە خۆوە لەسەر هۆکاری بێ بنەما سەرزەنشتی نەکەیت و بە جۆرێک هەست بە ئارامی بکات لە لات کە هەموو شتێکت بۆ باس بکات بە ئاسودەییەوە.

چاوت دابخە لە ئاست هەندێک لە درۆکاندا

درۆکردن ڕەفتارێکی زۆر ناشرینە، بەڵام هەمیشە دەکرێت و درۆکردن زۆرە لە ناو کەسەکاندا، بۆیە گرنگە کە ڕێگا چارەیەکی بۆ بدۆزینەوە، کاتێک دەزانیت کە هاوسەرەکەت درۆی بچووک دەکات و کاریگەریەکی وای نابێت لەسەر ژیانت چاوپۆشی لێبکە، بەڵام هەندێک لە درۆکان وەک بابەتی پەیوەندی نێوان و هاوسەرەکان و کار و پیشەکانیان شایەنی لێخۆشبوون نییە 

تێبگە لە هۆکاری درۆکردنەکەی

ئەگەر کاتێک درۆکەی کردووە و پێت زانیووە خێرا هەڵمەچۆ و بیربکەرەوە لەوەی کە بۆچی ئەو درۆیەی کردووە و بزانە لەوە نەبووە کە ترس لە تۆ و لە هەندێک پرسیاری بێزارکەر، بەم پێیە دەتوانیت هەڵەکانی خۆشت بزانیت و کەمێک هەقیش بە ئەو بدەیت.

شەرم مەکە لە ئاست درۆکانی هاوسەرەکەت

کاتێک هاوسەرەکەت درۆ دەکات هەوڵبدە کێشەکە چارەسەر بکەن و دووبارە نەبێتەوە بەڵام شەرمەزار مەبە، ئەوەی کە دەبێت شەرم بکات ئەوە نەک تۆ، هەڵبەتە هەمیشە خوشەویستان و خێزانەکان هەوڵدەدەن کە هەڵەکانی یەکتری دابپۆشن، بەڵام ئەمە بۆ درۆکردن جیاوازە بە تایبەت درۆی گەورە و نابێت دایبپۆشیت و بەڵکوو دەبێت چارەسەر بکرێت.

بە ئازادی و ڕاستگۆییەوە ڕەفتاری لەگەڵدا بکە

کاتێک دەزانیت کە هاوسەرەکەت درۆی کردووە یان دەیەوێت درۆیەک بکات، لێی زویر مەبە و بە جێی مەهێڵە و هەندێک قسەی وەک من دەزانم تۆ درۆزنیت یاخود هەر دەمزانی درۆزنیت بەکارمەهێنە و بەڵکوو بڵێ چ شتێک بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ناتوانیت ڕاستییەکەم پێ بڵێیت، گوێی مەدەرێ و بیڵێ.

قسەبکەن دەربارەی هۆکاری درۆکان

ئیزن بدە بە هاوسەرەکەت کە بۆت ڕوونبکاتەوە کە بۆچی درۆی کردووە و هۆکاری چی بووە و گفتوگۆ بکەن دەربارەی هەموو بابەتەکان بەم شێوەیە زووتر دەتوانن چارەسەری حاڵەتەکە بکەن.

ڕوونیبکەرەوە بۆ هاوسەرەکەت کە هەرگیز ناتەوێت درۆت گوێ لێ بێت

کاتێک بە هاوسەرەکەت دەڵێیت کە کێشە نییە و ڕاستییەکە بڵێ، واتە پێی دەڵێیت بە هیچ شێوەیەک نامەوێت درۆم لە تۆوە گوێ لێبێت ئەگەر بێت و ڕاستییەکەش چەند تاڵ بێت، بەم شێوەیە متمانەی زیاتر دەدەیت بە هاوسەرەکەت کە زیاتر بتوانێت ڕاستیەکان بڵێت و دووربکەوێتەوە لە درۆ کردن.

پێی بڵێ کە درۆکردن چۆن کار دەکاتە سەر ژیانتان

کاتێک ڕووندەبێتەوە کە درۆیەکی کردووە هەموو شتەکان بخەرە بەردەستی و بۆی ڕوونبکەرەوە کە چۆن درۆکردن دەبێتە هۆی شێواندنی ژیانمان و کاریگەری هەیە.


سەرچاوەکان



1666 بینین